کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە خەڵک دەکات سیخوڕیان بۆ بکەن

12:21 - 2 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ترسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی بنکە و دامەزراوە نیزامییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کوردستاندا، دانیشتوانی گوندی "بێهەنگوینـ"ـیان کۆ کردووەتەوە و داوایان لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە، کە بەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاوکارییان لەگەڵ بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران زۆریان هەڕەشە لە خەڵک کردووە و داوایان لێ کردوون هەر کاتێک پێشمەرگەتان دیت، دەبێ پێمان بڵێن دەنا لە دواڕۆژدا هەمووتان تەمێ دەکەین.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، سەردەشت، پیرانشار، مەریوان و چەندین گوندی کوردستان دەستی داوەتە میلیتاریزەکردن و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێ دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوەستێتەوە.

چاوەدێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، کە هەوڵە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، دەرخەری ترس و تۆقینی ڕێژیمە لە خەباتی خەڵکی کوردستان و چالاکیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.