کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوتی رێژیمی ئێران لە سەدا ٣٠ دابەزیوە

15:41 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کەم بوونەوەی رێژەی بەرهەم هێنانی نەوت بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و هاتنە خواری نرخی نەوت، داهاتی ساڵانەی نەوت بۆ رێژیم ئیسلامی لەگەڵ دابەزینی لە سەدا ٣٠ روبەڕوو کردوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی فەرانسە، بە هاتنە خواری نرخی نەوتی خاو لە جیهان، داهاتی ساڵانەی نەوتی رێژیمی ئێران لە سەدا ٣٠ دابەزیوە و لەگەڵ بەردەوام‌بوونی داکشانی نرخی نەوتی خام لە جیهاندا داهاتی ساڵانەی نەوتی رێژیم لەگەڵ دابەزین رووبەروو دەبێتەوە.

نرخی نەوتی خاو لە مانگی ژوئەنی رابردوودا کە ١١٥ دۆلار بوو، تا ئێستا لە سەدا ٣٥ دابەزیوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هیچکام لە وڵاتانی سەرەکی ئەندامی رێکخراوی ئوپێک وەک عەرەبستانی سعودی و ئێران، نایانەوێت کە ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی خاوی خۆیان کەم بکەنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرهەم هێنانی نەوتی خاوی رێژیمی ئێران، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان دابەزیوە.

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئامریکا، لە مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا لە راپۆرتێکدا جەختی لە سەر کاریگەریی بەرچاوی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران لە سەردابەزینی بەرهەم هێنانی نەوت و گازی ئێران کردەوە.

گەمارۆ ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، کاریگەری لە سەر داهاتی نەوتی ئێران داناوە و بەپێی ئەم راپۆرتە دابەزینی رۆژانە یەک میلیۆن بەرمیلی نەوتی ئێران، هێز و بەستێنی بەرهەم هێنانی نەوتی رێژیمی ئێرانی کەم‌کردوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پاش سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران، لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا، لە سەدا ٥٠ی داهاتی نەوتی ئێران کەمی کردوە و ئەو رێژیمە لە بواری هەناردە کردنی نەوت لە پلەی دووهەمی جیهان بۆ پلەی هەشتومی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت دابەزیوە.

رێژیمی ئێران لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا بە هۆی بەرنامەی وەزی ناوەکی ناڕوونی خۆی لەلایەن ئامریکا و یەکییەتی ئورووپا گەمارۆی ئابوریی بە سەردا سەپا و ئابووری ئەم رێژیمە لە حاڵێکدا کە یەکێک لە بەرهەم هێنەرانی سەرەکیی نەوت لە جیهاندا بوو، هەنووکە لە بارودۆخی زۆر خراپ بە سەر دەبات و هاووڵاتییانی ئێرانیش لە ژێر زەختی رۆژانەی ئەو کایەدا دەژین.