کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە کوژرا

15:53 - 25 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دراوەتە بەر دەسترێژی راستەوخۆی گوللـە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست‌دا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەسترێژی گوللـە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

شوناسی ئەم کۆڵبەرە کوردە سەروان حۆسینی و خەڵکی گوندی قامیشەڵەی ناوچەی سەرشیو ی سەربە شاری سەقز راگەیندراوە.

سەروان حۆسینی لە شوێنێک بە ناوی نەنۆر کە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی شارستانی بانە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقە، دراوەتە بەر دەسترێژی گوللـە.

لە پێوەندییەدا، سەرلە بەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی هەنگی سنووریی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، تەقەیان لە کاروانی کۆلبەرانی کورد کردووە و لە سەرەڕای تەڵەف‌بوونی چەندین حەیوانی بارهەڵگر، هێزەکانی رێژیم بارەکانیان لێ زەوت کردوون.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ٦٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنوورییەکان و جاددەکانی کوردستان لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی رێژیم کوژراو و بریندار بوون.