کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەخلاق و سیاسەت لە روانگەی هێندێک لە فیلەسووفانەوە (مریەم عەلی پوور)

21:26 - 31 خاکەلێوه 2714

مریەم عەلی پوور

زۆر وشە هەن رۆژانە بەکاریان دەبەین و زۆر جاریش لە مانا و لێکدانەوەیان بە هەڵە تێدەگەین و یان بە هەڵە کەڵکیان لێ وەردەگرین. یەکێک لەو وشانە کە هانی دام بۆ نووسینی ئەو بابەتە وشەی ئەخلاقی سیاسی بوو.

دەمەوێ لە سەرەتاوە ئەوە بڵێم کە ئەو نوسراوەیە بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی ئاکادیمیکی و زانستی نییە، لە بەر ئەوەی کاری پسپۆری من لەو بارەوە نییە، بەڵام سەرچاوەی ئەو نووسراوە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی رۆژانەی خۆمە.

لێرەدا چەندین پرسیار دێتە پێش وەک: ئایا ئەخلاق و سیاست دوو دیاردەی جیاوازن؟ ئەخلاق و سیاست پێوەندییان بەیەکەوە هەیە؟ ئایا ئەخلاق چەمکێکی تاکی (شەخسی)ی مرۆڤە و سیاست چەمکێکی کۆمەڵایەتی، یان گشتییە؟ ئایا پرسی ئەخلاق دەتوانێ پرسێکی کۆمەڵایەتی بێت؟

بێ گۆمان وڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری‌تر لەو شێوەیە پێوەندیی بە سروشتی مرۆڤەکان و سروشتی کۆمەڵگەوە هەیە. کاتێک باس لە ئەخلاق دەکرێ، یەکەم شت کە بەمێشکی زۆربەی ئێمەی مرۆڤەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت و دەچێ، لایەنی نەرێنی یان کردەوە خەراپەکانە. بەڵام فەلسەفەی ئەخلاق وەک دوو رووی سکەکە وایە، هەم لایەنی ئەرێنی هەیە و هەم لایەنی نەرێنی یان دەتوانین بڵێین کە پێک هاتووە لە چاک و خەراپ.

ئەخلاق یەکێک لە بەشەکانی فەلسەفەیە کە باس لە پرسیار و وڵامە ئەخلاقییەکان دەکات وەک: چاک و خەراپ، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بابەتەکان، بە باش و بە هەڵە زانینی کارێک یان کردەوەیەک، راستی و نادروستی و .....

هەر چەند باسکردن لە فەلسەفەی ئەخلاقی سیاسی خۆی بابەتێکی بەربڵاوە و زۆر باس هەڵدەگرێت و من لەو نووسینەمدا خۆم لێی نادەم و هیوادارم چەمکی ئەخلاقی سیاسی ببێتە باسێکی جیددی لە ناو ریزەکانی حیزب و ریکخراوە سیاسییەکانی کوردی و کەسانی شارەزا لەو بوارەوە بەوردی وتار و بابەتی لەسەر بنووسن.

ئەخلاق

ئەخلاق یانی رەفتار و کردەوەی هەر مرۆڤێک یا هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان چ بە چاک و چ بە خەراپ، داب و نەریت و پرینسیپەکانی ژیان. ئەخلاق بەشێکە لە بیروڕا یا هەڵسوکەوتی مرۆڤێک لە کۆمەڵگەدا. یا بە واتایەکی دیکە ئەخلاق بەو بایەخە مرۆڤانەیە دەگوترێت کە بۆ کۆنترۆڵ کردنی هەلسوکەوتی مرۆڤ و هەروەها بنەمای جیا کردنەوەی کردەوەی باش و خەراپەکان لە یەکتری.

زۆر بە زمانێکی ساکار دەتوانین بڵێین پرسی ئەخلاق، پرسێکی کۆمەڵایەتییە و نۆرم، پرنسیپ و داب و نەریتەکانی باو لە کۆمەڵدا دەگرێتەوە.

