کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگی توندوتیژی (شەهین بەهمن سوڵتانی)

15:22 - 4 سەرماوەز 2713

شەهین بەهمن سوڵتانی

توندوتیژی دژ بە ژنان لەلایەن زۆرێک لە ژنان و پیاوانەوە تەنیا بە ئازاری جستە، پێناسە دەکریت، بەڵام توندوتیژی بە شێوەی رۆحی و رەوانی و سووکایەتی و بە کەم زانین زیاتر لە ئازاری جستە کاریگەریی دەبێت و برینی قووڵترە و درەنگتر ساڕێژ دەبێت.
سەرەرای هەبوونی رێکخراوگەلێک کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن لە پێناو کۆمەڵگایەکی یەکسانخوازی تێکۆشان دەکەن، بەڵام هاوکات لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەکرێت و تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتوویش، ژنان بەرەوڕووی  ئەم دیاردەیە دەبنەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین لە هەموو شوێنێ بوونی ئەم دیاردەیە هەیە، بەڵام  لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە بە هۆکاری جیاواز ئەمەش جیاوازی هەیە و کەم دێتە ئەژمارکردن و هەندێک حاڵەت دەکرێ لە سەرژمێرییەکاندا  هەر لەبەرچاونەگیردرێ و ئاماژەیشی نەکردرێ.
بۆ هۆکاری نەک کۆتایی هاتن، بەڵکوو زیادبوونی دەتوانین بە هەندێک خاڵ ئاماژە بکەین لەوانە: هەژاریی فەرهەنگی، شەڕ، نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری و پشتیوانیی ماڵیی، دۆخی سیاسی و هەوروەها پێکهاتەی
دەسەڵات و پەروردە.
هەژاریی فەرهەنگی کە نەخوێندەواری و نەداری دەچێتە ئەم چوارچێوەیەوە، زیاتر لەسەر ژنانی گوندنشین کاریگەریی دەبێت و وێڕای چەوسانەوە بە ئیشی رۆژانە، بەرەوڕووی سووکایەتی و لێدانیش دەبنەوه.
ئابووری، مەسەلەی سەربەخۆیی ئابووری پشتیوانە بۆ ئەوەی ژن هەتا رادەیەک سەربەخۆ و پارێزراوتر بێت لە بەرانبەر توندوتیژیدا، کەلەم پێوەندییەدا ئەو پێویستییەی بە  پیاو نامێنت لەم بوارەدا.
شەڕ بە بەراورد بە ئامارەکان لەو وڵاتانەی کە شەڕ و نا ئەمنی هەیە ژنان زۆرتر بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە بە هۆی کۆچکردنی زۆرەملێ، لەدەست دانی هاوسەر و ماڵ‌وێرانی و دەستدرێژیی جینسی بۆسەر ژنان و هەروەها دیاردەی لەش‌فرۆشی لەم ناوچەنەدا.
پێکهاتەی دەسەڵات، چۆنیەتی و شێوەی دەسەڵات لە هەر وڵاتێک دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەپێدان، یان کەمکردنەوەی توندوتیژی لەو وڵاتە، بۆ نموونە  لە یاسای بنەڕتی ئەو وڵاتەدا کە چۆن مافی تاک بە بێ جیاوازیی رەگەزی لە بەر چاو گیرابێت، یان بە پێچەوانەوە هۆکارە بۆ ئەم دیاردەیە. لێرەدا جێگای خۆیەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نموونە بهێنینەوە، یاسای ئەم وڵاتە لەسەر مەزهەبی شیعەی ئەسنا عشری دامەزراوە و کاری پێ دەکرێت. بەدرێژایی تەمەنی ئەو رێژیمە شاهیدی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی و  مافی ژنان بە تایبەتی بووین وەکوو: لە میرات و شاهیدیدا ٢ ژن بە یەک پیاو هەژمار دەکرێن، فرە ژنی، هاوسەرگیریی کاتی تەنانەت بۆ کاتژمێریک (صیغە)، هاوسەرگیریی لەگەڵ کچی هاوسەرەکەی کەلە مێردی ئەوەڵی بووبێت (فرزندخواندە)، یان (کۆلەبەس) پێک بهێنێت. دیاریکردنی کۆلیژ و رشتەی خوێندن بۆ ژنان، نەبوونی ئیجازەی سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات، گەشەپێدانی دیاردەی نامووس‌پەرەستی و کوشتنی ژنان، پەرەپێدانی بیر و فەرهەنگی پیاوسالاری و دەیان شتی دیکەی دزێو و نەشیاوی لەم بابەته.
پەروەردە، کە دەتوانێ بە خراپ یان بە باش رۆل ببینت بە تایبەت لە قوتابخانەکان و لە ماڵەوەدا، ئەگەر چاو لە پەرتووکی قوتابخانە سەرەتاییەکان بکەین، چ لە وانەکاندا و چ لە وێنەکاندا جیاوازیی رەگەزی و روانگەی فکری  دواکەوتوویی و چەسپاندنی فەرهەنگی پیاوسالاری بە زەقی بەر چاو دەکەوێت.
ئەرکی ئێمەی ژن وەکوو دایک، خەبات دژی هەموو فکرێک و فەرهەنگێکە کە ببێتە مایەی توندوتیژی. لە پەروەردەی منداڵەکانماندا دەبێت، هەوڵ بدەین هەتا ئەو رادەیەی کە بۆ پەروەردەی خێزانی دەگەڕێتەوە، منداڵەکانمان بە بێ جیاوازیی رەگەزی، بە بێ فێرکردنی کچان بە لارەملی و لاواز لە بەرانبەر کورەکاندا، کورەکان فێر نەکەین کە خوشکت نامووسی تۆیە و دەبێ شوان بیت بۆی. دەبێ هەوڵ بدەین ئەزموونی تاڵی پەروردەیی کۆن، ئەمڕۆکە بەسەر منداڵەکانماندا دووپات نەکەینەوە، هەوڵ بدەین ژیانێکی باشتر لە ژیانی خۆمان و کۆمەڵگایەکی باشتر و سالمتر لەوەی کە خۆمانی تێدا دەژین و بە دوور لە هەر چەشنە توندوتیژی و چەوساندنەوەیەک، بۆ داهاتووی منداڵەکانمان بنیات بنێین. ئاستی تێگەیشتن و فەرهەنگی خۆمان بەرەو پێش بەرین و خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان لە پێناو دێموکراسی و پابەندبوونمان بە بەندەکانی مافی مرۆڤ  دریژە پێ بدەین هەتا نەمانی دەسەڵاتی دواکەوتووانە و پڕ لە جیاوازیی رەگەزی و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی سێکۆلار و سەقامگیری ئەمن و ئاسایش لە وڵاتماندا کە لەوێدا دەسەڵات و یاسا بە تەنیا پارێزەری مافەکانی تاک بێ و ئایین و مەزهەب جێگای تەنیا دڵی تاکەکان بێ نەک بەشێک لە یاسای وڵات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە