کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەکانی شاخ لە پووشپەڕی زامداردا پەیمان و وەفایان نوێ کردەوە

14:12 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو بە دەست دیپلۆمات ـ تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، لە چیاکانی کوردستان یاد و ناوی د. قاسملوو و هاوڕێیانیان بەرز و بەڕێز ڕاگیرا.

هێزی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بە بەڕێوەردنی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، ڕستەی "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە"یان سەلماند.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاخ، ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی تایبەتی ١١٥ـەوە، لە یەکێک لە بنکەکانی ‌ئەو هێزە لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتدا، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی پاکی سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل بەتایبەتی شەهیدانی ڤییەن دەستی پێ کرد و پاشان کورتەیەک لە ژیانی پڕ بەرهەمی کاک دوکتور قاسملوو لە لایەن کچە پێشمەرگەیەکەوە خوێندرایەوە.

وتنەوەی سروودی "هەستەوە دوکتوری زانا" بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە پێشمەرگانەیە بوو.

دواتر، چەند قسەیەک سەبارەت بە کەسایەتی و بیرمەندی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە، لە لایەن "غالب حەبیبی" کادری سیاسیی هێزی تایبەت پێشکەش کرا.

هەروەها لە نێوئاخنی بەرنامەکە، پارچە پەخشانێک لە وەسفی مەزنیی ڕۆحی قاسملوو خوێندرایەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند، لەو ڕێوڕەسمە ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ۲۹مین ساڵیادی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەندا، لە لایەن یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبەوە خوێندرایەوە.

دواتر ئاوازێکی بەسۆزی کرمانجی لەژێر ناوی "سڵاو شەهیدان"، لە لایەن یەکێک لە پێشمەرگەکانی شاخ پێشکەش بە ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو کرا.

دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە، پەیمان نوێکردنەوەی پێشمەرگەکانی شاخ لەگەڵ ڕێبازی قاسملوو بوو، کە بە شێوەی سمبۆلیک بە چەند وێنە و وتەی دوکتور قاسملوو ڕازێندرایەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە لە ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی ئەو ڕێبەره مەزنەی کورد، بە دەستی نێردراوانی ڕێژیمی خومەینی بەڕێوە چوو.

٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ هەتاوی، (١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩) د. قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر (نوێنەری حیزب لە ئورووپا) و د. فازل مەحموود ڕەسووڵ، لە سەر مێزی وتووێژ بە دەست بەناو دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری ڤییەن کەوتنە بەر دەسڕێژەوە و شەهید کران.