کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندنی رۆژی شەهیدانی کوردستان، نەتەوەیی کردنی ئەو نرخانەیە کە خەباتگێرانی کوردستان گیانیان لە پێناوی بەخشیوە (مەجید حەقی)

15:03 - 9 خاکەلێوه 2714

مەجید حەقی
٦٧ ساڵ لەمەوبەر لە ‌بەرەبەیانی‌‌١٠ی‌خاکەلێوەی‌ساڵی ١٣٢٦ی‌هەتاوی (١٩٤٧.3.30 زایینی) دا پێشەوا قازی‌، حەمەحوسێن خان‌سەیفی‌قازی ‌(ئامۆزای‌پێشەوا) ‌و ئەبولقاسم‌سەدری‌قازی ‌( برای‌پێشەوا) بە دوای‌حوکم دران لە دوو دادگای‌ناعادلانە ‌و فەرمایشی‌دا بەدەستی‌چەپەڵی‌دوژمنانی‌گەلی‌کورد لە چوارچرای‌شاری‌مەهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی‌کە‌٢ی‌رێبەندانی‌١٣٢٤هەتاوی (١٩٤٦.1.22زایینی)دا کۆماری‌کوردستانی‌لێ‌راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەهید کران و هەر ئەو رۆژە لەسەر شان و پیلی‌خەڵکی‌بە شەرەفی‌مەهاباد لە گۆڕستانی‌مەلا جامی‌بە خاکی‌پیرۆزی‌نیشتمان سپێردران.
حیزبی‌دێموکراتی‌کوردستانی ئێران لە ١٠ی‌خاکەلێوەی ١٣٥٨هەتاوی (١٩٧٩.٣.30 زایینی) ئەو رۆژەی‌وەک رۆژی‌شەهیدانی‌کوردستانی‌راگەیاند. راگەیاندنی دەی خاکەلێوە وەک رۆژی شەهیدان وەک رووداوێکی لەنەکاو و بۆنەیەکی حیزبی نابێ سەیر بکرێ، بەڵکوو ریشەی ئەو راگەیاندنە دەبێ لە رۆحی بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پێناو گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆی دەبێ ببیندرێ.
هەموو نەتەوەیەک خاوەنی هەندێک نرخ و سەمبۆلی هاوبەشن، کە ئەندامانی کۆمەڵگاکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دووی رێبەندانی هەمان ساڵ خاڵ گۆڕانی گرنگن لە مێژووی بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی کورد کە بە کورتی دەتوانین ناوی پەڕینەوە لە دۆخی خەباتی عێلەکی بەرەو بەنەتەوە کردنی گەلی کورد ناو ببەین. لەو رووەوە دەکرێ ئەو دوو رووداوە سەمبۆلیکە لە لانی‌کەم روانگەی ئاڵوگۆری نرخە ناوخۆیی‌یەکانی کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستان، هەلومەرج و نرخە سیاسییەکانی جیهانی ئەو کات، سەرچاوە سروشتییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و دەوروبەر لێک بدەینەوە. بەو پێیە راگەیاندنی دەی خاکەلێوە وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان، هەروەک دیاری کردنی ٢٦ی سەرماوەز بە رۆژی پێشمەرگە بە هەنگاوێک بەرەو نەتەوەیی کردنی ئەو نرخە حیزبییانە دادەنرێن کە شوێن دادەنێنە سەر نرخە ناوخۆیی و سروشتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و دەبنە هۆی گەشە سەندنی ناسنامەی هاوبەشی نەتەوە بندەست بەڵام خۆ راگرەمان.
ئا لەو روانگەیەدا، ئەمڕۆ خەباتی ئێمە لە پێناو دیاری کردنی مافی چارەنووس بە پێی هەلومەرجی ئەمڕۆیی ناوخۆیی و ناوچەیی واتا بەخشتر شی دەکرێتەوە و فەلسەفەی بوونی حیزبێکی نەتەوایەتی و بزاڤی نەتەوایەتی لە روانگەی گەشە کردنی کۆمەڵگادا روون‌تر دەبیندرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندنی رۆژی شەهیدان و رۆژی پێشمەرگە لە ٢٦ی سەرماوەزدا، هەنگاوێکی لەنەکاو ابتدا بە ساکنی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو وەک درێژەی رەوتی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد، وەک ئەرکی حیزبێکی پێشڕەو لە بزاڤی نەتەوایەتیدا دەست پێکەری جووڵانەوەیەکی رادیکاڵی نەتەوایەتی ــ کۆمەڵایەتی و دێکۆنستراکتیڤی کۆمەڵگا بوو. ئەو هەنگاوە خاوەنی ریشەی مێژوویی خۆی بوو، لە یەک جێدا لە دەستی پێنەکرد و دیاردەیەکی کورتخایەن نەبوو، بۆیە دیاردەکانی پێوەندیدار بە دەستپێک و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرێ و دەشێ لە روانگە جۆراوجۆرەکانەوە لێی نزیک ببین و گوتاری نەتەوایەتیی بزاڤی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە روانگەی نرخە نەتەوایەتییەکانی ئەو بزاڤە دەشێ شی بکرێنەوە.
پەیامێک کە پێشەوای نەمری کوردان، قازی محەممەد بە گەلی کوردی دا، لە وەسیەتنامەکیدا روونە، ئەو داوای خەبات، یەکگرتوویی، خوێندن و پێشکەوتنی بێ وەستان و بڕوا بە خۆبوون و کەسایەتی خۆ دەکات. دۆزینەوەی کەسایەتیی خۆ دۆزینەوەی ناسنامەی تاکەکەسی و نرخە هاوبەشەکان و لە ئاکامدا دۆزینەوەی پێناسەی نەتەوایەتیی خۆیە. لەو رووەوە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مەهاباد، راگەیاندنی دووی رێبەندان و بەداخەوە لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و زۆر لە رێبەرانی جووڵانەوەی نەتەوایەتیمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ستراتێژیی بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی کوردیان بە پلانێکی نوێ و خوێندنەوەیەکی تازە هێنایە کایەوە کە گەشەکردن و بە ئامانج گەیاندنی ئەرکی نەوەی ئەمڕۆیە. لەو رووەوە بە نەتەوەیی بوونی رۆژی شەهیدان لە راستیدا بە نەتەوەیی کردنی هەموو ئەو بەها گرانانەیە کە شەهیدانی کوردستان لە پێناوەی ئامانجەکانیان گیانیان فیدا کردووە

بە هیوای ئەو رۆژە

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە