کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزاکانی سەر ئێران و لێکەوتەکانی

13:20 - 13 جۆزەردان 2718

تالب قەیسەری

کاتێک لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥دا رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ واژۆ کرا زۆرکەس لەو باوەڕەدا بوون کە ئیدی بەو رێککەوتنە دەتوانرێ فراوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆنتڕۆڵ بکرێ، لەهەمان کاتیشدا بەشێک لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت کۆماریخوازانی ئامریکا و ئیسرائیل و سعودیە و تایبەتی تر ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی دژی رێککەوتنێکی لەو چەشنە بوون و لەو باوەڕەدا بوون لە ئەنجامی رێککەوتنێکی لەو شێوەیەدا و بە ئازادکردنی پارە بلوکەکراوەکانی ئێران دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئاوەڵاتر دەبێ بۆ کاری تێکدەرانە و نانەوەی ئاژاوەی زیاتر لە وڵاتانی دەوروبەر و پڕچەک‌کردنی دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لە دەرەوە بۆ ناسەقامگیری زیاتر و دژایەتی نەیارانی رێژیم و بەئامانج گرتنی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا. ئەم نیگەرانییانە وای کرد دوای هاتنەسەرکاری ترامپ و تەنانەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ترامپ بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکی ئامریکا دا کە یان ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێنێتەوە یان هەمواری دەکاتەوە، هەر لەراستای ئەو سیاسەتەیدا دانڵد ترامپ لە ٢٠١٨/٥/٨ واتا ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧دا بەفەرمی لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و رایگەیاند بەهۆی ئەو کەموکوڕییانەی لەو ڕێککەوتنەدا هەیە ئامریکا دەکشێتەوە.

چەند رۆژ دواتر مایک پۆمپێئۆ لەکاتی راگەیاندنی ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی لەبەرانبەر ئێراندا وتی ئەو ڕێککەوتنە بەهۆی کەموکوڕییەکانیەوە بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیهان، هەروەها ئەوەشی راگەیاند کە پاڵپشت بەو زانیاریانە کە دەزگای هەواڵگری موساد لە ئێران بەدەستی هێناوە کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لە هەوڵی ئەوەدایە چەکی ناوکی بەرهەم بێنێت و ئێران نیەتی خراپی هەبووە لە مانەوە لەو ڕێککەوتنەدا، هەروەها ئەوەشی وت کە ئەم ڕێککەوتنە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئێران لە توانای دروستکردنی مووشەکی بالستیکی بوەستێنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە. هەر لەم راستایەدا دوازدە مەرجی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کرد کە بەجێبەجێ کردنی ئەم مەرجانە دەکرێ پێوەندییەکانی نێوانیان ئاسایی بکرێتەوە و بەم شێوەیە ئێران دەتوانێ بگەڕێتەوە نێو مەیدانی ئابووری جیهانی و دەستی بە تێکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بگات، بەم چەشنە ئێران دەکەوێتە بەرانبەر دووڕیانییەکی یەکلاکەرەوە.

یەکەم: بەجێبەجێ کردنی ئەم مەرجانە ئێران دەتوانێ رێژیم و دەسەڵاتەکەی لە لەنێوچوونی لانیکەم کورتمەودا رزگار بکات کە لەم حاڵەتەدا پێویستە لانیکەم بنەماکانی دێموکراسی لە وڵاتەکەیدا جێبەجێ بکات کە خۆی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بەشێوەی دێموکراتیک دەبینێتەوە کە دەبێ رێز لە خواستی هاووڵاتیانی ئێران بگرێت و مافی کەمە نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران لەبەر چاو بگرێت و یەکسانی و دادپەروەری واقعی لە هەموو سێکتەرەکاندا رەچاو بکات کە لەڕاستیدا ئەم گۆڕانکارییە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ئەتوانم بڵێم نەک هەر نامومکین بەڵکوو بڤەیشە، چونکە ئەم کرانەوە لە ناوخۆ دەبێتە هۆی سەرئێشەیەکی کەمەرشکێن بۆ رێژیم و لەناوەوە دەیپووکێنێتەوە، لەبەر ئەوەیکە رێژیم تەحەمولی ئەو شێوە ئازادییە ناکات و لەگەڵ ماهییەتی ئەو رێژیمەدا ناگونجێت، لە هەمان کاتیشدا کرانەوەیەکی وا نابێ تەنیا لە ناوخۆی ئێراندا بەدی بکرێت بەڵکوو ئەبێ رێژیم دەرگاکانی بەڕووی دونیای دەرەوەدا بکاتەوە و کۆمەڵگای جیهانی لەوپەڕی ئازادیدا بتوانن ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆی ئێران بن بەتایبەتی بارودۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی تاک و رێکخراوەکان و وەزعی نەتەوە بندەستەکان، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لە کرانەوەیەکی وەها دەترسێ لە شەڕێکی راستەوخۆ ناترسێ، لەلایەکی دیکەوە ئیمتیازدانێکی وا دەبێتە مایەی ئابڕووچوونێکی وەها بۆ کۆماری ئیسلامی لە نێو کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بەتایبەت لە نێو وڵاتانی شیعەی ناوچەکەدا کە وەک رێبەر و پارێزەری ئەوان خۆی ناساندووە، بەم شێوەیە ئەبێ لەو ئیستراتیژییەی خۆی کە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بووە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی پاشەکشە بکات کە بەدرێژایی چل ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی هەوڵی بۆ داوە و تا رادەیەکیش توانیویەتی ئەو بەرنامەیەی لە چەند وڵاتێکی وەک لوبنان، یەمەن، سوریا و عێراقدا بەپراکتیک جێبەجێ بکات و لەراستیدا هێژمونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت و لە وڵاتانی وەک بەحرەین و سعودیە لە رێگەی گرووپە شیعەکانی ئەو وڵاتانەوە تا رادەیەک بووەتە هۆی دروستکردنی ئاژاوە و ناسەقامگیری لەو وڵاتانەشدا. وازهێنان لە دژایەتی ئامریکا و ئیسراییل و هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەکە و کۆتایی‌هێنان لە پشتیوانیکردن لە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی و کۆتایی‌هێنان بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە وەک سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق و بەحرین و سعودیە و رێگەخۆشکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و وازهێنانی یەکجارەکی لە مەسەلەی ناوکی(ئەتۆمی) کە بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی پارەی خەڵکی ئێرانی تێدا سەرف کردووە و هەروەها دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی مووشەکی بالستیکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، هەموو ئەمانە خۆی لەو مەرجانەدا ئەبینێتەوە کە ئامریکا رووبەڕووی ئێرانی کردۆتەوە و داوای لێکردووە کە پێوەی پابەند بێت.

دووەم: سناریۆی دووهەم ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەند نەبێت بە هیچکام لەو مەرجانەی کە ئامریکا بۆی دیاری کردووە، مایک پۆمپێئۆ رایگەیاند ئەگەر ئێران ئەو مەرجانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆی دیاری کردووە قبووڵ نەکات و پێیانەوە پێبەند نەبێت ئەوە رووبەڕووی توندترین سزای ئابووری دەبێتەوە لەلایەن ئامریکاوە کە لە مێژوودا گەمارۆی وا بەسەر هیچ وڵاتێکدا نەسەپاوە، هەروەها مایک پۆمپێئۆ رایگەیاند: ئامریکا سەری ئەو گرووپ و رێکخراو و ملیشیا تیرۆریستانە پان دەکاتەوە کە ئێران پاڵپشتییان لێدەکات. لە حاڵەتێکی وەهادا سەپاندنی سزای ئابووری زیاتر بەسەر رێژیمدا کە لە ئێستادا لە ناوخۆ تووشی داڕمانێکی ئابووری بێوێنە بووەتەوە بێگومان هەرەسهێنانی یەکجارەکی ژێرخانی ئابووری رێژیمی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بێکاری و داخستنی زیاتری کارگە و کارخانە و پیشەسازییەکان و برسێتی زیاتر و سەرەنجام سەرهەڵدانی نارەزایەتی بەرینی خەڵکی ئێرانی بەنیسبەت رێژیمەوە لێدەکەوێتەوە، لەلایەکی دیکەوە گەمارۆکان سێکتەری نەوت و پیشەسازی فڕۆکەوانی رێژیم دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بێتە خوارەوە و تەنانەت ئەو رێژە نەوتەی کە ئێستا دەیفرۆشێ دەگاتە نیوە و رەنگە کێشەی گەورەشی بۆ دروست ببێت لە وەرگرتنەوەی پارەی ئەو نەوتە کە دەیفرۆشێت چونکە ئەو بانکانەی کە لەگەڵ رێژیم یان بانکە ئێرانییەکاندا ئاڵوگۆڕی دراو بکەن دەکەونە بەر سزاکانی ئامریکا، لە سێکتەری پیشەسازی نەوتدا کەرەستەی پێویستی دەست ناکەوێ تاکوو پەرە بە پیشەسازی نەوت بدات، بە هەمان شێوە بەشی فڕۆکەوانی لەکار دەکەوێ، بۆ نمونە ترامپ فەرمانی بە خەزێنەی وڵاتەکەی داوە کۆتایی بەو کۆنتراکتانە بێنن کە بۆ فرۆشتنی سەد فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئەیرباس و هەشتا فڕۆکەی بوئینگ لەگەڵ ئێران بەستوویانە کە تا ئێستا تەنیا سی فڕۆکەیان داوەتە ئێران.

