کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، تێرۆر هەناردە و هاوردە دەکات

13:25 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: تێرۆر چییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و بۆ جارێکی دیکەش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە یارمەتیی گرووپێکی تێرۆریستییان دا.

ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاوی کردووەتەوە، کە چەندین کوڕ و کچی سەرۆکی کوژراوی ئەلقاعیده، که ڕێکخراوێکی تیرۆریستییه، لە ڕێگای ئێرانەوە چووەنەتە ئەفغانستان.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەو هەواڵەی لە زاری "عومەر" کوڕی چوارەمی بن لادن بڵاو کردووەتەوە، کە ژمارەیەک کوڕ و کچی "ئۆسامە بن لادن" سەرۆکی کوژراوی ئەلقاعیدە، لە تارانەوە گەڕاونەتەوە سعوودیە.

عومەر بن لادن باسی لەوەش کردووە، پێنج خۆشک و برای لە "نەجوە خانم" هاوسەری یەکەمی ئوسامە بن لادن، بە ناوەکانی "محەممەد، بەکر، فاتیمە، ئیمان و عوسمان" لە تارانەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

ئەو کوڕەی بن لادن، جەختی کردووەتەوە، کە حەمزەی زڕبرای لە ئێرانەوە چووەتە ئەفغانستان.

ئەوه یەکەمجار نییە هەواڵی لەم چەشنه بڵاو دەبێتەوە، کە کاربەدەستانی تاران لە ڕێگای ئێرانەوە تێرۆریستەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ بەڕێ دەکەن، یان پاسپۆرتی ئێرانییان بۆ دروست دەکەن.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی گەورەترین ڕۆڵی لە تێرۆر و کردەوەی تێرۆریستیدا هەیە.

لەو پێوەندییەدا، مەجلیسی دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گەڵاڵەیەکدا پەسەندی کرد، کە سەرجەم دانوستانەکانی خۆی بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت. بەپێی ئەو پەسەندکراوەی مەجلیسی کانادا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خرایە لیستەی تێرۆرەوە.

کۆنگرەی ئامریکا ساڵی ڕابردوو لە گەڵاڵەیەکدا سەرکۆماری ئەو وڵاتەی ئەرکدار کرد، کە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە لیستەی تێرۆر بخات، بەپێی ئەو گەڵاڵەیە و بەپێی فەرمانی ئیجرایی ١٣٢٢٤، پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٠١ی زایینی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە ئەرکدار دەبێت، کە سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بخات.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگیریی لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئافریقا بەهێزتر کردووە.

سپای پاسداران هەتا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار.