کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ خۆپیشاندانێک بە دژی پرژاندنی ئەسید و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران بەرێوە چووە

16:21 - 18 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بە بەشداری هاووڵاتییانی کورد، ئێرانی و ئەندامانی حیزب و لایەنەسیاسییەکان کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی سەبارەت بە پرژاندنی ئەسید بە دەموچاوی ژنان و پێشێلکاری بەرینی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ریژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی خۆپیشاندانێک بە دژی پراژندنی ئەسید بە دەموچاوی ژنان لە ئیسفەهان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە لە وڵاتی ئاڵمان بەرێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەدا ژمارەیەک لە حیزب و رێکخراوی سیاسی کوردستان و ئێران و چالاکانی سیاسی و ماف مرۆڤ بەشدار بوون و پەیامی تایبەت خۆیان بە زمانی ئاڵمانی خوێندەوە.

پەیامی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن رەشید رەحمانی بەرپرسی بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی ئاڵمان خوێندرایەوە و دواتریش بە دەیان نوسخە لەو پەیامە لە نێو هاووڵاتییانی ئاڵمانی‌د‌ا بڵاو کرایەوە.

لە پەیامەکەی کومیتەی حیزبدا، تیشک خرابووە سەر دیاردەی نامرۆڤانەی پرژاندنی ئەسید لە لایەن دەست و پێوەندەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەموچاوی ژنان لە ئێران و بەتایبەت شارەکانی کرماشان ، تاران و ئیسفەهان و هەروەها گوشار خستنە سەر ژنان بۆ داپۆشینی دەموچاو بە ناوی امر بە معروف و نهی از منکرەوە .
رەشید رەحمانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لە پێشێل کردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ بەتایبەت مافی نەتەوە بندەستەکانی دانیشتووی ئێران، کەمینە ئایینییەکان ، دۆخی ناڵەباری زیندانییانی سیاسی، دەستبەسەرکران، سەرکوت و سەپاندنی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییان و هەروەها سیاسەتی دوور لە مرۆڤایەتیی رێژیمی ئێران و نالەبارتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ دوای هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی کرابوو.

دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و رۆڵی ئەو رێژیمە لە هەڵگیرسانی قەیران لە رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێکی دیکەی پەیامەکەی حیزبی دێموکراتی پێک هێنابوو.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب دێموکرات لەو گردبوونەوەدا بەشداریی چالاکانەیان بوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، چەندین سروود و ئاهەنگ بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی، ئاڵمانی و ئازەری لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکە بڵاو کراوەتەوە.