کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی پشتیوانی ناکات

16:41 - 29 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە سیناتۆرەکانی کۆنگرەی ئامریکا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە کۆنگرەی ئامریکا لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکی نێوان ئێران و ئامریکا پشتیوانی ناکات.
بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا\'\'، روژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، مارک کرێک، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە ویلایەتی ئیلینۆ، لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت لە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئامریکا دژکردەوەی نیشاندا.

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆشکی سپی بڕیاری دابوو کە بارک ئوباما لە تەواوی دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەرگرێت هەتا ئەو رێکەوتنە پێویستی بە پەسند کردنی کۆنگرە نەبێت.

مارک کرێک ئەم راگەیەندراوەی لە وڵامی دەوڵەتی ئامریکا سەبارەت بە ئەوەیکە بۆ پەسندکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی پێویستی بە کۆنگرەی ئامریکا نەبێت، بڵاو کردەوە.

ئەو سیناتۆرە کۆماریخوازە لە یەکگرتوویی و هاودەنگیی کۆنگرەی ئامریکا بە هۆی دەورلێدانی کۆنگرە لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە بڵاوی کردەوە و لە پێوەندییەدا هاتووە : ئێمە لە رێکەوتنێک نێوان ئۆباما ــ خامنەیی پشتیوانی ناکەین کە منداڵانی خۆمان وادار بە داهاتوویەک بکەین کە لە رۆژهەڵاتی ناوینی پڕ لە چەکی ئەتۆمی دا بژین.
هەر لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەری مێهر کە لە هەواڵدەرییەکانی نزیک بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لە راپۆرتێکدا ، قسەکانی جەواد کەریمی‌قدووسی ئەندامی باڵای بەڕێوەبەری دانوستانەکانی رێژیمی ئێران کە لەزاری عەباس عێراقچیەوە لە قبووڵ‌کردنی چالاکیی ٤ هەزار سانتریفیووژ لەلایەن ئامریکاوە باسی کردبوو، بڵاو کردەوە.

ئەمە لە حالێکدایە کە پێشتریش، ئامریکا لە دانوستانەکانی نیۆیۆرک و ڤییەن قەبووڵی نەدەکرد کە ئێران زۆرتر لە ١٣٠٠ سانتریفیووژی چالاکی هەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، یووال ئیشتاینیتز، وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیلیش بە نیسبەت رێکەوتنی خراپ لەگەڵ رێژیمی ئێران هوشداریی داوە و رایگەیاندووە کە ئیسرائیل مەترسییەکی زۆری لە دانوستانەکانی ئەتۆمی ئێرانی هەیە و بەتایبەت پیتاندنی ئورانیۆم هەڵەیەکی گەورەیە.

وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل لە درێژەدا نیسبەت بە کەم‌بوونەوەی رەخنەکانی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئیسلامی بە هۆی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هوشداریی داوە و وێڕای جەخت‌کردنەوە لەسەر گرینگ‌بوونی شەڕی داعش وتوویەتی کە ئەم شەڕە نابێت بە قیمەتی کەمبوونەوەی روانگەی رەخنەگرانەی کۆمەڵگای جیهانی لە پرۆگرامی ناوکیی ئێرانی تەواو بێت.

هەروەها، رۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە رەوتی دانوستانە ناوکییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی، نیگەرانیی خۆی دەربڕێوە و رایگەیاند کە ئێمە رووبەڕووی رێکەوتنێکی مەترسیدار نێوان زلهێزانی جیهانی و ئێران راوەستاوین کە دەهێڵێت ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات.

ماوەیەک پێش ئێستا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانی خۆی لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیرانی چەکدار بە چەکی ناوکی مەترسیدارتر لە داعش وەسف کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا، فرانک واڵتێر ئیشتاین‌مایر، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاویدا، رایگەیاند کە ئێران لەوە زیاتر ناتوانێت کات بکوژێت و پێش بە پێشرەوی دانوستانەکان بگرێت.

زۆربەی کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران بە درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانەکانی وەزی ناوکی تەنیا لەهەوڵی کڕینی کاتدا بووە و بە سەرنج دان بە هێڵە سوورەکان کە لەلایەن رێبەری رێژیمی ئیسلامییەوە بۆ گرووپی دانوستانکار دیاری کراون، ئەگەری دوایین رێکەوتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و شەش زلهێزی جیهان زۆر کەمە.