کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخران و دابەزینی ئاستی ٣٦ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان لە ئێراندا

12:39 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری پیشەسازیی رێژیمی ئێران لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە ١٤ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان داخراون و ٢٢ هەزاری دیکەش بە شێوەی بە شێوەی نیوەچڵ بەڕێوە دەچن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان جێگری وەزیری سەنعەت، کانگا و بازرگانیی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە ٣٦ هەزار یەکەی پیشەیی و بەرهەمهێنان لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری، داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە کار دەدەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشە، کانگا وبازرگانی هەنووکە زیاتر لە ١٤ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئێران داخراون.

ئامارەکانی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە ٢٢ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان لە بەرەبەری داخران دان.

دۆخی نالەباری ئابووری بووەتە هۆی ئەوەیکە ٣٦ هەزار یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەیی دابخرێن یا لە حاڵەتی داخراندا بن و ئەوە لە سەر ٢٤ هەزار یەکەی بەرهەمهێنانی دیکەش کاریگەری نەرێنی داناوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە لەگەڵ دابەزینی بەرچاو بەرەڕوو ببنەوە.

داخرانی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەیەکان لە ئێران لە پارێزگاکانی کوردستان بەرچاوتر بووە و بووەتە هۆی ئەوەیکە بێکاری و هەژاری لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر پەرە بستێنێت.

لە بواری داخرانی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەیەکان لە پارێزگاکانی کوردستان لە ٢ هەزار و ٨٠٠ یەکەی بەرهەمهێنان لە پارێزگای ئورمیە ١ هەزار و ٢٤٥ یەکە داخراون.

داخرانی لە سەدا ٤٧ی یەکە بەرهەمهێنەر و پیشەیەکان لە ئورمیە بووەتە هۆی ئەویکە زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەو پارێزگایە بێکار بن.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی پیشە، کانگا و بازرگانی پارێزگای سـنە رایگەیاندووە کە لە سەدا ٧٠ی یەکە پیشەییەکان لەو پارێزگایە داخراون.

لەو پەیوەندییەدا ئامارە نافەرمییەکانی باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا ٧٥ی یەکە بەرههێنەرەکان لە پاریزگای کرماشان داخراون.