کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کێشەی کۆڵبەران چارەسەر ناکات

17:52 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆڵبەران و کێشەی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووەتە قەیرانێکی جیددی و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا واد و بەڵێنیی درۆیین دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "مستەفا ئەحمەدزادە"، یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شۆرای باڵای پارێزگاکانی ئێراندا، باسی لەوە کردووە، مافی کۆڵبەران بە فەرمی ناناسرێت و پارێزگای ورمێش لە بواری کۆڵبەرییەوە لەگەڵ قەیرانێکی جیددی بەرەوڕوویە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگای ورمێ لەگەڵ سێ وڵاتی دراوسێدا سنووری هەیە دەیان هەزار کەس لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ مافێک بۆ کۆڵبەران دیاری نەکراوە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی بەرپرسان بازاڕچە سنوورییەکان داخراون و کێشەی کۆڵبەرانیش وەک خۆی ماوەتەوە. ئێمە ڕۆژانە شایەتی ڕووداوی دڵتەزێنین، کە لەو بارەوە بۆ چارەسەریی کێشەی کۆڵبەران هیچ هەنگاوێک هەڵناگیرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، لە لایەکەوە بەرپرسانی حکوومەت پێش بە کار و کاسبی خەڵک دەگرن، لە لایەکی دیکەشەوە کۆڵبەریی وەک تاوانێک چاوی لێ دەکرێت.

 کۆڵبەران لە کەسانێک پێک دێن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٧٥ ساڵدایە و لە بەرامبەر گواستنەوەی ئەو بارە قورسانەیان کرێیەکی یەکجار کەم وەردەگرن.

کۆلبەریی یەکێک لەو کارانەیە کە کرێکار نەتەنیا هیچ مافێکی یاسایی و ئاسانکاریەکی دەوڵەتی نییە، بەڵکوو ئەنجامدەرانی ئەم کارە وەک تاوانبار پێناسە دەکرێن. تاوانێک کە  پاسەوانانی سەر سنوور دەستیان ئاوەڵا کراوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەرەکان بدەنە بەر دەسڕێژی گولـلە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم بەشە لەو خەڵکەی کە لە دەوروبەری سنوورەکان نیشتەجێن لە کاری شیاو بەهرەمەند نین و لە هەمان کاتیشدا هیچ جۆرێک لە بیمەی بێکاری نایانگرێتەوە و لە پێناوی مانەوەیان لەگەڵ مەرگ ململانێ دەکەن.