کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە نیسبەت هەڕەشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا

14:24 - 5 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەنداروێکدا لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە تێرۆریستییەكانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران هۆشداری دا و داوای له ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆنسولی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان کرد، دژی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران هاوکاریمان بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

سیاسەتی تێرۆر و ڕەشەكوژی یەكێک لە پێناسە و سیاسەتە نەگۆڕەكانی سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریەتی، ئەو مێتۆد و شێوەیەی لە دژی نەیاران و دژبەرانی خۆی بەكار بردووە و لە مێژوودا نموونەی زۆر دیار لە بردنەپێشەوەی ئەو سیاسەتە هەیە كە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری ئەندامانی كۆمەڵە، سازمانی خەبات و حیزبی دێموكرات بكەین كە لە ساڵی ١٩٩١وە هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ كەسی لە ئەندامانی ئەو حیزبانە لە رێگەی تۆڕە تێرۆریستەكانیەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان تێرۆر كردووە.

لە نموونەی دیارتردا دەتوانین ئاماژە بە ساڵی ١٩٩٦ بكەین كە هێزێكی سەدان كەسیی سپای پاسداران بە چەكی قورس سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقی بەزاند و كەمپی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە شوێنی نیشتەجێبوونی ژن و منداڵە، کەوتە بەر ئاوری تۆپخانە و چەكە قورسەكانیان و بنەماڵەكانی ئاوارەی شاری هەوڵیر كرد و زیانێكی زۆری بە خەڵكی بێ‌ چەک و كەمپەكەیان گەیاند.

لە ٣ ساڵی ڕابردووشدا چەندین تاوانی تێرۆریستی و بۆمبدانانەوە  لەسەر بنكەكانی ئەو حیزبانە بەڕێوە چووە كە لە ئاكامدا كۆمەڵێک خەڵكی بێ تاوان كوژران و بریندار بوون. هەروەها چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش شەهید بوونە كە دیارترینیان كردەوە تێرۆیستییەكەی بەردەم بارەگای حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو كە تێیدا ٧ پێشمەرگە شەهید بوون .

تۆپباران و مووشەكبارانی سنووری نێوان كوردستانی ئێران و عێراقیش وەک یەكێک لە ڕێگەكانی زیانگەیاندن بە حیزب و لایەنەكانی كوردستانی ئێران، هەمیشە پەیڕەو كراوە و لەدواترینیان لە ڕێكەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی (١٧ی جولای ٢٠١٨) دوو پێشمەرگەی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران شەهید بوون. 

هەموو ئەو ڕاستیانە ئەو پەیامەمان پێ دەدەن كە پێویستە لە بەرانبەر سیاسەتە شەرئەنگێز و تێكدەرانەكانی ڕێژیمی ئێران  نابێ غافڵ بین و زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێوستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی که دەسەڵاتی دیكتاتۆریەتی تاران تێیكەوتووە، بكەین. 

ئێستاش كە لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک سەبارەت بە سیاسەتە هەڵەكانی كۆماری ئیسلامی بەرز بووەتەوە، ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەكردنی بیروڕای گشتی و ڕاكێشانی سەرنجی ئەوان بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئامادەكاری و پیلانی بەرفراواندایە بۆ هێرشكردن بۆ سنوورەكانی كوردستان بە مەبەستی زەربەوەشاندن لە هێزەكانی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و پێكهێنانی تەقینەوە و ترۆر و تۆقاندنی ژن و منداڵی نێو كەمپەكانی نیشتەجێی ئەوان لە كوردستانی عێراق.

بۆ ئەو مەبەستە پرۆپاگەندەیەكی زۆری لە ڕاگەیاندنەكانی خۆی بە مەبەستی خۆشكردنی زەمینەی ئەو هێرشە دەست پێكردووە. نموونەكەی راپۆرتێكە لە ناوەندی خەبەریی "تسنیم"‌ـی سەر بە سپای پاسداران بڵاوی كردوەتەوە.  

ئێمە ٥ حیزبی ئوپۆزیسیۆنی كوردی ئێران كە لە (ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران) پێكەوە كاری هاوبەش دەكەین، داوامان ئەوەیە، وێڕای ئاگاداربوون لە پیلانی دەستدرێژیە بەردەوامەكانی ڕێژیمی تاران، هاوكاریمان بكەن بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی دەستدرێژیكەرانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر ڕێگەیەكی گونجاو، پێش ئەوەی ژمارەیەک خەڵكی سڤیل لە سنووری كوردستان یان لە كەمپەكانی كوردە ئاوارەكانی ئێران هەڵکەوتوو لە هەرێمی کۆردستان ببنە قوربانی هەر بۆیە بۆ ئەو مەبەستەش ڕوو لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆنسولی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دەكەین لە هەر جۆرە هاوكاریی و پالپشتیەكی مەعنەوی درێغی نەكەن و پشتیوانمان بن. 

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران