کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەسەر ٢٨ی گەلاوێژ لە شاری سێلمانی بەڕێوە چوو

12:19 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی به بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی فەرمانی جیهادی خومەینی لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەرکردنی فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، سێمینارێکی تایبەتی لە هۆڵی ناوەندیی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەڕێوە برد.

سێمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێ کرد.

دواتر "سامان ڕیشەساحیب" ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، پەیامی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژەوە خوێندەوە.

پاشان سێمنیارەکە بە پێشکەشکاری "فەرزین کەرباسی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەستی پێ کرد، کە لە پێنج پانێلدا بەڕێوە چوو. تەوەری پانێلەکانی سێمینارەکە بریتیبوون لە:

ـ هۆکارەکان و دەرەنجامەکانی ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و شۆڕشی کوردستانی ئێڕان کە لە لایەن "محەمەدنەزیف قادری" بەرپرسی نووسینگەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

ـ نەبوونی گوتاری هاوبەشی حیزبەکان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بەرامبەر بە ڕێژیم، کە ئەم پانێلەش لە لایەن "هێمن بایەزیدپوور" بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

ـ ئایا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەوکاتە و ئەمڕۆی کوردستانی ئێران ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوی وەها هەیە؟ و ڕێکاری بەرگیری لە دووپاتبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە چییە؟ کە ئەم پانێلە لە لایەن "ئیسماعیل شەرەفی" بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

ـ چۆنییەتی دەرکردنی فەرمانی جیهاد و ڕەهەندەکانی بەردەوامی پێبەخشینی، کە لە لایەن  "شۆڕش حاجیـ"ـیەوە بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی کوردستانەوە پێشكەش کرا.

ـ شێواز و ئامانجی بەرەنگاربوونەوە، هەیئەتی هاوبەشی کورد لەو سەردەمەدا و پرسی دانوستان لە ئەمڕۆدا کە ئەم پانێلەش لە لایەن "ساڵح شەریفی" بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

دوای پێشكەشکردنی تەوەر و ناوەرۆکی هەر کام لە پانێلەکان، بەگەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازییان لێ کرا.

دوابڕگەی سێمینارەکە، بۆ پرسیار و تێبینی و سەرنجی بەشداربووان دەربارەی ناوەرۆکی هەرکام لە باسەکان تەرخان کرابوو.

لەو بەشە لە سێمینارەکەش‌دا بەشداربووان لە تێبینی و سرنج و پرسیارەکان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و هەر کام لە باسکارەکانیش پرسیارەکانی پەیوەست بە خۆیانیان وڵام دایەوە و دواجار سێمینارەکە لە کەشوهەوایەکی گەرم و خۆمانییانە کۆتایی پێ هات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی

١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی