کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵدانەکان سفرەی بەشێک لە خەڵکی ئێرانن

12:20 - 15 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دیاردەی هەژاریی لە ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێک، کە بەشێک لە خەڵک لە پاشماوەی زبڵدانەکان خۆیان تێر دەکەن.

لە گرتە ڤیدئۆییەکدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، لاوێکی تارانی بە گەڕان لە نێو زبڵدانێکدا، پاشماەوی خواردەمەنییەکان هەڵدەگرێت و دەیخوات، ئەو گرتە ڤیدئۆییە کە بەخێرایییەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست بووە، ناڕەزایەتیی خەڵکی بە دواوە بووە.

هاوشێوەی ئەو گرتە ڤیدئۆییە، هەتا ئێستە زۆرجار لەو چەشنە فیلم و وێنانە بڵاو بووەتەوە، کە خەڵک لە زبڵدانەکان دەژین یان لە نێو زبڵەکاندا بە دوای پاشماوەی خواردەمەنییەکان دەگەڕن، هەتاکوو لە برسیەتیدا نەمرن.

خاڵی بەرچاوی ئەو گرتە ڤیدئۆییە، لاو بوونی ئەو کەسەیە کە بۆ دابینکردنی ژەمێکی ڕۆژانەی ڕووی لە زبڵدانەکان کردووە، کە وێنەیەکی دڵتەزین و ناخهەژێنە، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا کە لە بواری ژێرخانە ئابوورییەکاندا دەوڵەمەندە و پستانی ئەوەی هەیە کە خەڵکی ئەو وڵاتە لە باشترین ئاستی ژیان و خوشگوزەرانیدا بژین.

دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژە مرۆیییەکانی، بەتاڵانبردنی داهاتی ئەو وڵاتە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداریەتیی خۆیان و پێشبردنی سیاسەتی داگیرکاریی و تێرۆر لە ناوچەکەیە، کە هەژاریی خەڵکی ئێران و سەرهەڵدانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت دیاردەی زبڵخۆریی لێ کەوتووەتەوە.

هەرچەند ڕێژیم ئامارێکی ڕوون و ڕاستەقینەی لە کێشە و گرفتەکانی نیو ئێران بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە شێوەی جیا جیا بڵاو کراوەتەوە، ٨٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان.