کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناوی پاڵەوانێک، سزای تۆڵە و خەسارەکانی

14:24 - 4 سەرماوەز 2714

شەریف بێهرووز

زیاتر لە ٣٥ ساڵە کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەلاتی رژێمی کۆماری ئیسلامی شاهیدی کارەساتی دڵتەزێنە و خەڵکی ئێران ناخۆشترین برگەکانی ژیانیان لە سێبەری ئەم رژێمەدا تێپەڕ دەکەن. لە بەرزبوونەوەی رادەی ئیعدامەوە بگرە تا رادەی گیرۆدەبوونەکان بە مادە هۆشبەرەکان و خۆکۆژی و تەڵاق و زیندانی و هتد...کە بەداخەوە شیرازەی ئەم کۆمەڵگایەی بە تەواوی هەژاندووە. مخابن رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک بەشێک لەم چوارچێوە سیاسی و جوگرافییە بەشی شێری بەرکەوتووە و رۆژانە خەڵکی کوردستان لە گەڵ توندترین و درندانەترین و دژەخەڵکی ترین سیاسەتەکانی ئەم رژێمە بەرەوڕوو دەبنەوە.

11486.jpgشەریف بێهرووز

ئەمرۆژانە هەواڵی خۆکوژی گوماناوی پاڵەوانێکی زۆرەوانی کورد، بابەکی قوربانی، لە بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان دژکردەوەی کۆمەلیک میدیا و کۆمەڵگای وەرزشی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی وەرزشڤانانی زۆرەوانی لێکەوتەوە و سرنجراکێش بوو؛ یەکەم ئەوە کە کۆمەڵگایی وەرزشی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزشڤانێکی بەتوانای لە کیس چوو کە خاوەنی چەندین میداڵ و دەسکەوتی جیهانی بوو. دووهەم، جێگای داخە کە لە سەدەی ٢١ دا تاونبارێک بە پێی یاسای ١٤٠٠ ساڵ لەمەو بەر سزا دەدرێ. سێهەم، تراژیدییە کە بەندکراوێک لە نێو زینداندا ئاوە بە راحتی و ئاسان گیانی خۆیی بستێنی! بە هەلم زانی ئەم هەواڵە دڵتەزێنە بکەم بە هەوێنی هێنانەگۆڕی پرسێکی گرینگی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە رەچاوکردنی شەریعەتی ئیسڵام لە یاسای وڵات دایە و حوکمی بێ بەزەییانەی قصاص واتە تۆڵە بە بەربڵاوی سزای پێ جێبەجێ دەکردرێ.

سەرەتا، جێگای داخە کە سەرمایەکی وەرزشی بەم چەشنە سووک و ئاسان لە دەست بچێ. مخابن لەو ناوچەیی ئێمەی لێ هەڵکەوتووین بە حوکمی ئەوە کە دەسەڵاتی خەڵکی بوونی نییە و یاسا سەروەر نییە و تاکەکان لە سەرەوەی یاساکانن، کەمتر سقە بە دەسەڵات و یاساکان و بڕیارەکانی دەکردرێت. یاسا لەسەر کەسانی بێ دەرەتان و دەست کورت بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و بە پێچەوانە کەسانی خاوەن سەرمایە و دەستروویشتوو کە تووشی تاوانی مەزنی کوشتن، پوڵ و پارە خواردن و سامان و سەرمایەی ولات بە فیڕودان دەبن بە ئاسانی ماستماڵیان بۆ دەکرێ و یاسای گەندەڵ بەهانایانەوە دێ. تا ئەو کاتەی سەروەربوونی یاسا بۆ هەموو کەس و بە نیسبەت گشت لایەک نەهادینە نەکرێ و بنیات نەنرێ و جەماوەریش لێی دڵنیا نەبن- کە بە دڵنییاوە تا ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دینییە حاکم بێ هیچ ئومێدێک بەری ناکرێ – مخابن دەبێ چاوەروانی تێکچوونی زیاتری شیرازەی کۆمەلایەتیمان و کوشتنی رەهای زیاتر و لەدەست دانی سەروەت و سەرمایە و سامانە نەتەوییەکانمان بین.

گەلۆ هەنگاوە هێدییەکانی گەیشتن بەم قۆناغە یان کۆمەڵگا ئیدیئالیستیە کامانەن: سەرەتا، یاسای وڵات دەبێ فڕی بە شەرعیاتی هیچ دین و ئیدولۆژێکەوە نەبێ؛ وڵاتی پێشکەوتوو و ئەمڕۆیی پێویستی بە یاسایی ئەمڕۆیی هەیە نەک هی سەدان و هەزاران ساڵ لەوە پێش و هی کەلتوور و خەڵکانێکی تر، جا ئەوە چ لە بیابانەکانی عەرەبستانەوە سەری هەڵدابێ یان لە کۆشکە سوور و سپێکانەوە. من چەند هەنگاو زیاتر لەوانە دەچمە پێشەوە کە دەڵێن دین دەبێ لە سیاسەت جیا بێ، من دەڵێم دین و ئیدۆلۆژی دەبێ لە سیاسەت هیچ، دەبێ لە کۆشتێکی کە پێوەندی بە گشتەوە (عموم)، واتە مەودای گشتی (Public Sphere) هەیە، جیا بکرێنەوە.

یاساکانی ئاینی و لە نێویاندا هی ئاینی ئیسلام، کە بەرهەمی کۆمەڵێک پیکهاتەی کەلتووری، مێژوویی، سیاسی، ئابووری تایبەتی ناوچەیەک و سەردەمی نزم بوونی ئاستی زانست و تێگەیشتنی جەماوەری ئەو کاتن - هەڵبەت بە بەراوەرد لە گەڵ هەنووکە - لەوانەیە بۆ خەڵکی خۆیی و شوێنی خوی وڵامدەر بووبن و کاریان پێکرابێ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و گەیشتن بە سەردەمی ئەمڕۆ بە دڵنیایەوە ئەم یاسایانە - ئەویش موقەدەس هێشتنەوەیان و بە بێ ئالوگٶڕ و دەستکاری پێویست - هیچ کات ناتوانن وڵامدەر بن و بگرە زیان و زەرەریشیان بۆ کۆمەڵگا هەیە. بە پێچەوانە، ئاینە بڕەوەکانی تر وەکوو مەسیحیەت بە تێپەڕبوونی زەمەن توانیوێتی هەم ئالوگۆڕ لە نێوی خۆیدا بگونجێنێ و خوێندنەوەی نوێ بۆ دەقە ئاینییەکان بکات و هەم خۆی لە بەشی یاسادانان و سیاسەت و هتد...دوور بکاتەوە و وردە وردە لە پانتای گشتیدا وەک خوێندن، تەندروستی، تەربێت و هتد... بکێشێتەوە و خۆیی بخزێنێتەوە ئەو جێگایەی لێی هاتووە و دەبێ لێی بێت و ئیدارەی بکات، ئەویش کلیسایە.

بەشی هەرە زۆری پێشکەوتنی ئەمڕۆی رۆژئاواش هەر لەم جیاکردنەوە سەرچاوە دەگرێت، و بە پێچەوانەوەش لە زەلکاوگیرمانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش، بەشی هەرە زۆری، سەرچاوەکەی هەمان عەقڵیەتی زاڵی ئاینە بە سەر گشت بوراەکانی ژیانی کۆمەڵگادا. بەجۆرێک کە بەداخەوە لە نێو ئاینی ئیسلامدا رۆژ لە گەڵ رۆژ خولیایی گەڕانەوە بۆ دواوەوە لە نێو مێشک و هزری پەیرەوان و کۆمەڵگادا، کوردیشێ لە گەڵ بێ، پەروەردە دەکرێ و ئەو کارەساتانەی لێدەبێتەوە کە لە ئاستی زۆر بەربڵاودا هەنووکە لە ناوچەکە دەیبینین و لە ئاستی زۆر بچووکتر، بەڵام هاوکات هەستیاردا، وەکوو تۆڵە بە تۆڵە و ئێعدام رۆژانە قوربانی دەستێنن.

بنەماکانی ئەم سزایانە قصا‌ص، جزیە، بەندەکانی دژ بە ژن و هتد... هەڵقووڵاو لە بنەما فیکرێکی نەگۆڕ کە دژایەتیان لە گەڵ هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانی ئەمڕۆ هەیە و رۆژ لەگەڵ رۆژ کارەسات دەخوڵقێنن کە لە ئێرانی بەڵالێدراوی ژێر دەسەلاتی رژێمی ئاخوندیدا کەم نین ئەوانەی رۆژانە وەبەر ئێعدام، دەست پەڕاندن، قامچی خواردن، تیزئاو پاشین، چاو دەرهێنان و بەردباران و هتد...دەکەون.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە نووسینی ئەم دێرانە بە مانای بەرگریکردن لە کردەوەی کوشتنی بێتاوانێک نییە بە دەستی بکوژێک، جا پلە و پایە و نێو نێوبانگی لە چ ئاستێکیش دابێ. لە رەوتی کاری لێکۆڵینەوە و دادگایی بابەکی قوربانیشدا نەبوومە لە سەر تاونبار بوون یان نەبوونی بڕیار بدەم و مەبەستی ئەم دێرانەش ئەمە نییە، و هەواڵی خۆکوژی ناوبراویش، وەک زۆر کارەساتی تر لەم رژێمەدا، لە گەڵ سێڵاوێک شک و گومان بەڕەوڕوویە.

گوایە ناوبراو پێشوەخت لەوەکەی کە بڕیاری لەسێدارەدانی لەسەر جێبەجێ بێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و بنەماڵەی کوژراویش رەزایەتیان نەداوە بە لێبوردنی، کە بە ڕای من گرفتی ئەساسی رەوتی قەزایی لە ئێران و کۆمەڵگا موسڵمانەکانە کە بنەمای یاسایی شەریعەتی ئیسلامە. بە پێی یاسای مەدەنی کاتێک تاوانێک روو دەدات، دەبێ کەسی تاوانبار رووبەڕووی یاسا بێتەوە و دادستێن داوای سزادانی ئەم تاوانبارە بکات و دادوەر دڵنیا بێ بە پێی یاسای وڵات و بەڵگەکانی بەردەست لە سەر تاونباربوون یان نەبون و لە کۆتایدا لە سەر رادەی سزاکەی بە پێی تاوانەکەی بڕیار بدات. لەوەش گەڕێین کە سزای لەسێدارەدان لە گەڵ هیچ عورفێکدا نایخواتەوە و هەموو سزاکانی تری بێزەلەت کردن و سووک کردن و توندوتیژی بە نیسبەت مرۆڤ چ تاونبار و چ بێ تاوان بەتەواوی نامرۆڤانەن.

بەشەکەی تری ئەم یاسایەی تۆڵە ئەوەیە کە ئەگەر دادوەری شەرعیش بڕیار بدەن کەسێک بکوژە و حوکمی تۆڵە بۆی هەیە بەڕیوە بچێ، بەڵام ئەگەر هاتوو بنەماڵە رەزامەندی لە سەر تۆڵە نەستاندنەوە بدەن ئەودەم ئەو بکوژە کە تاوانیشی کردووە بە هاسانی لە چەنگ یاسا رزگاری دەبێت و سەربەست دەکری. دیارە ئەو بەشەش بۆتە کاسبی کردن کە ساڵانە بە دەیان و سەدان بکوژ و تاوانبار بە دانی بڕە پارەیەک، کە بەشێکی زۆریشی دەچێتە خەزێنەی دەسەڵاتەوە، لە هەمبەر تاوانەکانیان وڵامدەر نابن و دادپەروەری خزمەتی پێناکرێت و فیدای پوڵ و پارە دەبێت.

لە لایەکی ترەوە بە هەزاران کەس بە هۆی رەزامەندی نەدانی بنەماڵە، لە بەرامبەر بڕی زۆری پارە و نەداریدا، کەسانی تاوانبار یان بەناوتاونبار یان پەتی سێدارەیان لە ملی دەکرێ یان بە هۆی جیدی نەبوونی تاوانەکەیان، بۆ وێنە کوشتنی کەسێک لە کاتی لێخورینی ماشینەوە جا تاوانبار یان نا، لە گۆشەی بەندیخانەدا دەمێننەوە. ئەو رۆژانە لە گەڵ دایکێکی دڵبریندار قسەم دەکرد کە کورەکەی کە خاوەنی ژن و منداڵە گۆیا منداڵێکی لە کۆڵان وەبەر ماشێن داوە(بێ موباڵاتی بنەماڵەکان و بێ یاسایی و بێ نەزمی وڵات، رێگاوبان و شۆفیرەکان وەک هۆکارەکانی ئەم دیاردەیەن کە دەیان و سەدان لاپەڕی دەوێ لە سەری بنووسرێ). شیرکەتی بیمەی ماشێنی کابرا گویا وەرشکەست بووە و ئێستا بە پێی یاسا بیمەی نییە پوڵی خوێنبەهای ئەم بنەماڵەیە بدات کە داوای ١٥٠ میلیون تمەن دەکەن. کابرای شۆفیریش ئەم پووڵەی نییە و وەک تەنیا نانهێنەری ماڵەوە لە گۆشەی زیندان کەوتووە و ٤ نەفەری تر بە هۆی ئەم یاسا سەقەت و وڵاتە بێ سەرەوبەڕیە، بی داهات و سەرپەرەست دەستەووەستان ماونەتەوە و خەم و پەژارەشیان خستۆتە دڵی خزم و کەسەوە.

نایشارمەوە، من ئالوگۆر لە دین و شەریعەتی ئیسلامدا زۆر بە سانەهیتر لە ئالوگۆڕ لە یاسا و رێساکانی رژێمی کۆماری ئیسلامیدا دەزانم و پێم وایە تا ئەو مەلایانە هەمەکارە بن ئەگەر بە فکری ئالوگۆڕ لەم یاسایانەدا بین ئەوە خەیاڵمان خاوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێندێک بەرچاوروونی و رێکار هەن کە کۆمەڵگایی رۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە سەرتاسەری ئێران باش دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ئەم خەسارانە خۆڕسک رەچاوی کەن: یەکەم ئەوە تۆڵە ئەستاندنەوە هیچ کات ناتوانی سارێژی ئەم برینە بکات کە بنەماڵەی قوربانی بە لەدەستچوونی ئازیزێک تووشی هاتوون و دروستیش نییە بکەوینە نێو ئاڵقەی تۆڵە و تۆڵە ئەستاندنەوە و کۆمەڵگا بەم چەشنە بێ رەحم و دڵڕەق بار بێنین. لە نەمر نیلسۆن ماندیلایان پرسی بۆچی سەڕەڕای ئەوهەمۆ چەرمەسەرییە کە لە لایەن سپی پێستەکانەوە بەسەرت هاتووە، ئێستاش قینت لە سپی پێست نییە؟ لە وڵامدا ووتبووی ئەگەر ئیزنم بەخۆم دابا دڵڕەق بام، لە مێژ بوو لە بەندیخانەدا مردبووم. بێ گومان دڵی مرۆڤی دڵرەق و بێڕەحم لە گەڵ دڵی مردوویەک هیچ جیاوازی نییە.

ئەگەر یاسای شەریعت و یاسای رژێم لەبەردەم دوو بژاردەمان دابنێ کە یا دەبێ رەزایەت بدەین و بکوژ یان بکەری تاوانەکە ئازاد بکرێ، و یان دەبێ بکوژەکە یان بکەری تاوانەکە رووبەڕووی ئێعدام بێتەوە، باشترە بژاردەی هەوەڵ هەڵبژێرین و داوای ئازادی بۆ بکەین و بە ئاوی تۆوڕەی تینوویەتی رقی دڵمان نەشکێنین و لەم رێگایەشەوە مستێکی هەژێنیش لەم رژێمەو سیاسەتە کۆنەپەرەستانەکەی بوەشێنین.

ئەگەر یاسا ئیزن بدات کە بکوژ لە بەندیخانە حوکمی ئەبەد یان دەیان ساڵەی خۆی بکێشێ ئەودەم باشترە رەزایەت بە بکوژەکە نەدرێ و لە خێری ئەو برە پارەیەش بگوزەرێن کە لە جیاتی خوێنی ئازیزانمان وەریدەگرین، و داوا بکەین کە تاونبار ئەو حوکمە بکێشێت کە دادپەروەرانە بۆی دیاری کراوە. لەوەش دڵنیام کە رژێم هیچ کات ئامادە نییە بۆ تاوانی لەم چەشنە بژاردەی لەم چەشنە بخاتە بەردەم تاوانبارن.

راگرتنی بەندییەک بۆ ئەبەد، تێچووی زۆری دەوێ کە رژێم لێدانی سەری بە قەبووڵ کردنی ئەم تێچوویە تەرجیح دەدات. جیا لەوە بژاردەی ئێعدام لە ریزی یەکەمی گشت بژاردەکانی بەردەم بەرپرسانی قەزایی رژێم دایە لە بەر ئەوەکە دیاردەی ئیعدام بەشێکە لە مان و پێناسەی ئەم رژێمە و لە ماسی موحتاج بە ئاو زیاتر پێویستی بەو جۆرە خوێنرشتنانە هەیە کە زیندوو بمێنێتەوە.

لە وڵاتانی یاساسەروەردا کەسوکاری قوربانی ناتوانن لە رەوت و پرۆسەی دادگا و حوکمدان دا بڕیار بدەن، ئەوە دادستێنە کە دەبێ بە دادگا بسەلمێنی کە گومانلێکراو تاونبارە و یاسای روونی پیشێل کردووە و بە پێی یاسایی دیاریکراو دەبێ سزای بۆ ببڕدڕێتەوە، جا خزم و کەسی قوربانی رەزایەتیان لە سەر بێ یان نا. بۆ وێنە ئەگەر ژنێک یان مێردێک سکاڵا بە هۆی توندوتیژی جەستەیی لە سەر یەک لە بەردەم دادگا تۆمار کەن و پاشان بەهەر هۆیەک لە سکاڵاکە پاشگەز ببنەوە، ئەوە بە مانای ئەوە نییە چوون سکاڵا نەماوە، دادستێن واز لەم پەروەندەیە دێنێ.

پێچەوانەکەشی دروستە؛ خزم و کەس هەرچەند لە سەر سزادانی گومانلێکراو سوور بن مادام یاسا بە تاونباری نازانێ هیچیان بۆ ناچێتە سەر. خزم و کەسی قوربانی دەتوانن لە رێگای ترەوە سکاڵا لە سەر کەسی تاونبار تۆمار کەن کە قەرەبووی خەسارە گیانی و ماڵییەکەیان بکاتەوە، جا ئەو کەسە ئەگەر بیمەی هەبێت بۆ ئەو بەشە ئەوە بیمە روماڵی دەکات و ئەگەر توانایی ماڵیشی نەبێت ئەودەم دادگاە بۆی دەبڕێتەوە بە پێی ئیمکان لە داهاتی مانگانەی بیدات.

بەڵام لە سەر خۆکۆژی بابەک لە بەندیخانەدا کە بە گشتی پرسیاری لە سەرە کە چۆن بەندکراوێک ئاوە بە ئاسانی دەتوانێ دەستی بە دەرمان بگات بۆ ستاندنی گیانی خۆی. ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە لە بەندیخانەکانی ئێران دەرمانە هۆشبەرەکان و شتی تر لە دەرەوە ئاسانتر وەگیر دەکەون و بەشێکی زۆر لە گیراوەکان لە زیندان گیرۆدەی مادەی هۆشبەر دەبن کە جیا لە زیندان بەشێکیان پاش ئازادبوونیشیان ماشێنی کرین و فرۆشی مادە هۆشبەرەکان و بازاری رەشی سپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەرکووت دەجووڵەدا رادەگرن.

پاشان، گۆیا بنەماڵەی قوربانی بە میلیاردێک تمەن رازی بوونە و ناوبراو پاش تێپەڕکردنی ٢ ساڵ زیندان ئازاد دەکرێ، بەڵام چۆن لەنەکاوەوە هەولی خۆکوشتنی خۆیی دەدات، روون نییە. دیسانیش دووپاتی دەکەمەوە کە من لە پرۆسەی ئەم کوشتنە و وردەکارییەکانی ئاگادار نیم بەڵام لە سەرەتایی گیرانی ئەم کابرایە تا بەناو خۆکوشتنی، هەموو جێگای شک و گومانە و وەک دەڵێن ئەو گۆلئاوە بۆگەنی ماسی منداری لێدێت بەڵام لاشەکەی دیار نییە.

خەسارەکانی دیاردەی دزێوی لەسێدارەدان یەک و دوو نین و یەکێک لە نامرۆڤانەترین کردەوەکانە کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئاخوندی لە ئاستی دەرەوەدا شەو و رۆژ لە سەری سەرزەنشت و ئیدانە دەکرێ. قزەوێنتر لە کردەوەی ئێعدام، ئەم یاسا ئایین-بنەمادارانەی وەکوو قەساسەن کە وەک سەرچاوە بۆ بڕیاری یاسایی لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکیان لێوەردەگیرێ و بەداخەوە کۆمەڵگاش بەو جۆرەی پێویستە بە دروستی هەڵسووکەوتی لە گەڵ ناکات و بەرەنگاری نابێتەوە.

لە کۆتایدا جێگای داخە کە ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی سەڕەڕای سەرمایەی بەربڵاوی ژێرزەوی و سەرزەوی لە سایەی ئەم رژێمە رۆژ لە گەڵ رۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە کە بیگومان تا ئەم رژێمە چارەنووسی یەکلا نەکرێتەوە دەبێ چاوەروان بکەین لەوە خەراپتریش بێ. گۆڕانی ئەم رژێمە ناڵێم نامومکین نییە بەڵام ئاسان نییە و کاری زۆری دەوێ، بەڵام لە هەمووی گرینگتر سرینەوەی ئەم کەلتوورە پاشکەوتوو و نابەجێیە کە لە ناخی ئەم کۆمەڵگایەدا، کوردستانیش بگرێتەوە ، رەگ و ریشەی داکووتاوە و مخابن لەوانەیە بە رووخانی ئەم رژێمەش بە ئاسانی بنبڕ نەکرێن. بۆیە ئەرکی سەرشانی گشتمانە لە ئێستاوە هەوڵی بۆ بدەین و وەک شێرپەنجەیەک پێش ئەوەی کە بهێڵین هەناسەبڕکەمان بکات چارەسەری بۆ بدۆزینەوە و پێش بە پەرەسەندنی زیاتری بگرین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە