کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئەنیستیتۆی سیاسەتی دەرەوەی نوروێژ

14:02 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ایران چاوی بە سڤێرە لۆدگارد (Sverre Lodgaard) لە ئەنیستیتۆی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژ(Norsk utenrikspolitisk institut NUPI) کەوت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی شاندێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ پێکهاتوو لە عەزیم ئەلیاسی و فەرەیدون ئالیخانی سەردانی ئەنیستیتۆی سیاسەتی دەرەوەی نوروێژیان کرد و لەو دیدارەدا چاویان بە سڤێرە لۆدگارد (Sverre Lodgaard) کەوت.

ناوبراو وەک لێکۆڵەر و شارەزایەکی پلەبەرز لە سەر ئێران لەم ناوەندەدا کار دەکات کە لە ئێستادا لە سەر ٣ پرۆژە بە ناوەکانی بەهاری عەرەبی، ئێران و تورکیە و چەکی ئەتۆمی لێکۆڵینەوە دەکات.

سەرەتای چاوپێکەوتنەکە بە باسێکی کورت لە سەر مێژووی حدکا دەستی پێکرد، لەم بارەوە ئاماژە بە راگەیاندنی کۆماری کوردستان، رووخانی ئەو کۆمارە پاش ١١ مانگ، بەردەوامیی خەباتی نهێنی هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران، بەشداریکردن لە رووخانی رێژیمی پاشایەتی و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان کورد و رێژیمی ئیسلامی کرا.

شاندی حیزبی دێموکرات، سەرەتا بارودۆخی کوردستانی ئێرانی بە کورتی بۆ ناوبرا باس کرد، بۆ وێنە وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی بەدواکەوتوویی هێشتنەوەی کوردستان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، باس لە رێپێوانەکانی ئەم دواییانەیش کرا کە لەلایەن خەڵکەوە بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە خەڵکی شنگال و کۆبانی رێکخرا.

لەم بارەوە سیاسەتی هەڵخڵەتێنەرانەی رێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان روون کرایەوە و باسی ئەوە کرا کە پاش ئەوەی کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران نەیانتوانی ئامانجەکەکانیان بپێکن، دەستیان دایە ئاستەنگ دروستکردن و لە هەندێک جێگا بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکانیان دەستبەسەر کرد.

لە سەر بارودۆخی کورد بە گشتی، لۆدگارد پێی وابوو کە گەلی کورد هەلی باشی بۆ رەخساوە و زۆر گەشبین بوو کە هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەچێت.

لە سەر سیاسەتی تورکیە و ئێران سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ناوبراو وتی، تورکیە دژی ئەم کارە نابێ چوونکە قازانج دەکات بەڵام رێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی دەبێ و ئەم دژایەتییە هەتایی دەمێنێتەوە.

هەروەها ئەو لێکۆڵەرە پێی وابوو کاتێک خامنەیی رێبەری رێژیم هەستی بە مەترسی کرد، لە کەسێک دەگەڕا کە دەسەڵاتێکی زیاتری لە وڵات دا هەبێ بۆ ئەوەی هەم بتوانێ پشتیوانی ناوخۆی لە پشت بێ و هەمیش بتوانێ دەرەوە رازی بکات و لە کۆتاییدا گەمارۆکان لە سەر وڵاتەکەیان هەڵگرن، بۆ ئەم کارەیش حەسەن روحانی دیاری کرد؛ ناوبراو پێی وابوو کە روحانی لە خامنەیی دەسەڵاتی بەربڵاوتری هەیە و وتیشی کە ئەگەر ئێران و ئامریکا بگەنە رێکەوتنێک لە سەر بەرنامە ناوکییەکان، ئەوە ئێران لە باری ئابورییەوە گەشەیەکی بەرچاو دەکات. بەڵام لە هەر دوولاوە دژبەری ئەم جۆرە رێکەوتنە هەیە.