کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە تێکدانی ژینگەی کوردستان

15:06 - 1 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: چەکداران و هێزە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم لە شاری سەردەشت بەمەبەستی تێکدانی ژینگەی ئەم ناوچە و درووست کردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ کوێرکوێرانە شاخەکانی ئەم ناوچە کاتیوشاباران دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی ٣ ڕۆژی چەکدارە دژی‌گەلییەکانی سپای پاسداران لە گوندی گۆمان و دەورووبەری بڵاوەیان پێکراوە و سەرقاڵی پشکنینی شاخەکانی دەوروبەری بەتایبەت کێوی "سەری گۆمێ"ن.

بەپێی ئەم هەواڵە لە کێوەکانی پشت ئەم ئاواییە مۆڵگەیەکی سپای پاسدارانی لێیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام و بەبێ هیچ هۆیەک سەرقاڵی کاتیوشاباران کردنی ئەم کێوانەیە کە هەم ژینگەی جوانی ناوچەکەی پێ تێک دەدات و هەم هەوڵی زاڵ کردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن دەدات.

هاوکات ڕێژیمی دژەگەلی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی پێشمەرگە لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و مەریوان، سەرەڕای بوونی مۆڵگەی زۆر و بۆر، هێزێکی زۆری لە شوێنەکانی دیکەی ئێران هێناوەتە ئەم دەڤەرە و بە شێوەی کوێرکوێرانە تەقە لە مووچە و مەزرای خەڵک دەکەن و بەردەوام هێلیکوپترەکان و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان لەو دەڤەرە دەسووڕێننەوە و ژیانی خەڵکیان وەک ڕەوشتی هەمیشەیی ئەم ڕێژیمە تاڵ کردووە.