کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی زانیاریی نێوخۆی ئاڵمان نیگەرانی خۆیان لە هەمبەر هێرشە سایبرییەکانی ئێران دەربڕی

18:35 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی زانیاریی نێوخۆیی ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ هێرشە سایبرییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە نیگەرانی دەربڕی.

"هورست زهوڤەر"، وەزیری وڵاتی ئاڵمان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کاتی شیکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئاڵمان، ڕێژیمی ئێرانی وەک دوایین هێز کە هێرشی سایبری بۆ سەر زانیارییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات، ناساند.

زهوڤەر لەو ڕاپۆرتە ساڵانەیەدا باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە هەتا ئێستا هەموو هێرشە سایبرییەکان سەرچاوەکانیان ئێران بووە کە ئامانجی ئەم هێرشانە زیاتر؛ دەوڵەتی ئاڵمان، ناڕەزاییانی سیاسی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، پیشەی هەوا-فەزا، بەرگری و پێترۆشیمی بووه. هەروەها ناوبراو لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم هێرشانە بۆ سەر کۆمپانیا و دامەزراوە لێکۆڵینەوەکانی ئاڵمان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

وەزیری وڵاتی ئاڵمان هاوکات وتوویەتی: هێرشە سایبرییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئاستێک گەیشتووە کە لەگەڵ هێرشە سایبرییەکانی ڕووسیە و چین جیاوازییەکی نییە و ئێستا ئەم سێ وڵاتە بە گەورەترین هەڕەشە لە بیاڤی سایبری و سیخوڕیدا بۆ وڵاتی ئاڵمان ئەژمار دەکرێن.

ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم هێرشانە لە لایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٤ و بەتایبەتی ساڵی ٢٠١٧ کردووە وتوویەتی: بێرلین لە هەوڵ دایە یاسایەک دروست بکات هەتا بەشێوەیەکی چالاک وڵامی ‌هێرشە سایبرییەکان بداتەوە.