کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس: لە پاڵ خەڵکی ئێران ڕاوەستاوین

11:52 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی ئامریکا نیگەرانی خۆی  لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕی.

 ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئامریکا لە تویتێکدا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی  ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران  گرت و ڕایگەیاند: "بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن حكومەتەوە دژی خەڵکی ئەم وڵاتە جێگەی قەبوڵ نییە، خەڵکی ئێران ئەو مافەیان هەیە دژایەتی حکومەتێک بکەن کە بە میلیارد دۆلار پارە سەرفی پشتیوانی لە دیکتاتۆرە بێڕەحم و تێرۆریستەکان دەکات لە کاتێکدا دەنگی خەڵکەکەی بۆ هەبوونی کار، پێدانی دەرفەت و ئازادی زۆر بەرزە. ئێمە لە پاڵ خەڵکی ئێراندا ڕاوەستاوین".

هەرهەمان ڕۆژ مایک پۆمپێئۆ لە تویتێکدا جەختی لە ڕەوا بوونی خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ئێراندا لە دژی گەندەڵی و ستەمی حکومەتی کردەوە و داوای لە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کرد کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا و دوای دابەزینی بەرچاوی نرخی ڕیاڵ،  خراپی بارودۆخی ئابووری، گرانی و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی دراوە بیانییەکان و سکە، لە ژمارەیەک لە شارە گەورەکانی ئێران خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان بەو بارودۆخە نالەبارە دەربڕی و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان وتەوە کە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بەتوندی سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەریان کرد.