کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگە کوردییەکان باشتر بناسین (هیوا ئەحمەدی)

14:54 - 26 خاکەلێوه 2714

هیوا ئەحمەدی
زۆر جار لێرە و لەوێ کامێرای میدیای کوردی دەچێته بەردەم خەڵکی کوردستان و پرسیاری مانگە کوردییەکانیان لێ دەکا. بەڵام بەداخەوه کەمتر جار یان باشتره بڵێین کەمتر کەس هەبووه وڵامی راست بداتەوه و به چاکی و به بێ هەڵه مانگه کورییەکان نێو بەرێت. جاری واشه به تێکەڵی و به هەڵه دەیانژمێرن و هیندێک جاریش هەیه به نیسان، تەمووز، کانوون، ئادار و چی و چیان هەڵدەدە‌ن!

بۆیه به پێویستم زانی له رێگەی وەها بابەتێكەوه ئەو جۆرەی که خۆم لێی حاڵیم و تێگەیشتووم، ناوی مانگه کوردییەکان بخەمه بەرچاوی خوێنەرانی خۆشەویستی ئەو بابەته و ئاوڕێک له ناو و چۆنیەتیی نێودێرکردنی ئەو مانگانه بدەمەوه.

سەرەتا با ئەوه بڵێم که ناوی مانگەکان هەم له ناوچە جۆراوجۆرەکان و هەم له دەور و زەمانە جیاوازەکاندا به درێژایی مێژوو به رادەی زمان و زاراوەکان جیاوازییان هەبووه. بەڵام ئەوەندەی زانیاری ئێمه ئیزن دەدا و مێژوو‌ش هەتەرێ دەکا، ساڵ و مانگە کوردییەکان له زەمانی دامەزرانی یەکەم حکوومەتی مادەکان به دەستی دیاکۆ ــ پادشای ماد ــ لە دایک بوون.

بەو جیاوازییه که له زەمانی کۆماری کوردستاندا، مانگە کوردییەکان به لەبەرچاو گرتنی سروشتی کوردستان نێودێر کراون.
ئەمساڵ ساڵی ٢٧١٤ی کوردییه. بەو واتایه که ٢٧١٤ ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکەم حکوومەتی ماددا تێ دەپەڕێت.

ساڵ ١٢ مانگ و ٤ وەرزه که بریتین له بەهار، هاوین، پاییز و زستان. هەروەرزەی ٣ مانگه و هەرمانگەش ٢٩ ، ٣٠ یا ٣١ رۆژه. مانگەکانی بەهار و هاوین ٣١ ڕۆژ، ٣ مانگی پاییز و ٢ مانگی زستان ٣٠ رۆژه. بەڵام مانگی ئاخیری زستان واته مانگی رەشەمه ٢٩ رۆژه.

ساڵ٣٦٥ رۆژ و ٦ کاتژمێره. واته لەو ماوەدا زەوی یەکجار بەدەوری رۆژدا دەسووڕێت. بۆ ئەوەی ئەو ٦ کاتژمێره کهله چوار ساڵدا دەبێته یەک شەو و رۆژ، کێشه دروست نەکا، هەر چوار ساڵ جارێک مانگی رەشەمه دەبێته ٣٠ رۆژ که پێی دەڵێن ساڵی کەبیسه و ٣٦٦ رۆژه. واته یەک رۆژی زیاتره. ساڵی کەبیسه یانی ساڵی گەوره یان پڕکراو و نێو ئاخندراو.

8265.jpg

نەورۆز
ئاگری نەورۆز/ رۆژی چوارشەممەسووری
سەرەتای بەهار به نەورۆز دەست پێ دەکا که جێژنی هاوبەشی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانه و به رۆژی نەتەوەیی ناسراوه. له نەورۆزدا، له هێندێک شوێنی کوردستان، تەنیا سێ رۆژ پشووی رەسمی رادەگەیەندرێ. بەڵام نەورۆز ١٢ رۆژه که سێزدەهەمین رۆژی خەڵک دەیکەن به جیژنی کۆتایی نەورۆز و روو له دەشت و دەر دەکەن. سێزدە بەدەریش هەر بەو واتایه هاتووه. سێزده + بەدەر. دەر که پێچەوانەی ژووره، هەمان دەشت و دەر یان دەرەوەی ئاوەدانییه.

کەواته رۆژی سێزده خەڵک له شار و ئاوەدانی بەدەر دەبن و روو له دەشت و دەر دەکەن.
هێندێک کەس لەوه بەرزتر هەڵدەکشێن و به هەڵه به مانگی یەکەمی بەهار دەڵێن نەورۆز!!
سەلماندنی ئەو هەڵەیه باسێکی زۆر هەڵدەگرێ که ئێستا مەبەستی ئەو بابەته لەخۆ ناگرێ. بۆیه خۆ له شەرح و شرۆڤەی ئەو بوارە دەبوێرین.

سێزدەبەدەر

وەرزی بەهار سێ مانگه که هەر مانگەی ٣١ رۆژه. ئەو مانگانه بریتین له:

8269.jpg


١ ــ خاکەلێوه

خاکەلێوه لەو واتایەوه هاتووه که زەوی بۆش و کلۆر دەبێتەوه. خاک لێو دەکاتەوه هەتا غونچه له خاک سەر دەربێنێ و مزگێنی بەهار و بووژانەوەی سروشت به خەڵک بدات. وەک مامۆستا هەژار دەڵێ:
مزگێنی دا به ســروه بای بەهـــاری وا هاتـەوه نەورۆزی کوردەواری
به تیشک تێک شـکا سوپای کـــرێوه هەواری رۆژ گەیشته خــاکەلێــوه
فەرمان درا به سـەوزه سەر هەڵـێنێ چیدی له بەندی خاکی رەش نەمێنێ
با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێـــژن با رۆژی رزگاری بکەن به جێژن

لەو مانگەدا هێشتا سەرما شروشتی به جێ نەهێشتووه و بەفر لەسەران و بەنوانەوه ماوه. ورده با و باهۆز، نم و سۆزی سەرمای بەفری سەران دەگەڵ خۆی دێنێتە بێڵایی و نایەڵێ سەرما یەکجاری دەستهەڵگری سروشت بێت. بەڵام بەفرەکان بەرەبەره دەتوێنەوه و سەرما رۆژبەڕۆژ زیاتر و زۆرتر له بڕست دەکەوێ و گەرما هێورهێور خۆ دەردەخات.

8268.jpg


٢ ــ بانەمەڕ (گوڵان)
هەر وەک گوترا، مانگی سەرەتای بەهار سەرما بڕێک گڕوتینی هەر دەمێنێ. کەمتر مەڕ و ماڵات دەتوانێ له هۆڵ و تەویله وەدەر کەوێ. ئەگەریش وەدەرکەوت، ناتوانێ شەو له دەرێ به هۆی باران و تەزووی سەرما خۆ بگرێ. بەڵام کاتێ مانگێک له بەهار دەچێ، هەواوبان خۆشتر دەبێ و گڕوتینی گەرما دە وڵاتی دەگەڕێ. جا ئەوکات پەلەوەڕ بە‌بێ کێشه له دەر و دەشت دەمێنێتەوه. ران و مێگەله مەڕ شەوبەکێو دەبن و به شاخ و کێوان هەڵدەگەڕێن. چونکه خەمی گەڕانەوه بۆ ناو هۆڵ و ماڵیان نییه. بەوه دەگوترێ بانەمەڕ واته مەڕ دەچێته بان و شوێنه دوورەکانی چیا.

لەو لاشەوه بەو مانگه دەگوترێ گوڵان. یانی کاتێ له مانگی پێشوودا خاک دەم دەکاتەوه، لەو مانگەشدا گوڵ سەردەردێنێ و سروشت له گوڵ و جوانیدا دەخەمڵێ.

مامۆستا هێمن له وەسفی ئەو مانگەدا دەڵێ:
بژوێنه هەموو وڵات
زیندوو بۆتەوه ماڵات
جەنگەی بانەمەڕێ هات
بەرەو کوێستان چوو خێڵات

8267.jpg

٣ ــ جۆزەردان
جۆزەردان مانگی سێهەمی بەهاره. لەو مانگەدا رووی سروشتی شین و دارماڵ له سەوزایی، به هۆی گەرمی هەتاوەوه زەرد هەڵدەگەڕێ و سەوزایی بەهار به ئاوزینگی مەرگ دەسپێری.