فەلسەفەی ئەخلاق لە یۆنانی کۆنەوە و لەلایەن سێ فیلەسووفی گەورەی وەک ئەفلاتوون، ئەرستۆ و سۆقەرات هاتە گۆڕی و لەگەڵ سەرهەڵدانی رێنەسانس و سیستمی مۆدێرنیت چەمکی ئەخلاق یانی ئەو ئەخلاقەی لای ئەو سێ فیلەسووفە جێگای باس و گفتوگۆ بوو، شوێنی خۆی دا بە یاسا و رێساکان. هەروەها ئەو چەمکە لەلایەن فیلەسووفی تر بەو شێوە یان بە شێوەی تر و بە تایبەت لە شێوەی چەمکی ئەرکخوازی کەلە بۆچوونەکانی \'\'کانت\'\' بوو هاتە ئاراوە. یانی هەنگاو بە هەنگاو فەلسەفەی ئەخلاق کە یەکێک لە دیاردە گرینگەکانی کانت بوو هاتە ژێر باس و ژێر توێژینەوە.

هەر چەند ئەخلاق زیاتر وەک چەمکێکی فەلسەفەیی ئاماژەی پێی دەکرێ و بە درێژایی مێژوو باسی فیلەسوفان بووە، بەڵام بە داخەوە فەلسەفەش تا ئێستا نەیتوانیوە کێشەی ئەخلاق یەک لا کاتەوە. فیلەسوفان بۆچون و ڕوانگەی جیاوازیان لە سەر چەمکی ئەخلاق و سیاسەت هەیە و هەروەها لە سەر پێوەندی ئەو دوو چەمکە بە یەکەوە.

بۆ نمونە ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین. بەڵام لەڕوانگەی نیکولو ماکیاوەلی ئەخلاق و سیاست هیچ پیوەندیەکیان بە یەکەوە نییە. ئەو پێی وایە کە سیاسەت یانی وەدەست هێنانی دەسەڵات وهێز و ئەخلاق هیچ پێوەندیەکی بە دەسەڵات و هێزەوە نییە. ماکیاوەلی زۆر بە راشکاوانە دەڵێت: پێویست نییە سیاستمدارێک پابەند بێت بە رەوشتە باشەکان، بەڵکو بۆ وەدەست هێنانێ دەسەڵات و مانەوە لە دەسەڵاتدا هانیان دەدات بۆ فێڵ و درۆ و کەڵەک. لە ڕوانگای ماکیاوەلی سیاستمداری باش دەبێ هەم شێر بێت و هەم ڕێوی. ماکیاوەلی پێی وابووە پێویست ناکات ”میر“ خاوەنی ئەخلاقی باش بێت گرینگ ئەوەیە کە بە ڕەواڵەت خۆی بە مرۆڤێکی باش پێشان بدات. ئەو هەموو ڕا و بۆچونەکانی وەک کتێبێکی کاری (Praktisk hهndbok) بە ناوی ”میر“ (شازادە) یابە نۆروێژی(Fyrsten) بۆ میری وڵات دەنووسێت بۆ ئەوەی لە کاتی وەدەست هێنانی دەسەڵات کەڵکی لێ وەرگرێت. ئەو کتێبە ٥ ساڵ دوای مەرگی ماکیاوەلی چاپ و بڵاو دەبێتەوە. تۆێژینەوەکانی ماکیاوەلی لە سەر ڕووداوەکانی سیاسی بوو. ئەو سیاسەت و ڕێبەرانی سیاسی بەو شێوەی کە هەبوون باس دەکرد نەک بەو شێوەی کە دەبێ بەبن.
لە دوای ماکیاوەلی، توماس هۆبز درێژەدەری ئەو بیرو بۆچوونانەی ئەو بوو بەڵام بە شێوەیەکی تر. هۆبز باوەری بەوە بوو کە بۆ ئازادی کەسێک، دەبێ ماف و ئازادی کەسێکی تر یا کەسانی تر زەوت بکرێ یا ژێر پێ بخرێ. یا دەڵێت: ”مرۆڤ لە ئاست مرۆڤدا گورگە “.

بەڵام کانت بە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکاتەوە و ئەو پێی وایە کە مرۆڤێکی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت. هەر بۆیە بەو
شێوە باس لە ئەخلاقی مرۆڤێکی سیاسی دەکات و دەڵێت:
ئەوەی بۆ خۆت رەوا دەبینی بە خەڵکیش رەوا ببینە.
یەکێک لە کردەوەکانی مرۆڤێکی بە ئەخلاق ئەوەیە کە دان بە هەڵەکانی خۆێدا بنێت.

لادان لە شتە گشتیەکانی کۆمەڵگە دەچێتە ناو خانەی بێ ئەخلاقیەوە بۆیە گرینگە بۆ مرۆڤێکی بە ئەخلاق لەو شتە گشتیانەی کۆمەڵگە لا نەدات.

هەموو ئەو کارانەی کە بە بێ ئەخلاقیان دەزانین پاساو بۆ ئەنجامدانیان نەهێنینەوە.

لە روانگەی کانتەوە ئەخلاق تەنیا تایبەت بە کردەوە و رەفتارەکانی مرۆڤە. ئەوە ئەخلاقە کە مرۆڤ لە ئاژەڵ ( حەیوانات) جیادەکاتەوە. هەروەها ” کانت“ پێی وابوو کەسێک دەبێت بە مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق کە هەست بە ئەرک بکات نەک ئەوەی کە لەبەر بەرژەوەندی⁄ قازانج، ترس، سەزادان، پاداش یا یاسایەک ناچاری بکات بۆ کردنی کارێک یا ئەرکێک.

سیاسەت
بۆچوونی زۆر جیاواز هه‌یه‌ بۆ پێناسه‌کردنی سیاسه‌ت و ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زانایان و فیلەسوفان له‌ سه‌ری کۆکن و ده‌ڵێن سیاسه‌ت یانی:
پرۆسه‌ی بریاردان، هونه‌ری که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ده‌رفه‌ته‌کان،حوکم کردن له‌ سه‌ر مرۆڤه‌کان، به‌ربه‌رکانی کردن بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات و هێز یا بۆ ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵات و هێز، په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌کان، یا به‌گشتی له‌ وڵاتێکدا سیاسه‌ت یانی پرۆگرامێک بۆ به‌رێوه‌بردنی کاری ده‌وڵه‌ت وه‌له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا یانی په‌یوه‌ندی له‌نێوان دوو یا چه‌ندین ده‌وڵه‌ت.

یونانییه‌کان به‌و شێوەیە‌ سیاسه‌ت پێناسه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌ڵێن سیاسه‌ت یانی هونه‌ری رێکخستنی کۆمه‌ڵگه‌ یان هونه‌ری مومکین بۆ به‌دیهێنانی ئیده‌و فکری سیاسی.

ئەخلاق و سیاسەت

زۆربەی فیلەسوفان لە سەر چەمکی ئەخلاق ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەن

کە دەڵێن بۆ مرۆڤێکی سیاسی خاوەن ئەخلاق پێویستە:

یەکەم: ئازادی و هەبوونی ئیرادە. یانی مرۆڤ بەویست و داخوازی خۆی کارێک بکا، نەک بە زۆری پێی بکەن. ئەگەر کارێک بە زۆر پێت بکەن هەر چەند ئەو کارە باشیش بێت ئەوە دەچێتە ناو خانەی بێ ئەخلاقیەوە.

دووهەم: هەست کردن بە بەرپرسایەتی. کاتێک کەسێک هەستی بە بەرپرسایەتی کرد بۆ بەجێگەیاندنی کارێک، ئەگەر ئەو کارە لەو کاتدا دەستکەوت یا ئاکامی باشیشی نەبوو، بەڵام مرۆڤەکە لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە کارەکەی دەرەنجامێکی باشی دەبێت، بە جێگەیاندنی ئەو کارە دەچێتە ناو خانەی ئەخلاقی باشەوە.

هەر کات باسی سیاسەت دەکەین ناتوانین خۆ لە دەوڵەت دوور کەینەوە و بە پێچەوانەکەشی. کە واتە سیاسەت و دەوڵەت پێکەوە گرێدراون. هەروەها ئەوە مرۆڤەکانن بریاری ئەو یاسا و ڕێسایانە دەردەکەن، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەخلاقی مرۆڤەکان بە باش و خەراپ کاریگەری هەیە و دەبێت لە سەر شێوازی کاری سیاسی یا بەڕێوەبەری دەسەڵات و دیاری کردنی ئەو یاسا و ڕێسایانە. ” هێگل “ بڕوای وایە کە ئەخلاقی دروست بۆ کۆمەڵگەیەک لە بوونی دەوڵتێکی ئازاددا دێتەدی کە یاسای دروست و باشی هەبێت.

روانگەی ئەفلاتون لە سەر دەوڵەت و ئەخلاق دەڵێت: وڵاتێک یا تەنانەت تاکێکیش کە پەنا بۆ توند و تیژی و شەڕ دەبات، هۆی ئەوەیە کە پایەی بنەما ئەخلاقیەکانی لاواز و لەرزۆکە. هەر بۆیە لە روانگەی ئەفلاتونەوە ئەو دەوڵەتە یا ئەوتاکە بێ ئەخلاقە کە پەنا بۆ شەڕ و توندو تیژی دەبات.
ئەگەر بەمان هەویت نمونەیەکی دەوڵەت و حکومەتێکی بێ ئەخلاق نێو بەرین دەتوانین بڵێین باشترین نمونە کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هەروەها هیچ یەک لە سیاستمدارانی کۆماری ئیسلامیش خاوەنی ئەخلاقی سیاسی باش نین.

زۆر لە فیلەسوفان دەڵێن دوو شێوازی ئەخلاق هەیە، یەکەم ئەخلاقی تاک کە تایبەت بە خودی مرۆڤە وەک کەسایەتی خۆی و دووهەم ئەخلاقی کۆمەڵ کە بە پێی یاسا و ڕێساکانی سیاسیەوە، کۆمەڵە رەفتارێک بۆ کۆمەڵگە دیاری دەکرێ و خودی ئەو یاسایانەن کە فەرمانەروایی ئەخلاقی کۆمەڵگە دەکەن. کە واتە جیاوازی نێوان ئەخلاق و سیاسەت هەمان جیاوازی نێوان بنەما ئەخلاقیەکان و بنەما یاساکانە.

زۆربەی زۆری مرۆڤەکان لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە چاو لە هەڵس و کەوت یا کار و کردەوەکانی سیاستمدارن دەکەن و هەڵی دەسەنگێنن.
پاراستنی ماف و دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا یەکێک لە بنچینەکانی ئەخلاقە. وە بەدی هێنانی ماف و دادپەروەریش لە کۆمەڵگەدا ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە. کە واتە دەبێ خەڵک متمانەی بە دەسەڵاتی سیاسی هەبێ. ئەوەش پێمان دەڵێت کە هەبوونی ئەخلاقێکی باش بۆ مرۆڤێکی سیاسی پێویستە.

بە چاو خشاندنێک بە سەر ئەو بیر و بۆچۆنانەی فیلەسوفان و پێناسە لە سەر ئەخلاق، پێ تان وا نییە هۆی سەرەکی هەموو ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە، لاوازی ئەخلاقی سیاسییە لە ناو کۆمەڵگەدا؟
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناسەی فەلسەفەی ئەخلاقی ماکیاوەلی کەڵک وەردەگرن کە لە سەر درۆ و فێڵ و کەڵەک پێ دادەگرێ و ئەوەش جێگای رەزامەندی زۆربەی خەڵک نییە.

من پێم وایە بۆچونی کانت لە سەر ئەخلاق و سیاسەت باشترین و گونجاوترین بۆچونە بۆ کۆمەڵگەی کوردی. وڵامی ئەو پرسیارە کە ئایا زۆربەی سیاستمدارانی ئێمەی کورد خاوەنی ئەخلاقی سیاسی لەسەر بۆچوونی کانت هەن یا نا، دەی هێڵمەوە بۆ خوێنەرانی ئەو بابەتە.

هیوادارم بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی سالم، بە ئەخلاق، ئازاد و دێموکراتیکمان هەبێت، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردی لە رێگای سمینارو خولی راهێنان، باسی ئەخلاق و بە تایبەت ئەخلاقی سیاسی بەخەنە ناو دەستوری کاری رۆژانەیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە