کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر دواڕەوشی ژیان لە کوردستان

13:06 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دوایین بارودۆخی ژیان لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەوپەڕی خراپی و ئاڵۆزیدایە و هەنووکە لە کوردستاندا کەمتر کەسێک دەبینرێت کە لەهەمبەر دۆخی هەنووکەیی ڕازی بێت؛ لێرەدا سرنجتان بۆ بینینی ڕاپۆرتێک ڕادەکێشین کە هاووڵاتییەکی شاری مەهاباد سەبارەت بەم شارە بۆ ماڵپەڕی کوردستان‌ میدیای ناردووە:

راپۆرتێکی کورت لە سەر دۆخی ژیانی خەڵکی شاری مەهاباد

پێشەکی راپۆرت

ئەم رۆژانە لە ناوخۆی وڵاتی ئێراندا زۆربەی وتووێژی رۆژانەی خەڵکی لە سەر دۆخی خراپی ئابوورییە. نموونەی ئەم وتووێژانە لە شوێنە گشتییەکانی وەک شەقامەکان، پارکەکان، مزگەوتەکان، ئیدارەکان و ..... یا لە نێوان موسافرانی نێو تاکسییەکان و ئوتوبووسەکانی نێو شار بە زۆری دەبینرێ. بێجگە لەم شوێنانە گلەیی و گازندەکان لە سەر قەیرانی ئابووری کە کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی زۆری بەدواوە بووە و تا رادەیەک کە تێکەڵی ژیانی ناو ماڵی خەڵک بووە و رێژەیەکی زۆر لە کات و مێشکی خەڵکی بە خۆیەوە گرتووە. شاری مەهابادیش وەکوو یەکێک لە شارە کورد نشینەکانی ئێران لە دۆخی بە دەر نییە و ئەم دیاردەیە لەم شارەدا بە نیسبەت شارەکانیتر زۆرتر دەردەکەوێ. مەهاباد کە هەیەتی لە نەبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵک و بەتایبەتی بۆ لاوەکان دەناڵێنێ. بێجگە لە کێشەی بێکاری و کەم بوونی دەرفەتی کار لە لایەکی ترەوە دیاردەی گرانی خەڵک ئازار دەدات لە درێژەی راپۆرتەکەدا بە چڕی لە سەر قەیرانی بێکاری و گرانی لەم شارەدا باس دەکەین.

دۆخی بێکاری و لێکەوتەکانی لە شاری مەهاباد

خەڵکی مەهاباد لە بواری دەرفەتی کار پشتیان بە کاری ئازاد لە ناو شار و دەوروبەری بەستووە و رێژەیەکی کەم لە دانیشتوانی ئەم شارە لە ئیدارە و ئۆرگانەکانی دەوڵەتدا کار دەکەن. بە شێوەیەکیتر نەفەراتێکی کەم پیشەی هەمیشەیی و رەسمییان هەیە. ئەم کەسانە ئەگەرچی کێشەی بێکارییان نییە بەڵام بە هۆی ئەو مووچە کەمەی کە وەری ئەگرن لەبەر گرانی بە سەختی ئەتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیانی پێ دابین بکەن، هەروەها هیچ پاشەکەوتێک بۆ گەڕان و سەفەری بۆ ئەم گرووپە نامێنێتەوە. ئەم کەسانە بە دەست گرانی ناو کۆمەڵگاوە دەناڵێنن.

چینێکی‌تر لە خەڵک هەن کە پیشەیان ئازادە یانیش بێکارن. ئەم کەسانە لە ئێستادا لە دۆخێکی خراپتردا دەژین. لە نێوان ئەم چینەدا دەتوانین ئاماژە بە شۆفێرانی تاکسی و ئوتوبووس، دوکاندارەکان، دەسفرۆشەکان، کرێکاران و ..... بکەین کە هەر کام لە سنفەکان بەرەوڕووی کێشەی تایبەت بە خۆیانن. شۆفیرەکان بەو داهاتەی کە هەیانە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن. لە هێندێ حاڵەتدا تەنیا توانای دابین کردنی خەرجییەکانی ماشینی خۆیانیان هەیە و بڕێکی کەم لە داهاتیان بۆ خەرجی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەمێنێتەوە کە زۆرجاران خودی کەسەکە لەم نێوانەدا دەفەوتێ و ئەو داهاتەی کە هەیەتی بە خۆی ناگات. دوکاندارەکان لە گرانی شتومەک و بە دوای ئەودا بە هۆی کەم کردنی رێژەی فرۆشەوە دەناڵێنن. بە هۆی چوونە سەری نرخی دۆلار لەم مانگانەی دواییدا و خوار و بان کردنی بازاڕی دراویش، نرخی شتومەکی ناو بازاڕی شار زۆر چووەتە سەرەوە و توانای کڕینی خەڵک لە چاو جاران کەمی کردووە و لە ئاکامدا دوکانداران لەم دۆخە زۆر زەرەریان کرد.

چینێکی دیکە کە گوزەرانی ئەوانیش زۆر ناخۆشە کرێکاران و بەتایبەتی کرێکارانی خاوەن ژن و منداڵن. بە هۆی گرانی لە رادەبەدەری وەسائیلی بیناسازی لەو ساڵانەی دوایی و هەروەها بەرزبوونەوەی تێچووەکانی پەیوەندیدار بە شارەوانییەوە، بیناسازی لە شاردا زۆر کەمی کردووە و تەنانەت ئەتوانین بێژین کە بیناسازی راگیراوە. ئاکامی ئەم دۆخە بێکار بوونی کرێکارانی بیناسازییە، کرێکاران کە رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی شار پێک دێنن، هەموو رۆژێ زوو لە خەو هەڵدەستن و لە گۆڕەپانێکی تایبەت بە خۆیان کە لە ناو شاردایە چاوەڕوانی دابەزینی کەسێک دەکەن کە بۆ کاریان ببات. دۆخەکە تا رادەیەک خراپە کە جارجارە کاتێک کەسێک بە دوای کرێکارێ یان ژمارەیەک کرێکار دێت بۆ ئەو گۆڕەپانە، دەیان کرێکار بە هیوای پەیداکردنی کار هێرش دەکەنە سەر کەسەکە و هەرکامەیان هەوڵ دەدەن کە بەڵکوو کارێکیان دەست کەوێت. لە نێوان ئەم کرێکارانەدا نەفەراتێ هەن کە بۆ چەن حەوتوو بێکار ئەبن و هەر رۆژە بە بێ هیوا بە تەلیسی جلە کارەکەیانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ. دۆخی کرێکارانی پیشەییش زۆر لە کرێکارانی بیناسازی باشتر نییە. لە چەند ساڵی رابردوودا کارخانە و کارگەگەلی زۆر کە ژمارەشیان زۆر نییە مایەپووچ بوون و داخراون کە ئاکامەکەی بووەتە هۆی بێکاری ژمارەیەکیتری خەڵکی شار.

زۆرێک لە لاوان و بەتایبەتی لاوە خوێندکارەکانی شاریش بە دەردی بێکارییەوە دەناڵێنن. هەموو ساڵێ ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئەم شارە لە زانکۆکان دەرسەکەیان تەواو دەکەن و بە ژمارەی بێکارەکان زیاد دەبن کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەیکە روانینی خەڵک بۆ خوێندن خراپ بێ. بەم هۆیەوە دەبینین کە زۆرێک لە دایک و باوکەکان لە درێژەدانی خوێندنی منداڵەکانیان بە هۆی گرانی خوێندن و نەبوونی داهاتوویەکی گەش بۆیان پێشگیری لە خوێندنیان دەکەن. رێژەی وازهێنان لە خوێندن رووی لە زیادبوون کردووە، جیا لەوەیکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ بێکارن و لە ناو شەقامەکانی شاردا دەسووڕێنەوە.

نموونەیەکی ناخۆش کە وەبیرم هاتەوە ئەمەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند مانگ لەمەو پێش، نەخۆشخانەی مەهاباد پێویستی بە ژمارەیەکی کەم هێزی کار بۆ پاک و خاوێنی بوو کە یەکێک لە پێشمەرجەکان هەبوونی بڕوانامەی دیپلۆم بوو. سەرەڕای ئەوەیکە نەخۆشخانەکە پێویستی بە ژمارەیەکی کەم هێزی کار هەبوو خەڵکێکی زۆر داوایان کردبوو کە لە ناویاندا چەند هاوڕێی خۆمی تێدا بوو کە بڕوانامەی لیسانس و فەوقەلیسانسیان هەبوو. ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن شەرایەتی دامەرزاندنیان هەبێ خۆیان بە دیپلۆمە ناساندبوو و بڕوانامە ئاست بەرزەکانیان لە بەرپرسانی بەشی وەرگرتن شاردبوویەوە. بەو واتایە دۆخەکە بە چەشنێکە کە کەسێک بە بڕوانامەی لیسانس و فەوقەلیسانسی یاسا و ئاوەدان کردنەوەوە ئامادەن بۆکاری پاک و خاوێنی و شۆردنی ناو نەخۆشخانە کە بەهۆی بوونی خزم و خزمانێ تەنانەت لەو کارەش بێ بەش دەبن، کە بەڕاستی جێگەی داخە.

بابەتێکی نەشیاوی دیکە کە لە ناو شاردا دەبینرێ دیاردەی گەڕان بە ناو زبڵدانەکانی شاردایە بۆ کەڵک وەرگرتنی دووبارە لەو پاشماوانەی کە فڕێ دراون؛ ئەم رۆژانە حالەتی لەم چەشنە زۆر دەبینرێ کە کەسانی بە تەمەن و تەنانەت لاوەکان بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و بێکەڵک بە مەبەستی فرۆشتنن کە لە بواری تەندرووستیشەوە جێگەی نیگەرانییە. شوێنی کۆکردنەوەی زبڵەکانی شار کە دەکەوێتە قەراخی شار(سید آباد) ئەم رۆژانە پڕ بووە لە کەسانی موحتاج و بێکار کە بۆ دۆزینەوەی تیکە ئەشیایەکی کۆنە بۆ فرۆشتن دەگەڕێن.

لەم رۆژانەدا لە ناو شاردا پیشەگەلێکی وەک دەسفرۆشی ماددە سڕکەرەکان، سیگار، حەبە رێگەپێنەدراوەکان و شتومەکی ناتەندرووست زۆر خێرا رووی لە زیادبوونە. دیاردەی منداڵانی کار سەری هەڵداوە کە بەڕاستی جێگەی داخە. لە نێو کۆڵانەکانی شار و شوێنە گشتییەکان منداڵانی کار دەبینین کە بە تەمەنێکی کەمەوە خەریکی فرۆشتنی بنێشت، دەسماڵ کاغەزی، گوڵ و ...هتد یان بۆ خاوێن کردنەوەی شووشەی ماشینەکان لە شۆفیرەکان دەپاڕێنەوە.

سواڵ کردنیش بابەتێکی ترە کە بەڕاستی لەم رۆژانەدا و بەتایبەتی لە نێو ژناندا بە خێرایی رووی لە زیادبوون کردووە. کەسانێک دەبینم کە لە رابردوودا لە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا بوون بەڵام ئێستا بە هۆی نەدارییەوە روویان کردووەتە سواڵ کردن. ئەوەی جێگەی داخە زۆربوونی ئەم دیاردەیە لە ناو ژناندایە کە جاروباریش بەرەوڕووی بێڕێزی دەبنەوە.

هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی سواڵکەری لە ناو ژنان دیاردەی دزیکردنیش لە ناو پیاواندا زیادی کردووە. لە چەند مانگی رابردوودا بۆ خۆم شاهید بووم و بیستووشمە کە چەند جاران لە گەڕەکی خۆمان حاڵەتی دزی کردن هەبووە کە بە دڵنیاییەوە لە گەڕەکەکانی تریش و بە تەواوەتی لەناو شاردا دزی رووی لە زیادبوون کردووە.

گرانی

بێجگە لەم هەموو بێکاری و کەم داهاتییە کە لە کۆمەڵگای ئێران و شاری مەهاباددا هەیە، گران بوونی نرخی شتومەک بە تایبەت پێداویستییەکانی رۆژانە، زۆرتر لە جاران خەڵک ئازار دەدات. لەم رۆژانەی دواییدا نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و هەروەها نرخەکەی لە هەڵکشان و داکشاندایە، لە راستیدا دۆلار لە گیرفانی خەڵکدا نییە بەڵام بە تەواوەتی کاریگەری لە سەر ژیانی خەڵک داناوە . هەڵکشان و داکشانەکان و گرانی بە شێوەی راستەوخۆ کاریگەری لە سەر گران بوونی شتوومەکی ناوخۆیی و دەرەوە داناوە بەچەشنێک کە کاتێک لەگەڵ بازرگانەکان و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆدا باس دەکەی، ئەوان گرانییەکە بۆ ناجێگیربوون و گرانی نرخی دۆلار دەگەڕێننەوە. لەم نێوەدا ئەوە خەڵکن کە زەرەر دەکەن و توانای کڕینیان دێتە خوارەوە.

لە ئێستادا چینی مامناوەند و هەژاری شار کە زۆرتر لە ٨٠%ی  دانیشتووانی شار پێک دێنن تا ئەو جێگەی کە پێیان بکرێ لە کڕینی شتومەک خۆیان دەبوێرن مەگەر لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت. تا ئەو جێگەیەی کە من دەیبینم خەڵکی پێیان باشترە پێڵاوە کۆنەکانیان پینە بکەنەوە تا ئەوەی پێڵاوی نوێ بکڕن. خەڵکی زۆرتر پێیان وایە لە کۆنەفرۆشییەکان شت بکڕن و لە جێی ئەشیایی نوێ کەڵکیان لێ وەرگرن.

لەم رۆژانا نرخی کەلوپەلەکان لە مەهاباددا گران و ژمارەی ئەو کەسانەی شتومەک دەکڕن کەمە؛ خەڵک پرسیاری نرخەکان دەکەن و سەریان سووڕ دەمێنێ! ئەو پیداویستییەی کە پێشتر بە نرخێکی هەرزانتر دەیانکڕی ئێستە ئەوەندە نرخەکەی چووەتە سەرێ کە خەڵک تووشی شۆک دەکات بەچەشنێک کە فرۆشیاران ناوێرن باسی نرخی کەلوپەلەکانی خۆشیان بکەن. ئەوەیکە ڕوونە کەس هیوادار بە باشتر بوونی دۆخی ژیان نییە و بەپێچەوانەوە هەمووان چاوەڕێی هەلومەرجی دژوارتر و سەختترن.

ئەوەیکە باس کرا ڕاپۆرتێکی کورت بوو لە دۆخی ژیانی خەڵکی مەهاباد لە سەرەتای ساڵی 97 و لەوانەیە خاڵی دیکەش هەبێت کە ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە ئاگای لێیان نەبێ.

ئامادەکار: نیشتمان

وەرگێڕان: ئارمان حسەینی