کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر سێ کاتژمێر، یەک هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر گیانی لە دەست دەدا

20:37 - 13 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەن کە رۆژانە هەشت هاووڵاتی بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانیان لە دەست دەدەن.

ئاژانسی هەواڵدەریی \'\'ئیرنا\'\' کەهەواڵدەریی فەرمی رێژیمی ئیسلامییە، لە راپۆرتێکدا لەزاری نەحیف حوسێنی، جێگری ئیداری، ماڵی و کاروباری مەجلیسی ئێران لە ستادی بەرەنگار بوونەوەی ماددە سڕکەرەکان رایگەیاند، رۆژانە هەشت کەس لە ئێران بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی ئەو راپۆرتە تەمەنی زۆربەی ئەو لاوانەی کە بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانیان لە دەست دەدن، لە نیوان ٢٥ هەتا ٣٠ ساڵ دایە.

ئەو ئامارە مردن بە هۆی نەخۆشیی هاوشێوەی ئیدز لەخۆ ناگرێت.

پێشتریش، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، لە زاری وەزیری وڵات رایگەیاندبوو کە رۆژانە ٩ هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی دوایین ئاماری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو هەزار و ٩٥٧ کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرکان لە ئێران گیانیان لە دەست داوە کە لەو رێژەیە دوو هەزار و ٧٢٧ کەسیان پیاو و ٢٣٠ کەسیش ژن بوون.

بەرپرسی بەشی سەم‌ناسیی پزشکی یاسایی تاران پێشتر رایگەیاندبوو کە مردن بە هۆی بەکارهێنانی حەبی ترامادوڵ لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا لە ئێران ٤٠ لە سەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی نوێترین ئامارەکان، هەنووکە لە ئێران جیا لە ٧٠٠ هەزار کەس کە بۆ رابواردن ماددەی سڕکەر بەکار دێنن ، یەک میلیۆن و ٣٢٥ هەزار کەسی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان بوونی هەیە.