گەنم و نۆک دەکەونه فەریکه و جۆ دەگەنێ و دروێنەی جۆ دەست پێ دەکات.

مانگەکانی هاوین (ئەوانیش ٣١ رۆژن)

8266.jpg


١ ــ پووشپەڕ
پووشپەڕ مانگی یەکەمی هاوین و یەکەم رۆژی چلەی هاوینه. هەر وەک گوترا له مانگی ئاخیری بەهار واته جۆزەرداندا شروشت زەرد هەڵدەگەڕێ. ورده ورده زەردتر دەبێ و تا دەگاته مانگی دواتر واته پووشپەڕ، بەوپەڕی لاوازی و بێهێزی خۆی دەگا. بۆیه لەو مانگەدا گیاوگوڵ و پووش و پەڵاش له بێهێزی لاسکی دەپەڕی و لاشەی تخێڵی زەوی دەبێ. دەبێته قەرسیل و قانگەلاشکه و بەدەم گێژەڵووکه و شنەی شەماڵەوه، دەخزێته کەند و قووڵکان و پێخوست دەکرێ.

لەو مانگەدا ورده ورده گەنم و نۆک دەگەنێ و بەره بەره دەست به دروێنه و دەسکەنه دەکرێ.

8257.jpg

٢ ــ گەلاوێژ
گەلاوێژ دووهەم مانگی وەرزی هاوینه که بەداخەوه له کوردستانی باشوور به هەڵه به سێهەم مانگی هاوینی دەزانن. واته جێگای گەلاوێژ و خەرمانان جێگۆڕکێی پێ کراوه.

کاتێک ٤٥ رۆژ لە هاوین دەچێ، ئەستێرەیەک له شەوەزەنگدا واته ئەو کاتەی شەو شەق دەبێ، له ئاسمانێ رادەخوشێ و بۆ چەند چرکەیەک رووناکییەکی بەهێز به شەو دەبەخشێ. ئەو ئەستێره ساڵێ جارێک، ئەویش راست له چل‌وپێنجەمین شەوی هاویندا رادەخوشێ. بەو راخوشینه دەڵێن گەلاوێژ ئەنگووت.

کاتێ گەلاوێژ ئەنگووت، بۆ سبە‌کەی هەوا رۆژ بەڕۆژ بەرەو فێنکی دەچێ. رۆژەکان قوڵه و قوڵەتر دەبنەوه و شەوەکانیش درێژ و درێژتر. ئاو ورده ورده سارد دەبێ. گەرما بەرە بەره له گڕوتین دەکەوێ. بەری بەیانان له جیاتی شەونەم، خوس و سیخوار دەکەوێ کەله ناوچەی ئێمه \'\'زوخم\'\'یشی پێدەڵێن. راست له سەروبەندی گەلاوێژدا چلەی هاوین که چل رۆژه، تەواو دەبێت و گەرما ورده ورده له گڕوتین دەکەوێت.

ئەوێ شەوێ گەلاوێژ دەنگووی، کورتترین شەوی ساڵ، و رۆژی پێش ئەو شەوەش درێژترین رۆژی ساڵه. بۆیه ناکرێ (وەک باشوورییەکان کردوویانه) جێگای گەلاوێژ بگۆڕین و بۆ شوێنێکی دیکەی راگوێزین.

8258.jpg

٣ ــ خەرمانان
خەرمانان مانگی سێهەمی هاوینه. لەو مانگەدا خەله و خەرمان خڕ دەکرێتەوه. کاتی کۆکردنەوەی بەهره و بەرهەمی جووتیاران و وەرزێڕانه که بەدرێژایی ساڵ چاوەڕوانیی دەکەن. دیاره له قەدیمدا، به هۆی نەبوونی کەلوپەل و کەرەستەی پێویست و پێشکەوتوو، دروێنه و هاتنە بەرهەمی کشتوکاڵ وەدرەنگی دەکەوت. زۆرکەس هەبوو به هۆی مڵک‌وماشی زۆر، مانگێک، یان مانگ‌و نیوێک وەدوا دەکەوت که راست بەروجێخون دەکەوته مانگی خەرمانان. هەر بۆیەش ئەو مانگه به ناوی خەرمانان کراوه.

