کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران وڵامی ترامپی دایەوە

11:30 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت داواکاریی ترامپ بۆ دانوستان لەگەڵ ڕیژیمی ئێران دژکردەوە و هەڵویستی توندیان گرتۆته بەر.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، پاسدار "محەممەد عەلی جەعفەری" فەرماندەی گشتیی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران پێشنیاری دانڵد ترامپ، سەرۆکی ئامریکای بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ تاراندا ڕەت و جەختی کردووەتەوە، ئێران کۆرەی باکوور نییە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوو لە داواکارییەکەی ترامپ گوتوویەتی: "ئێوە ئەو ئارەزوویە لەگەڵ خۆتان دەبنە نێو قەبر کە بەرپرسانی ئێرانی داوای دیدار لەگەڵ تۆ بکەن یا خەڵک ئیزنی ئەوەیان پێ بدات لەگەڵ ئێوە دیدار بکەن. هەرگیز ڕۆژێکی وا نابین. ئێوە هەر ئەو جۆرە لە کۆشکە ڕەشەکەتاندا دانیشن و لە خەوەنی ئەوەدا بن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دیدار بکەن".

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەرۆکی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ ئێران دەربڕی.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە پەیامێکی تویتێریدا کاتی دوابڕیاری خۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی بەرجام لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی سێشەممە دیاری کرد و لە کاتی دیاریکراودا لە پێش کامێراکان بڕیاری مێژوویی خۆی واژۆ کرد و ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو ساتەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشاوەتەوە.

ترامپ لە کاتی دانی بڕیاری کشانەوە لە بەرجام ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنامەی ناوکی کە بە بەرجام ناسراوە نەیتوانی پێش بە زێدەخوازییەکانی ئێران بگرێت، ئێران بووەتە پاڵپشتی سەرەکیی تیرۆریزم لە جیهان و لەهەمان کاتیشدا بووەتە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵکی بەڕێزی ئێران؛ هەروەها باسی لەوە کرد، بێگومان خەڵکی ئێران شایانی حکوومەتێکن کە ڕێز بۆ ویست و ئارەزووەکانیان دابنێت، ئەگەرچی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەتا ئێستا دووپاتیان کردووەتەوە کە ئامادەی وتووێژێکی دیکە نابن، بەڵام ئەوە بەم شێوە نییە و بە دڵنیاییەوە ئەوان بە دوای ڕێککەوتنێکی دیکەدا دەکەون و ئەو کاتەی کە ئەوان حازر بوون ئێمەش لەگەڵیان دانیشتن دەکەین، بۆ ڕێککەوتنێک کە بە سوودی هەموو جیهان بێت".