کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیا ئاڵمانییەکان، ئێران بە جێدێڵن

11:04 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەو شیرکەت و کۆمپانیا ئاڵمانییانەی کە پاش ڕێککەوتننی بەرجام، هەوڵی ئەوەیان دابوو پێوەندی بازرگانی خۆیان لە گەڵ ڕێژیمی ئێران پتەو بکەن، بە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئێران بە جێدێڵن.

تەلەفزیۆنێکی ئاڵمانی، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی، لە راپۆرتێکی تایبەتدا باسی له هاتنە دەرەوەی شیرکەت و کۆمپانیا ئاڵمانییەکان لە بازاڕەکانی ئێران کردووە کە بە هۆی دەسپێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر رێژیمی ئێران هاتۆتە ئاراوە.

زۆربەی شیرکەت و کۆمپانیا ئاڵمانییەکان بە ئاسانی هاوکاری خۆیان لە گەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە. لە نێوان ئەواندا، کۆمپانیای ڤۆرت کە لە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری پێچ و مۆرەیە، هاوکارییەکانی خۆی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران راگرت.

ڕاگرتنی چالاکیی ئەم کۆمپانیایە لە حاڵێکدایە کە بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکدا، لە شارەکانی تەورێز و مەشهەدیش چالاکییەکانی خۆی بەرفراوان بکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هەتا ئێستا، واتە پاش واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا ئاڵمانییەکان چالاکی بەربڵاوی خۆیان لە ئێراندا دەست پێکرد و بە تەمای داهاتی زۆر بوون، بەڵام پاش چوونە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، زۆربەی ئەم کۆمپانیانە چالاکییەکانی خۆیان لە ئێران ڕاگرت.