لەلایەکی دیکەوە ئەم گوشارە ئابوورییانە دەبنە هۆی بەتاڵ بوونەوەی خەزێنەی کۆماری ئیسلامی و سەرەنجامیش نەبوونی پارەی پێویست لەدەست رێژیمدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێ وەک پێویست دەمی گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان چەور بکات، بەم شێوەیە مەودای مانۆڕدان و رمبازێنەکانی لە ناوچەدا سنووردار ئەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەم چەکەی بەدرێژایی چل ساڵ تەمەنی وەک بەهێزترین چەک دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی خۆی بەکاری هێناوە، نموونەی هەرە دیاری پشتیوانیکردن لە حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دژی ئیسرائیل و تەقاندنەوەی مەقەڕی چەکدارانی ئامریکا لە لوبنان لە ٢٣ی ئۆکتۆبری ١٩٨٣ کە بووە هۆی کوژرانی ٢٤١ نیزامی ئامریکایی و ٥٨ نیزامی فەڕانسەوی و ٦ کەسی سڤیل، تەقاندنەوەی ناوەندی هاوکاری یەهودییەکان لە ئارژانتین لە ١٨ی ژوئیەی ١٩٩٤ بەرانبەر بە ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ کە بووە هۆی کوژرانی هەشتاوپێنج هاووڵاتی یەهودی، هەروەها کوشتن و تیرۆری دژبەرانی رێژیم لەرێگەی ئەم رێکخراوانەوە کە نموونەی هەرە دیاریان شەهیدکرانی دوو رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ لە وڵاتی ئۆتریش و تیرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی لە وڵاتی ئاڵمان و تیرۆری شاپور بەختیار و فەرەیدون فەڕۆخزاد و عەبدولڕەحمان برومەند و سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستان و دژبەرانی رێژیم لە دەرەوەی وڵات، ئەمانە سەرباری بەرینتر بوونەوەی ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەکانی ناوخۆ و لەلایەکی دیکەشەوە لاوازی باری ئابووریی رێژیم دەبێتە هۆی ئەوەی رێژیم نەتوانێ وەک پێشتر جاش و سیخوڕ و بەسیجی و مرۆڤکوژەکانی لە ناوخۆی وڵات تێر بکات و بیانخاتە گیانی خەڵکی ناڕازییەوە.

پاش رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ لە هاوینی ٢٠١٥ زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئەوروپییەکان روویان کردە ئێران و لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا دەستیان دایە وەبەرهێنان، بەڵام پاش کشانەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتنە سەرەڕای ئەوەیکە وڵاتانی بەشدار لەو ڕێککەوتنە دەڵێن ئێمە پابەند دەبین بە بەڵێنەکانمان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام خەریکە بەرەبەرە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەوروپایی لە ئێران دەکشێنەوە کە نمونەی هەرە دیاریان کۆمپانیای تۆتاڵی فەرانسە بوو کە حەوتووی رابردوو رایگەیاند ئێمە چیدیکە ناتوانین درێژە بەکارەکانمان بدەین لە ئێراندا چونکە سزاکانی ئامریکا ئەوانیش دەگرێتەوە، هەروەها کۆمپانیایەکی روسیاش کە لە بواری نەوت کار دەکات رایگەیاندووە کە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە نایانهەوێ لە ئێراندا کار بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەکاتی راگەیاندنی ستراتیژی وڵاتەکەی لە بەرانبەر ئێراندا داوای لە وڵاتانی ئەورووپایی، ئوسترالیا، ژاپۆن، هێند و سعودیە کرد کە پاڵپشتی لیستە دوازدە خاڵییەکەی ئامریکا بکەن کە رووبەڕووی ئێرانی کردۆتەوە، لەم رووەوە مایک پۆمپێئۆ رایگەیاند ئێمە لەوە تێدەگەین کە جێبەجێ کردنی سزاکان لەسەر ئێران دەبێتە هۆی زیانی ئابووری لەسەر هەندێک لە دۆستەکانمان، بەڵام دەبێ هەموو لایەک ئەوە بزانن کە ئێمە سزای هەموو ئەو وڵاتانە دەدەین کە هاوکاری ئێران دەکەن. هەرچەند ئەوروپییەکانی بەڵێنی ئەوەیان بە ئێران داوە کە لە بەرجامدا دەمێننەوە، بەڵام پێناچێت بتوانن ئەو بەڵێنانەیان ببەنە سەر، تەنانەت لەبەرانبەر گوشارەکانی ئامریکادا ناتوانن زەخت لەسەر کۆمپانیاکانی خۆشیان دروست بکەن کە لە ئێراندا کار دەکەن، بەم جۆرە وڵاتانی ئەوروپایی کەوتوونەتە نێوان بەرداشی ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ئێراندا کە دیارە هیچکات ئەوروپییەکان ئەو قازانجەی لە ئاڵووێرە بازرگانییەکان لەگەڵ ئامریکا هەیانە کە خۆی لە سەرەوەی ٦٣٠ میلیارد دۆلار دەبینێتەوە ناکەنە قوربانی ٢٥ میلیارد دۆلار بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

مەسەلەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئایا ئامریکا تەنیا بەو مەرجانە کە بۆ ئێرانی داناوە قەناعەت دەکا یان لە ستراتیژدا دەیهەوێ رووبەڕووی ئێران ببێتەوە؟

هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایگەیاند ئامریکا بەجیددی کار لەسەر ئەوە دەکا چەندین وڵاتی جیهان لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتییەک کۆبکاتەوە دژ بە ئێران و دەستوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناویندا، هەروەها رایگەیاند ئەو هاوپەیمانەتییە تەنیا بۆ بابەتی رێککەوتنی ئەتۆمی نییە بەڵکوو چاودێری وردی ئێران دەکات لەسەر ئەو هێژمۆن و دەستوەردانانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا دەیکات و بوونەتە مەترسیی جیهانی، هەروەها وتی ئەو هاوپەیمانەتییە دژی گەلی ئێران نییە و پێویستە گەلی ئێران لە ڕێژیمی ئێران جیا بکرێتەوە _هەروەک ترامپ خۆیشی چەندین جار رایگەیاندووە کە ئامریکا پشتیوانی لە خواستی گەلانی ئێران دەکا و ئەوان بە سزاواری باشترین ژیان دەزانێ_، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وتەکانیدا نمونەی هاوپەیمانی دژی داعشی هێنایەوە، بەڵام روونی نەکردەوە ئایا ئەو هاوپەیمانیە لایەنی سەربازیش دەگرێتەوە یان نا، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە لە ئەگەری رازی نەبوونی ئێران بە مەرجەکانی ئامریکا بەرەبەرە مەسەلەی نیزامیش بێتە گۆڕێ چونکە ئەم گەمارۆیانە زیاتر لەو گەمارۆیانە ئەچن کە کاتی خۆی ئامریکا لە ساڵی ١٩٩١ بەسەر رێژیمی بەعسی عێراقیدا سەپاند و بە ڕادەیەک لاوازی کرد کە لە هێرشی هاوپەیمانان بە رێبەرایەتی ئامریکا لە ٢٠٠٣دا تەنانەت هێزە وەفادارەکانیشی بەرگرییان لێنەکرد و لە ماوەی چەند مانگێکدا ئاسەوارێک لە حکومەتی بەعس نەما. هەرچەند تا ئێستا ئامریکا بەفەرمی راینەگەیاندووە کە ئامانجی گۆڕینی سیستمی کۆماری ئیسلامییە کە رەنگە ئەمەش بۆ نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی گونجاو بگەڕێتەوە کە لانیکەم تا ئێستا بوونی نییە، بەڵام لە لێدوانی بەرپرسانی ئامریکادا وادیارە گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەن کە دەکرێ بە جیددی کاری لەسەر بکرێ.

لەلایەکی دیکەوە بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی رایگەیاند: گۆڕینی رێژیمی ئێران ئامانجی ئێمە نییە، بەڵام ئەوە هەر روودەدات. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەنسبەت کۆماری ئیسلامییەوە روویداوە چونکە ئامریکا بوونی ئەو رێژیمە لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەکۆسپ دەزانێ لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی خۆی و هەروەها بە سەرئێشەیەکی گەورەشی دەزانێ بۆ هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.