کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای "ڕێنۆ" پێدەچێت لە ئێران بکشێتەوە

12:16 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای ڕێنۆی فەڕانسە، بە هۆی پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا ڕەنگە لە ئێران بکشێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کۆمپانیای ئۆتۆمبیلسازیی ڕێنۆ، کە پێشتریش ڕایگەیاندبوو، بازاڕی ئێران بەجێ دەهێڵێت، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاند، بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بە ئەگەری زۆرەوە چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕادەگرێت.

"تیری باڵوێر"، بەڕێوەبەری کاروباری بەڕێوبەریی کۆمپانیای ڕێنو باسی لەوە کردووە، بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا ئێمە لە ئێراندا دەکشێینەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئێمە لە دوای دەرفەتی نوێی ئابووری بەتایبەت لە ئافریقادا هەین، بۆ ئەوەی کە بە پشتیوانی جیددی و بەرزبوونەوەی بەرهەم بازاڕی لەدەستچووی ئێران قەرەبوو بکەینەوە.

پێشتر بەڕێوەبەریی گشتیی ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاندبوو، ئەگەرچی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا مەترسییەکە بۆ سەر کاری ئێمە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین، چاوپۆشیکردن لە گەمارۆوە ئابوورییەکان لە ئامریکا وەربگرن.

ئەگەرچی وڵاتانی ئورووپایی، داوای چاوپۆشیکردن لە گەمارۆوە ئابوورییەکان لە ئامریکا دەکەن، بەڵام چەندین سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە نامەیەکەدا بۆ باڵوێزی وڵاتانی ئورووپایی هۆشداریان داوە، کە لە هەوڵی لاوازکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران نەبن.

بڕیارە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، یەکەم خولی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، سەرلەنوێ پەسەند بکرێتەوە و مانگی خەزڵوەریش هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سفر بگات.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.