کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پارتی سووسیالیستی کوردستان- باکوور سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

12:41 - 31 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی سووسیالیستی باکوور، بە سەرپەرەستیی مەسعوود تەک، سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبیان کرد.

بەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سووسیالیستی کوردستان ـ باکوور، بە سەرپەرەستیی بەڕێز مسعوود تەک، سکرتێری گشتیی PSK ، سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبیان کرد و لە لایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازیان لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا بەڕێز مەسعوود تەک، لەسەر دوایین ڕووداوە سیاسییەکانی تورکیە و ئاکامی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی تورکیە و ئالوگۆڕ لە سیستمی پارلەمانی و سەرۆکاتی ئەم وڵاتە، لەمپەرەکانی سەر ڕێگای ئەو ئاڵوگۆڕە و دەوری کورد لەو پرۆسەیەدا قسەی کرد و سەرنج و ڕوانینی خۆی خستە بەرچاوی شاندی حیزبی دێموکرات و وتی: لەم پرۆسەیەدا، کورد و پارتە سیاسییەکان، پێویستە بە لێکدانەوەیەکی نوێیەوە داخوازییەکانیان بخەنە بەرباس و بە یەکیەتی و یەکگرتوویییەوە ئەم پرۆسەیە ڕەچاو بکات.

پاشان مستەفا هیجری وێرای خۆشحاڵیدەربڕینی حیزب لە سەردانی وەفدی میوان باسی لە هۆکارەکانی بەئاکام نەگەیشتن لە هەڵبژاردنەکان کرد و وتی: پێویست بوو HDP و لایەنەکان بە یەکگرتووانە بەشداریی لەو هەڵبژاردنانە بکەن.

لەو پێوەندییەدا مەسعوود تەک هۆی پەککەوتنی ئەو مەسەلەیەی باس کرد و وتی: HDP پێویستە بە سیاسەتێکی نوێیەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد لە باکوور هەڵسوکەوت بکا و واقیعی سیاسیی لە تورکیە و کوردستانی باکوور ببینێ.

دوای ئەو باسە لەسەر تورکیە و باکوور، مستەفا هیجری لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرۆسەی ڕاسان و خەبات و تێکۆشانی حیزب لە نێوخۆی کوردستان، هاوکاریی کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکان و ئەو قەیرانانەی ڕێژیم لە ئاستی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە بەتایبەت تەحریمە نوێیەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران و شوێندانەریی ئەو تەحریمانە لەسەر سیستمی سیاسی و ئابووری ڕێژیم و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک بە وردی قسەی کرد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هاوکاری و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وەک هەنگاوێکی ئەرێنی ئاماژەی پێ کرد.

دوای ئەو باسە، لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە،  مەسعوود تەک سەرکەوتنی زیاتری بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئاوات خواست و ڕایگەیاند: سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات و چالاکتر بوونی بزووتنەوەی نیشتمانی کورد لە ڕۆژهەڵات یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی کورد بەگشتی، لە کۆتاییدا لەسەر پێوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردەوە.

دوای ئەو هەڵوێستە دۆستانەی مەسعوود تەک، مستەفا هیجری سپاسی ناوبراو و شاندی هاوڕێی کرد.