کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری چەندین جارەی نتانیاهۆ سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی

21:04 - 6 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بنیامین نتانیاهۆ بۆ چەندمین جار لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی هۆشداری دا.

رادیۆ فەردا لە زاری میدیاکانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا لە رێوڕەسمی کرانەوەی خولی زستانی کۆنسێتی پارلمانی ئیسرائیل بۆ چەندمین جار لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران و ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە بۆمبی ئەتۆمی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و بە گرووپی دانوستانکار لەگەڵ رێژیمی ئێران هوشداری داوە.

نتانیاهۆ لە لێدوانی خۆیدا سەرەرای وەسفی شکەستی داعش وەکوو تەنیا عەمەلیاتێک لە تەواوی شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رو بە کۆمەڵگای جیهانی بەتایبەت وڵاتانی دانوستانکار لەگەڵ رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە ئەگەر شکستتان بە داعش هێنا، بەڵام ئێران توانیی بە بۆمبی ئەتۆمی بگات، تەنیا لە عەمەلیاتێکدا سەرکەوتوون، بەڵام لە گشتایەتیی شەڕەکەدا دۆڕاون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نزیک بە سێ حەوتوو لەمەو بەر لە چاوپێلەوتن لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرکۆماری ئامریکا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە رێکەوتنی ناوکی خراپ لەگەل رێژیمی ئێران کە رێژیمی ئێرانی بە چەکی ناوکی دەگەیەنێ هۆشداری دابوو.

سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵیش بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێک لە کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئێرانی خاوەن چەکی ناوکیی لە داعش مەترسیدارتر وەسف کرد و داوای کرد کە هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی بەرهەمهێنەری چەکی ناوکی رێژیمی ئێران، لە ناو ببردرێت.

ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رێککەوتنی ناوکی دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان \'\'دووپات بوونەوەی رێککەوتنی هاوشێوەی کورەی باکوور\'\' وەسف کرد و جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران لە پشتیوانانی سەرەکی تیرۆریزمی دەڵەتی لە جیهانە کە بە دامەزراوە ناوکییەکانی کۆریای باکوور هەرگیز لە ناو نەبردران و ئەو هەڵەیە نابێت لەگەڵ رێژیمی ئێران دووپات ببێتەوە.

لەو پێوەندییەدا دوای ئەوەیکە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری سالی رابردوو کۆشکی سپی بڕیاری دابوو کە باراک ئۆباما لە هەموو ئیختیارەکانی خۆی کەڵک وەر بگرێت هەتا بۆ پەسندکردنی ئەگەری رێکەوتن پێویستی نە کۆنگرە نەبێت، نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بەو مەسەلەیە دژکردەوەی توندیان لە خۆ نیشان دابوو.

ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان ئامریکا، مارک کرێک و ئێلینا رۆز لتینن، لە کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بە رێکەوتنی هەڵە لەگەڵ رێژیمی ئێران هۆشداریان بە دەوڵەتی ئامریکا داوە و مەرجی رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان پێوەندیدار بە دەست هەڵگرتنی تەواوی ئەو رێژیمە لە زێدەخوازییە ناوکییەکان و روونی بوونی بەرنامەی ناوکی و هەروەها نەبوونی هیچ جۆرە ئەگەرێک بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەو رێژیمەوە، وەسف کردوە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، ئۆلی هاینۆنن، جێگری پێشوووی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی و مامۆستای زانکۆی هاروارد لە وتووێژێکی رادیۆیی‌دا لە شاری نیویۆرکی ئامریکا رایگەیاند کە رێژیمی ئیسلامی هەتا چەند مانگی داهاتوو دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی رادەگات.

ئۆلی هاینۆنن، جێگری پێشووی سەرۆکی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە درێژەدا وتوویەتی: ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان بێ هیچ ئاکامێک و رێکەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران کۆتایی پێ بێت، رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات.