کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نە شین بۆ مردوو، نە رەنج بۆ ناکەس! (قادر ئەلیاسی)

18:17 - 11 گەلاوێژ 2714

(قادر ئەلیاسی)

هونەرمەندی گەورە، شارام نازری، دوای ساڵانێک هەوڵ و تێکۆشان، سەرەنجام رۆژی پێنجشەممە، ١/٣/١٣٩٣ی هەتاوی (٢٢/٥/٢٠١٤ی زایینی) رێگای پێ درا کۆنسێرتێکی دوو زمانەی فارسی، کوردی لە شاری کرماشان بەڕێوە ببا. ئەم کۆنسێرتە، لە نێو میدیا و دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئاخووندیدا هەرایەکی زۆری نایەوە. چونکە هونەرمەند جگە لە بەشی یەکەم کە تەرخان کرابوو بۆ مووزیک و گۆرانی فارسی، لە بەشی دووهەمدا ئاوڕی دایەوە سەر زمانی کوردی کە زمانی دایکیی هونەرمەندە.

نازری لە بەشی کوردییەکەدا، بە پێشکەش کردنی گۆرانی کوردستان گەر تۆم نەبێ، هەستی ئامادەبوانی زیاتر جووڵاند. ئەم گۆرانییە و چەند هەڵبەستێکی فۆلکلۆری دیکەی وەک \'\'خوەم کرماشانی، فارسی نازانم/ وە زوان کوردی، قەزات لە گیانم\'\' بەشێک لە فارسە شۆڤێنیستەکانی حاکمی ئێران (کە بەداخەوە ژمارەشیان کەم نییە) لەگەڵ کاسەلێسەکانی نزیک لە دامودەزگای ئەو رێژیمەی هێنایە لێدوان. جگە لە پێناخۆش بوونی ئەو قوڵەچۆماغانەی دەسەڵاتی ئاخووندی، رۆژنامە و راگەیاندنەکانی وەک مۆسیقای ئێران، رجا نیووز، پارسینە و... هتد دەستیان دایە هێرش و هیچیان بۆ نازری نەهێشتەوە.

ئەو هونەرمەندە ٦٥ ساڵەیە کەلە ٩ ساڵییەوە، تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە هونەری فارسی تەرخان کردووە، بە شەوێک دەبێ بە دژی نەتەوەی فارس و بە جیاوازیخواز و رەگەزپەرست (کورد) لە قەڵەم دەدرێ.

بەر لەوەی بچینە سەر هۆکاری ئەو دژکردەوانە کە دوای ئەو کۆنسێرتە بەرامبەر بە نازری ئەنجام درا، بە پێویستی دەزانم ژیانی ئەم هونەرمەندە ناسراوە، بە چەند دێڕێک بەسەر بکەینەوە:

شارام نازری، هونەرمەندی رەدیفخوێنی ئاواز و مووزیکی فارسی، ساڵی ١٣٢٨ ی هەتاوی لە شاری کرماشان هاتۆتە دنیا. هەر بە منداڵی لە ژێر ساباتی بنەماڵەی نازری، بە تایبەت دایک و باوکیدا پەروەردە کراوە و ئاشنای ئاواز و مووزیکی ئێرانی بە گشتی و مووزیکی رەسمی وڵات (فارسی) بووە.

دوای ساڵانێک خۆماندووکردن، توانیویەتی بڕوانامەی بەرز لە بواری هونەری مووزیک و گۆرانیدا، وەربگرێ.

ئەو یەکەمجار بە شیعری مەولانا جەلالەددینی رۆمی دەستی بە تێکۆشانی هونەری کرد و زۆری نەبرد، لە پانتایی ئێران و دنیای هونەردا بوو بە ناوێکی ناسراو. شارام لە بواری مووزیک و گۆرانیدا بە شێوازی تایبەت بە خۆی، بە یەکێک لە لووتکەکانی ئاوازی ئێران دەژمێردرێ. ناوبراو هەر وەها بۆ بەرهەمەکانی لە هەڵبژاردنی شیعری نوێدا رچەشکێن بووە. ئەم هونەرمەندە، خزمەتێکی گەورەی بە مووزیک و زمانی فارسی کردووە.

نازری لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ کاری هونەریدا، ٤٠ بەرهەمی گۆرانی و مووزیکی لە چوارچێوەی \'\'کاسێت و سی‌دی\'\'دا بە زمانی فارسی، پێشکەش بە ئاخێوەرانی ئەو زمانە کردووە. لە پاڵ گشت ئەم هەموو هەنگاوانەدا کە چۆتە دەرەوەی وڵات و گەشتی هونەری کردووە، لەگەڵ پێشکەش کردنی بەرهەمە فارسییەکانی بۆ بەشداران، چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردیشی خوێندووە. ئەم کارە، بووە بە هۆی پێوەندییەکی زیندوو لە نێوان شارام و کوردەکانی دەرەوەی وڵاتدا. بە جۆرێک تا هاتووە، پەرەی پێدراوە.

شارام، لەگەڵ ئەوەی شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکا و مووزیکی کوردی بەرز دەنرخێنێ، بەڵام وەک لە فارسییەکەدا لووتکەیە و بۆ ئەو بوارە باش پەروەردە کراوە، لە کوردییەکەدا، جگە لە بەرهەمی ئەساتیر و شانامەخوێنییەکەی کە ئەویش تێکەڵاوێکە لە ئاوازی کوردی و فارسی (بە هونراوەی هەر دوو زمانەکە)، داهێنانێکی بە زمانی دایکی خۆی (کوردی) نییە. چونکە بەپێی ئەو چوارچێوەیە کەلە ئێراندا بۆ نەتەوەیەک بە ناوی فارس پاوان کراوە و بۆ نەتەوەکانی دیکە یاساغە، خاوەن هونەرێکی وەک شارام نازری، توانایی‌یەکەی لەو ژینگەدا و بەو زمانە دەردەکەوێ کە پێی پەروەردە کراوە. ئەویش زمانی زکماکی خۆی نییە. ئەم دیاردەیە تەنیا ئەو ناگرێتەوە، بەڵکوو دەتوانین لە بواری گۆرانیدا ئاماژە بە ناوی سەدیق تەعریف، ئیبراهیم تاتلیساس، نەمر ئەحمەد کایا و ... بکەین کەلە فارسی و تورکیدا سوارچاکن، بەڵام لە کوردیدا، کارێکی وایان نەکردووە. لە بواری نووسینی رۆمان و وەرگێڕاندا بۆسەر زمانی فارسی، نووسەرگەلێکی گەورەی کوردی فارسی نووس وەک نەمران محەممەد قازی، ئیبراهیم یوونسی و ئەبوولقاسم لاهووتی ئەم رێگایەیان بەر لە نازری پێواوە. هەر وەها لەو کەسانەش کە ئێستا لە ژیاندا ماون، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەنسوور یاقووتی و عەلی محەممەد ئەفغانی بە فارسی، یەشار کەماڵ بە تورکی و سەلیم بەرەکات بە عەرەبی سەدان بەرهەمیان پێشکەشی کتێبخانەی زمانی فارسی، تورکی و عەرەبی کردووە. ئەم خاوەن بەهرانە، ئەگەرچی بەرهەمەکانیان لە ناوەڕۆکدا دەوڵەمەند و بە پێزن، بەڵام ناچنە خانەی کوردییەوە.

کاتی خۆی، بە بۆنەی ماڵاوایی یەکجاری محەممەد قازی، نووسینێکم بڵاو کردەوە. لەو وتارەدا رامگەیاند: لەگەڵ ئەوەی بەرهەمەکانی قازی و یوونسی و ئەفغانی و ... کە بە فارسی نووسراون، یان لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی، شاکارن، بەڵام دەبنە بەرهەمی کتێبخانەی فارسی و ئەو زمانەی پێ دەوڵەمەند دەکرێ. ئێستاش بۆ بەرهەمە ناوازە و داهێنانە بەرزەکانی نازری کە بە زمانی فارسی هاتوونەتە بەرهەم، هەر هەمان بۆچوونم هەیە.

ئەم خاوەن بەهرە گەورانە، ئەگەر دەرفەتیان هەبایە و بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە کرابان، بێگومان ئەو بەرهەمانەیان بە زمانی کوردی بۆ نەتەوەکەی خۆیان بەرهەم دەهێنا. کاتێک گوێگرێکی کورد، گوێ بۆ تاتلیساس رادەگرێ، لاوکێکی کوردی بە پەیڤی تورکی دەبیستێ، یان ئەگەر خوێنەرێکی کورد رۆمانی مێردی ئاهووخانم شوهر آهو خانمی عەلی محەممەد ئەفغانی دەخوێنێتەوە، وا دەزانێ ئەم رۆمانە، سەرەتا بە زمانی کوردی نووسراوە و دواتر کراوە بە فارسی، چونکە ناوەڕۆکی رۆمانەکە باس لە جوغرافیا و ژیانی کۆمەڵە خەڵکێکی ئاشنا دەکا کە کرماشانە. هونەرەکە لە زۆربەی ئەو بەرهەمانە بە بیری کوردی داڕێژراوە، بەڵام بە زمانی فارسی، تورکی، یان عەرەبی نووسراوە.

