کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی و پێوەندیی لەگەڵ سیاسەتە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم

13:29 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: نرخی دۆلار لە ئێراندا لە ماوەی یک ساڵدا لە ١٤ ڕیاڵ بۆ ١٢٠ هەزار ڕیاڵ دابەزیوە و سیاسەتی هەڵە و تێرۆری ڕێژیم، یەکێک لە هۆکارەکان بووە.

ئابووری ڕێژیمی ئێران، لە سەرەتاوە بە دەستی کەسانی ناشارەزا و لە سەرووی هەموویانەوە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران کەوتە سەرەولێژی، هەتا جێگایەک کە خومەینی لە قسەیەکی خۆیدا بۆ چارەسەریی کێشەی ئابووری کوتی: "ئابووری هی کەرە".

هەڵبەزدابەزینی سیاسیی لە ئێراندا و بوونی کێشەکان بە قەیران، بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخی دۆلار لە ئێراندا لە ڕەوتی مێژوودا بەردەوام دابەزین بە خۆیەوە ببینێت.

لە ماوەی ساڵانی ١٣٣٠ هەتا ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە، نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە بووە و نرخی هەڵاوسانیش بە هەمان شێوە بەرەبەرە زیادی کردووە.

لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران، نەتەنیا نرخی ڕیاڵی بەرز نەبووەوە بەڵکوو لە کۆتاییی هەمان ساڵدا دۆلار لە نرخی ٧٠ ڕیاڵی بوو بە ١٠٠ ڕیاڵ و نرخی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاری ئامریکادا ٤٣ لەسەد دابەزیوە.

هۆکارە سیاسییەکانی وەک "بارمتەگیریی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران و دەسپێکی شەڕ، شەڕی کوەیت، ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران،گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئێران" و چەندین هۆکاری دیکەی سیاسی بووەته هۆی ئەوەی کە نرخی دۆلار بەردەوام دابەزین بە خۆیەوە ببینێت.

یەکێک لەو هۆکارانە کە بوو به هۆی ئەوەی کە نرخی دۆلار بەرز بێتەوە و سیاسەت و ڕێژیمی ئێران بکەوێتە قەیرانەوە، پەروەندەی میکۆنوس بوو.

دادگای ئاڵمان خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، لە بڕیارێکی مێژووییدا ڕێبەرانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بە تێرۆریست ناساند و سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران تووشی قەیرانی سیاسی بوو لە بواری ئابووریش دابەزی.

لە دوای دادگای میکۆنۆس، ئابووریی ڕێژیمی ئێران، کە خۆی ڕووی لە داکشان بوو، هەڵاوسانی ١٧.٣ لە سەدی و بێکاریی ١٣.١ لەسەدیش بووە هۆی دابەزینی بەهای ڕیاڵ.

دوکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، لە ڕێستورانی میکۆنۆس لە شاری بێرلین، لە کاتی دانیشتن لەگەڵ ئۆپوزسیۆنی ئێرانی، لە لایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کران.

 دواتر لە لایەن دادگای ئاڵمانەوه،  عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی‌ئەکبەر ھاشمیی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئەوکات) و عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کات) وەک بکەرانی ئەو تێرۆرە ناسێندران.