کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی سپای پاسداران دانی بە یارمەتیدانی میلشیا حووسییەکانی یەمەندا نا

11:53 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هێرشی ٣ی گەلاوێژ، لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە، بۆ سەر نەوتکێشەکەی سعوودییە بە فەرمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ، ناسر شەعبانی، فەرماندەی سپای پاسداران، لە لێدوانێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە سپای پاسداران، دانی بەوەدا نا، کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنە و ڕایگەیاند: "بە یەمەنییەکانمان وتووە، کە لەو نەوتکێشە سعوودییە بدەن، ئەوانیش لێیان داوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: کە سپای پاسداران بە نوێنەرایەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پشتیوانیی لە حووسییەکانی یەمەن دەکات.

ماوەیەک دوای بڵاو بوونەوەی قسەکانی "ناسر شەعبانی"، بە شێوەیەکی خێرا لە ئاژانسی هەواڵدەری فارس  قسەکانی ناوبراو ڕەش کرانەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژدا بڵاو کرایەوە، بەڵگەی نوێ لەسەر هاوکاریکردنی حووسییەکانی یەمەن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرابوو.

لە ڕاپۆرتی کارناسان بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتبوو: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەناردەکردنی مووشەکە بالستیکییە کورتبڕەکان و کەرەستە جەنگییەکانی دیکە، لە دوای گەمارۆی چەکوچۆڵەکانی سەر ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەردەوام بووە".

هەروەها لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو: "ئەو چەکانەی کە حووسییەکان بەکاریان هێناوە، لە لایەن کارناسانەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و دەرکەوتووە، کە ئەو چەکانە لەگەڵ چەکە بەناوبانگەکانی دروستکراوی دەستی ڕێژیمی ئێران هیچ جیاوازییەکیان نییە".

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە بە بەردەوامی سەرانی ڕێژیم، هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن ڕەت دەکەنەوە.