دیاره ئەوەندەی بیر و تەمەنی من ئیزنم پێدەدا و وەبیرم دێ، ئەوکاتی لەو مانگەدا خەرمان لێ دەدران. گێرەی پاتاڵیان دادەبەست. کڵۆشیان بەدەوری خۆیاندا پان رادەکرد و ماڵاتیان بە یەکەوه گری دەدا و لەسەر ئەو کڵۆشەیان دەگێڕا تا له ژێر پێیاندا ورد دەبوو. پاشان هەڵیاندەوەژارد هەتا کا و دانیان تاڕادەیەک لێک دەکردەوه. ئەوجار خەیانیان هەڵدەدایەوه و کاتێ بای دەهات، خەیانیان هەڵداویشت و ئەوجار باڵەکەویان دەکرد. تا بەم جۆره گەنمەکه قاڵ دەبۆوه. سووری گەنمیان هەڵدەگرت، زمهەڕی ساڵیان دادە‌خست و باراشیان لێدەکرد. ئەگەر زێده دەبوو، دەچاڵیان دەکرد و چاڵیان پێدادەخست. هەرکات پێویست بایه، چاڵیان دەردێنا و باراشیان بۆ ئاشی دەبرد.

هەر لەو مانگەدا کا دەکێشران، سواخی سەربانان دەکران. بەرومەزرا بەتەواوی بەڕەڵا دەبوون و جووت و گا له مانگی پاشترڕا دەستیان به پاییزه کێڵان دەکرد.

بەڵام کاتێ \'\'خرمنکوب یا خەرمانکوب‌بە چەند شێوه وەدەر کەوت، ماڵاتی بەستەزمان حەسایەوه و لەکۆڵ ئەو بێگارییه بۆوه. بۆ خۆی دان و کای جیا دەکردەوه و دانەکە‌ش تەنیا قوونەکەوێکی دەویست که بە سەرەد و دارگیر دەکرا.

لەودوایی‌یانەدا وەک جاران نەمابوو. هەر له دووهەم مانگ واته گەلاوێژدا، جێخون هەڵدەگیران و کا دەکێشران. زۆربەی لادێیەکان سەربانەکانیان وەکوو شار، به قیرەتاو یان ئیزوگام داپۆشرابوو و پێویستی به سواخ و سوانه و باگردان له ترسی دڵۆپان نەمابوو. ئێستاکه بەداخەوه دەمێکه بەباشی ئاگام لەو دۆخه نەماوه و نازانم چەنده بەرەو پێش هەڵکشاوه.

سێ مانگەی پاییز

8259.jpg

١ ــ رەزبەر
رەزبەر مانگی یەکەمی پاییزه. وەک له ناوەکەی را دیاره، به مانای هاتنه بەروبوو و بەرهەم هێنانی باخ و رەزه. به پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایه که لەو مانگەدا باخ و ڕەز لەبەر دەکەون!

دیاره ترێی خەلیلی له نێوەڕاستی مانگی خەرمانان پێدەگا و ئەوانی دیکه هیندێکیان ترش و شیرین و زۆربەیان هێشتا هەر قۆرەن. بەڵام لە مانگی رەزبەردا به گشتی هەموو جۆرەکانی ترێ دەگاتێ و ئامادەی رنین و بەرهەم هاتن دەبێت.

لەو مانگەدا، جاڕ و بەیار بەڕەڵا دەبن و پەرێز دەکێڵدرێنەوه. ورده ورده وەرزێڕان دەست به چاندن دەکەن و قازوقورینگ به قاڕوقیڕ هەواڵی پاییز بۆ سروشتی زویر و زیز دێنن. ئەوجار رەپسته شین دەبنەوه و دەبنە مەکۆی چاوەڕێی ساڵێکی دیکەی کاکی جووتیار.

٢ ــ خەزەڵوەر ( گەڵاڕێزان)

8260.jpg

خەزەڵوەر
خەزەڵوەر مانگی دووهەمی پاییزه. لەو مانگەدا که سروشت زیز و زویره و گەڵای داران زەواڵ و زەردن. بای شەماڵ هەڵی دەکاتێ و بەرگ و گەڵا‌ی دار و دەوەن، به نابەدڵی جیا دەکاتەوه و دە‌یخاته سەر زەوی. بەیانان سارد و سەرمابردووه و گەڵای دار و دەوەن، دەکەوێته بەر پێیان. شەخته له ئاخر و ئۆخرەکانی ئەو مانگەدا خۆ دەر دەخا و بەپیر مانگی سەرماوەزەوەمان دەبات.

8261.jpg

٣ ــ سەرماوەز
کاتێ سروشت زیز و زویر دەبێ و پەلک و گەڵای دار و دەوەن دادەڕمێ، زەوی چاوەڕوانی تەوژمی سەرما و سۆڵ و زستانی کاس و سڕ دەکات. خۆی به پێشوازی زستانەوه دەچێ و تەڕ و تووشی دەست پێدەکات. باران به خوڕ و جاری واشه بێ‌نێوەدان، توڕەیی سروشت دەنوێنێ. جاری وایه چەند شەو و چەند رۆژ لێی ناکاتەوه. لێوی کێوەکان ورده ورده بار دەگرێ و بەفر سپی پۆشیان دەکات. ئەوجار ورده ورده دەخزێته بەندەنێ و داوێنی کێوەکان دەگرێتەوه و زۆر جاریش خۆ به ئاوەدانی دادەکا و وەک میوانێکی نەخوازراو وەژوور دەکەوێ. ئیدی ئەو رۆژەیه که دەڵێن بەڕەی فەقیری دڕا. واته فەقیر لێی قەوما و دەرەتانی کاسپی و پەیدا کردنی بژیوی ژیانه نەما. ئەوەی لەو چەند مانگەدا پەیدای کردووه دەبێ فریای کەوێ و ئەو چەند مانگه سەرما و سۆڵەی پێ دەرباز بکات. تەیر و تیور، مەل و ئاژەڵەکێوی، ئاوەشی و تەوڕا دەبن. هێندێک بەرەو گەرمەلانێ سەرهەڵدەگرن و هێندێکی دیکەش خەونووچکەی زستان دەیانباتەوه دەگەڵ نکبەتی خۆیان لەناو رەوەز، ئەشکەوت، هیڵانه، کەلێن و کولێن و ... هەڵدەکەن.‌

ئاخیرین شەوی ئەو مانگه واته شەوی یەکەم رژی زستان شەوی یەڵدایه. شەوی یەڵدا درێژترین شەوی ساڵه. ئەوجار له مانگی داهاتوودا شەوەکان قوڵەتر و رۆژەکان درێژ دەبنەوه تا دەگاته نێوەڕاستی هاوین که درێژترین رۆژی ساڵه. (پێشتر باسی لێکراو)

مامۆستا نالی دەڵێ:
شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو!
کە دیدەم دوور لەتۆ بێ‌نوورە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بەدیدەی تۆیە، بۆیە
لەمن وەحشی و رەمیدە و دوورە ئەمشەو
کەتۆی شای کەچ ‌کولاهی دیدەمەستان،
چ باکم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشەو
لەخەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
کەجێم سەردارەکەی (مەنسوور)ە ئەمشەو
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی \'\'نالی\'\'
لە کونجی بێ‌کەسی مەهجوورە ئەمشەو

مانگەکانی زستان

8262.jpg

١ ــ بەفرانبار
بەفرانبار هەر وەک له ناوەکەی ڕا دیاره، یانی مانگی بارینی بەفر و تەوژمی سەرمای زستان. وڵات بەتەواوی سپی‌پۆش دەبێ و زەوی له ژێر تەوژمی سەرمادا فرجەی لێدەبڕێ. سەرما پەلامار و هروژم دێنێ و خۆ به هەموو شوێنێکدا دەکات. لەو ناوچانانەی بەفرگرن، یەکجار زۆر دەبارێ. زۆر جار له یەک یا دوو میتر تێدەپەڕێ.

دەگەڵ یەکەم رۆژی زستان واته یەکەم رۆژی مانگی بەفرانبار، چلەی گەوره دەست پێ دەکات که چل رۆژ دەخایەنێ. پاشان چلەی چووکه دەست پێ دەکا که ئەویش بیست رۆژه که سەرجەم دەبێته ٦٥ رۆژ. سەرما و سەخڵەتی زستان لەو دوو چلەیەدا خۆ دەنوێنێ. پاشان هەوا هێور دەبێتەوه و تەزووی دەشکێت و له گڕوتین دەکەوێت.

8263.jpg

٢ ــ رێبەندان
هەر وەک باس کرا، له مانگی بەفرانباردا، بەفر زۆر دەبارێ. لە رێبەندانیشدا بەفربارین هەر درێژەی هەیه. تاو نا تاوێکی یا دەم نا دەمێکی لێی دەکاتەوه و ئاسمان ساماڵ دەبێ. ئەو شەوانەی ئاسمان ساف و ساماڵه، سەرما به بەرزترین پلەی خۆی دەگا. زەوی یەکپارچه دەبێته سەهۆڵ و بەستەڵەک. دەڵێن تفێ هەڵاوێی دەیبەستێ. ئەوه راست ئەو کاتانەیه که هەوا ساماڵه و سافه. سەرما تەڕایی له بەفر دەبڕێ و بەفر سووک و سووکتر دەبێ. با و باهۆز تاوناتاوێکی هەڵی دەکاتێ و کێژەڵووکەی له بەفرێ ساز دەکا که پێی دەڵێن باڕن. باڕن بەفری سەران هەڵدەگرێ و دەکەلێنانی دەپەستێوێ. رێگەوبانان دەبەستێ و هامووشۆ دژوار دەکات. بۆیه رێبەندانی ناوه.

8264.jpg

٣ ــ رەشەمه
رەشەمه یانی رەشانگ و رەشاتی. واته رەش بوونەوه زەوی دوای ئەوەی به بەفر سپی‌پۆش کرابوو. کاتێ رێبەندان و هەردووک چلەی گەورە و چووکه تەواو دەبن، تەشقی هەوا دەشکێ و زەوی له ناخەوه گەرم دادێت. لەسەرەتای ئەو مانگەدا بای وەعده هەڵی دەکاتێ و دەفر دەفر بەفر دەتوێنێتەوه.

دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم، دڵ کەنالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چی بکەم، بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە بێ بای وەعدە قەت ناتوێتەوە
ئەی خودا کەنگێ ئەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە
هێندێکیش دەڵێن:
بەفری ئادارێ، دەبارێ تا سەر لکی دارێ، نامێنێ هەتا ئێوارێ
کەوابوو لەو مانگەشدا هەم بەفر و هەمیش باران دەبارێ بەڵام وا دیاره بەفرەکه خۆ ناگرێ و خێرا دەتوێتەوه.

هەتاوێکی سەرمابردوو، بەره بەره خۆ دەردەخات. کاتێ له پەنجەرەی ماڵەکانەوه دیتە ژوور، وەهەتاوێکی راستی و پڕ گڕوتین دەچێ. بەڵام لە دەرێ ئاوا بڕناکات. ئەگەرچی کاتێ سێره له بەفر دەگرێ، شوێنه تەنکەکان دەتوێنێتەوه. چۆڕچۆڕەی دەوڵاتی دەخا و پەڵە و رەشایی دەردەکەوێ.

یەکەم گیایەک که له رەشەمەدا له پنجەوه گەرم دادێ و بەفری دەور و لێواری خۆی دەتوێنێتەوه، \'\'ئاڵەکۆک\'\'ـه. دەڵێن: ئاڵەکۆکه پرچنه، چۆڕچۆرەت کەوته بنه، چیتدا لەو ماڵ و ژنه...

ورده ورده سریوە و جریوەی مەلان دەبیسرێ و موژدەی بەهار و نوێ بوونەوەی ساڵ دەدرێ.

تا بەم جۆره جارێکی دیکه، بەهار دەست پێ دەکا و ئاڵای ئازادی و رزگاری لە دەست سپای سەرما له سەربانی مام نەوڕۆز هەڵدەدرێ و بیرەوەرییەکانی زستان به ئاگری نەورۆز دەسپێردرێت.

سەرنج
دیاره ئەو شەرح و شرۆڤانه هی بەشێکی گەوره له کوردستانن که کەشوهەوای کوێستانی و سازگاریان هەیه. رەنگه ئەو جیاوازییانه له موسڵ و کەرکووک یان کەلار و کفری به باشی دەرنەکەون.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە