کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیتیکۆ: ئیسڵاحات لە ئێراندا مردووە!

11:52 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بڵاڤۆکی پۆلیتیکۆ لە بابەتێکدا سەبارەت بە نەخش و دەوری بەرەی بەناو ڕێفۆرمخواز لە ئێران بۆ درێژەکێشانی ڕێژیمی تاران باسی لە نەمانی متمانەی ئەم باندە لەلای خەڵکی ئێران کردووە.

لەم وتارەدا هاتووە: ئەگەرچی هەندێک کەس و لەوانەش ئێرانییە ئامریکاییەکان پێیان وایە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کۆمەڵگای ئێران پلانی دەوڵەتی ئامریکایە بۆ "گۆڕینی ڕێژیم" بەڵام کەتوارەکە ئەوەیە کە ئامریکا کەمترین نەخشی لەو ڕووداوانەدا هەبووە و ئەوەی ڕووی داوە قینی پەنگخواردووی ئەو خەلکەیە پاش نیزیک بە ٤٠ ساڵ.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ناڕازییان، خەڵکێکی بوێرن کە لە کۆمەڵێک ئێعترازی مەدەنیدا دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕاساون؛ ئەم ناڕازییانە لە دۆخی هەنووکەیی زاڵ بەسەر وڵاتەکەیان ماندوو بوون؛ ماندوویەتی لە وادە بێ‌بنەما و نێوبەتاڵەکانی لێپرسراوانی ڕێژیم بە هەموو باندەکانییەوە.

بە وتەی نوسەری ئەم بابەتە، ماوەی دوو دەیە ئێرانییەکان هیوایان بە "ئیسڵاحات و ڕێفۆرم" لە ئێراندا هەبوو و زۆرێک لە لێکۆڵەرانیش داکۆکییان لێدەکرد، بەڵام دوایین ئێعترازەکان و درووشمە ڕادیکاڵەکانیان کە باسی لە بێ متمانەیی خەڵک بە باڵەکانی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز دەکرد نیشانی دا کە بەرەی ئیسڵاحخواز بەتەواوەتی شکستییان خواردووە و پێگەیەکیان لە ئاست کۆمەڵگای ئێراندا نەماوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بابەتەدا هاتووە: خەڵکی ئێران پاش چەندین ساڵ وادە و بەڵێنی بۆ ڕێفۆرم لە ئێراندا لەگەڵ داڕمانی بەهاکان و لە بەرەبەری ڕووخانێکی ئابووری و ژینگەیی بەرەوڕوو بوونەتەوە؛ بەناو ڕێفۆرمیستان نەتەنیا لە هێنانەدی هیچ‌کام لە ویستەکانی خەڵک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکوو دەوری سەرەکییان هەبووە لە درێژەکێشانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و لەڕاستیدا ئەم باندەی نێو حکوومەت هاوپیاڵەی باندەکەی تر بوون.

لە کۆتاییشدا هاتووە: سەرکۆماری محەممەد خاتەمی و حەسەن ڕووحانی دەری دەخات کە ئیسڵاحات لە کۆماری ئیسلامیدا مردووە و دەورانیان کۆتایی پێهاتووە.