کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیایەکی بریتانی چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت

11:09 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیایەکی بریتانیایی کە پرۆژەی سازکردنی وێستگەی وزەی خۆریی لە ئێراندا هەبوو، چیدیکە درێژە بە کارەکانی لە ئێراندا نادات.

کۆمپانیای"کوێرکویس"ی بریتانیا، کە لە ساڵی ڕابردوودا گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئێران بۆ سازکردنی وێستگەی وزەی خۆر واژۆ کردبوو، بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا، هەموو چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرتووە.

دییێگۆ بیاسی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کوێرکویس، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاند: دوای دەسپێکردنی گەمارۆکانی ئامریکا بە دژی ئێران، ئەو کۆمپانیایە هەموو چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕادەگرێت.

ئەو وێستگەی وزەیە کە ئەو کۆمپانیایە دەستی کردبوو بە سازکردنی لە ئێراندا، شەشەمین وێستگەی گەورەی وزەی خۆر لە ئاستی جیهانە و بە یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی نێوان ئێران و بریتانیا بە ئەژمار دێت.

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، هەندێک لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە ئێراندا چالاکیان دەکرد، لە ئێران کشانەوە، بە تایبەت کۆمپانیا ئوروپاییەکان کە پابەندن بە ڕێککەوتننامەی بەرجام، بەڵام پاش ئەوەیکە ئامریکا گەمارۆکانی لەسەر ئێران دووبارە کردەوە، ئەو کۆمپانیانەش دەستیان کردووە بە هەڵوەشاندنی گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران