کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی دێموكراتی كوردستانی باكوور لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

13:58 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازی لێکرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی پارتی دێموكراتی كوردستانی باكوور بە سەرپەرەستی سەرتاچ بوجاک سكرتێری گشتیی ئەو حیزبە، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی رێبەریی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێكرا.

لەم سەردانەدا سەرتاچ بوجاک باسێكی لە سەر پرسی كورد لە باكوور‌ و رەوتی وتووێژی نێوان عەبدوڵڵا ئوجەلان ‌و دەوڵەتی توركیە‌ و ئاستەنگەكانی سەر رێگای ئەم پرۆسەیە ‌و سیاسەتی تێكدەرانەی رێژیمی ئیسلامی بۆ پەكخستنی ئەم رەوتە پێشکەش كرد ‌و ئاماژەی بەوەدا کە رەوتی گەیشتن بە ئاشتی، دێموكراسی، مافە سیاسیی ‌و نەتەوەیییەكانی كورد لە باكوور، پێویستی بە بەڕێوەبردنی سیاسەتێكی واقیعبینانە هەیە‌ و هاوكاری ‌و بەشداری هەموو هێزە سیاسییەكانی باكوور مەرجی سەرەکیی بە ئامانج گەیشتنی ئەم رەوتەیە .

بوجاک لە درێژەدا ئاماژەی بە شەڕی تیرۆریستی داعش‌ و هەوڵەكانی بۆ شێواندنی بارودۆخی سیاسی‌ و ئەمنییەتی كوردستان كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا هەرێمێكە کە ئازادی ‌و دێموكراسی ‌و ئاسایشی تێدا سەقامگیرە كرد؛ وتی ئەركی هەموو تاكێكی كوردە کە لە سەنگەری پاراستنی دەسكەوتە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد خەبات بكا‌ت و مەجال نەدات ئەم تاقمە تیرۆریستە بە مەبەستە دژە مرۆییەكانی بگات.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی ‌و لە سەر باس‌ و بابەتەكانی پەیوەندیدار بە پرسی كورد بە گشتی قسەی كرد و وتی ئەو روانینەی ئێوە جێگای رێزە ‌و ئەوە سیاسەتێكی دروست‌ و نەتەوەییە ‌و ئێمە رێزی لێ‌دەگرێن، هەر وەك بۆ خۆتان باستان كرد، بە ئامانج گەیشتنی كورد لە هەر كام لە پارچەكاندا، تەنیا بە رێگەی یەكیەتی ‌و یەكڕیزی دەبێ‌ ‌و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ئەو سیاسەتە پێویستە لە ئاستێكدا هەبێ‌ کە بزووتنەوەی مافخوازی كورد لە لایەن كۆڕ ‌و كۆمەڵە سیاسی‌ و مرۆڤدۆستەكانەوە یارمەتی ‌و هاوكاری بكرێن.

مستەفا هیجری لە درێژەی باسەكەی ئاماژەی بە سیاسەتی تێرۆریستیی رێژیمی ئیسلامی ئێران ‌و دژایەتی راستەوخۆی لەگەڵ جووڵانەوەی مافخوازی گەلی كورد ‌و پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد لەلایەن ئەم رێژیمە تیرۆریستییەوە كرد ‌و وتی رێبەران ‌و لایەنە سیاسییەكانی كورد نابێ‌ ئەم سیاسەتەی رێژیمی ئیسلامی بەكەم بگرن ‌و چەند نموونەی لە سیاسەتی دەستێوەردان ‌و تێكدەرانەی ئەم رێژیمەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و عێراق ‌و كوردستان ئاماژە پێكرد.

پاش باسەكەی مستەفا هیجری سەرتاج ئوتاش سپاسی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی كرد‌ ‌و وتی كە بۆ هاوكاری ‌و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئامادەی هاوكارین‌، ئەو حیزبە مێژوویەكی پرشنگداری لە خەباتی گەلی كورد تۆمار كردووە ‌و هاوخەباتی لەگەڵتان بۆ ئێمە جێگای سەربەرزییە.