کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێزێکی زۆری لە شنۆ مۆڵ داوە

20:06 - 12 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەرک و مەئمووریەتی پێشمەرگە نییە و خەڵکیش بە گەرمی پێشوازی لە هێزی پێشمەرگە دەکەن.

ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردەوە کە هێزێکی زۆری دوژمن لە چەندین گوندی شنۆ وەک گوندەکانی "گورگاوێ، قورووشاوێ، قەزناوێ، نەرزیوێ و خاڵتاوێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە جێگیر کراون. 

بەپێی هەواڵی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو هێزە سەرلێشێواوەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پێشگرتن له جوڵەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو گوندانە جێگیر کراون؛ بەڵام تەنانەت بۆ ساتێکیش نەیانتوانیوە پێش بە کار و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە بگرن یان بۆیان ببن بە کۆسپ.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ بۆی دەرکەوتبێ کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەشکانەهاتووە و کاتیەتی کە هێزی داگیرکەر له کوردستان وەدەربنرێ.

هاوکات خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان سوورن لە سەر ئامانجە نەتەوەییەکانیان و هەتا وەدیهێنانیان کۆڵ نادەن؛ پێشمەرگە خەڵکە و خەڵکیش پێشمەرگەیە؛ هەر بۆیە هەموو دار و دەوەن و شاخ و چیاکانی کوردستان له داگیرکەرانی کوردستان بووەتە پێشمەرگە.   

 فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان