کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست‌وپێوەندییەکی رێژیم لە ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆ بریندار بوو

16:13 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دەست‌وپێوەندییەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیشتووی مرگەوەڕی سەربە شاری ئورمیە لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە تەقەی لێکراوە و هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئورمیە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مەنسوور جەوانی دانیشتووی گوندی نێرگیی سەربە ناوچەی مرگەوەڕی ئورمیە کە لە ژێر فەرمانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵی چالاکیدایە لەلایەن کوڕەکەیەوە تەقەی لێکرا.

مەنسوورجەوانی دەستی لە شەهیدکرانی چەندین پێشمەرگەی حێزبی دێموکرات کوردستانی ئێراندا هەبووە.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو لە ناوچەی مرگەوەڕی ئورمیە، ئەم دەست‌وپێوەندییەی رێژیم لە حاڵێکدا کە هاوسەرەکەی داوەتە بەر ئازار و و ئەزیەت لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە بە چەکی رێژیمی ئیسلامیی کە لە ئیختیاری دابووە، تەقەی لێکراوە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەم رووداوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە: لە شەش گولـلە کە کوڕی ئەو دەست‌وپێوەندییەی رێژیم تەقاندوویەتی تەنیا یەک گولـلەی بەر باوکی کەوتووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئورمیە لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە و بارودۆخی ناڕوونە.

لەم پێوەندییەدا، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵیشادا، یەکێک لە فرۆشیارانی ماددە سڕکەرەکان کە بە هاوکاریی رێژیم و دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە بۆکان لە حاڵی چالاکیدا بووە، لەلایەن باوکییەوە بە تەور کوژراوە.

شوناسی ئەم مەوادفرۆش و بڵاوکەرەوەی ماددە سڕکەرانە ئەمیر ئەفشار تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی عەلی ناسراو بە خانی مەواد و دانیشتووی گەڕەکی مەجبورئاوای شاری بۆکان راگەیاندرابوو.