نازری هونەرمەندیش، خاوەن بەهرەیەکی کوردە کە بە زمانی کوردی بۆ نواندنی هونەرەکەی پەروەردە نەکراوە. نەتەوەکەی بندەستە. زمانەکەی لە بازاڕی دەسەڵاتی ئێراندا، نەک بە چاوی زمانێکی سەربەخۆ سەیر ناکرێ و رێگەی پێنادرێ، بەڵکوو بە زاراوەیەکی دەشتەکیی زمانی فارسی وێنا دەکرێ. بۆیە ناوبراو و خاوەن بەهرەکانی دیکەی کورد، بۆ ئەوەی توانای هونەریی خۆیان بنوێنن، ناچارن بەو زمانەی تێیدا قاڵن، خۆ دەرخەن.

هونەرمەند نازری، بە وتنەوەی هەڵبەستەکانی مەولەوی، حافیز، سەعدی، فیردەوسی و پەیڤی شاعیرانی هاوچەرخی فارسی بێژی دیکە، دەیان خەڵاتی نێوەنەتەوەیی وەک خەڵاتی باشترین مووزیکی عیرفانی جیهان، ساڵی١٩٩٧، لە فیستڤاڵی فاس لە مەراکیش، خەڵاتی لژیون دونیور، ساڵی٢٠٠٧ ( شوالیەی ئەدەب و هونەر) ساڵی٢٠٠٧ ــ فرانسە، خەڵاتی هونەرمەندی هەڵبژاردەی ئاسیا لەلایەن کۆمەڵەی وڵاتانی ئاسیاوە، خەڵاتی ئەفسانەی زیندووی زانکۆی کالیفۆرنیا، خەڵاتی زێڕی ئاسمان لە شاری قوونیەی تورکیە، خەڵاتی کلیلی زێڕی شاری خۆی، رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی شارەداری ئەیرواینی کالیفۆرنیا، خەڵاتی کۆنگرەی ئەمریکا، خەڵاتی زانکۆی هارواردی ئەمریکا بۆ خۆی و بۆ زمانی فارسی وەرگرێ. سەرەڕای وەرگرتنی ئەم گشت بڕوانامە گەورانە کە لەسەر ناساندنی شیعر و ئەدەبی فارسی، پێی دراوە و شانازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زمانە، کەچی لە بەر ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و کورتی نازری لە زمان و هونەری کوردی، لەو شارەی کە زێد و شوێنی لە دایک بوونیەتی، ئاوا دەکەوێتە بەر لافاوی بێحورمەتی بەشێکی زۆر لە نەتەوەپەرستە شۆڤیینیستەکانی فارس.

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، مامۆستا شارام نازری ئەم سەرکەوتن و پێشکەوتنەی تەنیا لە پای ئەو توانایی‌یە وەدەست نەهێناوە کەلە زمانی فارسیدا بوونی هەیە. راستە زمانی فارسی، زمانێکی پێشکەوتووە و بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ وەک تاکە زمان لەو وڵاتە خزمەتی کراوە. بە جۆرێک بە زۆر بووە بە میراتگری زمانی ٥ نەتەوەی دیکە ( کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و تورکەمەن). هەر ئەم زمانەش تەنیا زمانی رەسمی وڵاتە. ئەگەر زمانی نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئێران، ئەو دەرەتانەیان هەبایە کە زمانی فارسی هەیەتی، هەم وەک زمانی فارسی گەشەیان دەکرد و هەم ئەو خەڵاتە نێونەتەوەیی‌یانەش کە نازری و کەسانی دیکە لە پێناوی ناساندنی شیعر و پەیڤی فارسیدا وەریانگرتووە، دەبوو بە سامانی ئەو نەتەوەیە کە شارامی لە باوەشی خۆیدا پەروەردە کردووە.

لەگەڵ ئەو راستیانەی سەرەوەدا، زۆر جار کورد و هزرڤانانی ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا، هەوڵیان داوە هەڵوێستی وا نەنوێنن کە وەک دوژمن سەیری نەتەوەی فەرمانڕەوا (فارس) بکرێ. بەڵام راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران کە یان فارسن و یان پەیڕەوی لەو روانگەیە دەکەن، جگە لە فارس و زمانی فارسی، زمان و ئەدەب و وێژەیەکی تر لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە نابینن. هەر ئەم بۆچوونە چەوت و یەکلایەنەی نەتەوەپەرستانی دەسەڵاتدار و بەشێک لە قەڵەم بە دەستانی رێژیمی ئێران (فارس) دژی شارام، وامان لێ دەکا، جارێکیتر ئەو پەندە کوردییە دووپات بکەیەنەوە کەلە مێژە وتراوە: \'\'نە شین بۆ مردوو، نە رەنج بۆ ناکەس\'\'.

ژێدەر:
١ ــ شانامەخوێنی بە کوردی
٢ ــ شانامەخوێنی بە فارسی
٣ ــ وتووێژی شەریف فەلاح، کوردستان میدیا
٤ ــ ماڵپەڕی بەڕوو
٥ ــ شەپۆل عەباسی
لە بەشی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کوردستان، ژمارە٦٣٢دا بڵاو بۆتەوە

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە