کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی حیزبی دێموکرات لە سمیناری ئەحمەد شەهید لە پارلمانی سوید

19:26 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی حەمید تەیمووری، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید، لە سمیناری ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ماڤی مرۆڤ لە ئێران بەشداریی کرد.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە لایەن چەند ڕێکخراوێکی سویدییەوە بۆ بەڕێوەبردنی چەند سمینارێک، بانگهێشتی ئەو وڵاتە کراوە.

شاندێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە حەمید تەیموری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید و جەمیلە حەسەنخاڵی بەرپرس و نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، بە بانگهێشتی فەرمیی بەڕێوەبەرانی سمیناری تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە پارلمانی سوید بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد.

ئەم سمینارە کە لە لایەن حیزبی چەپی سویدەوە رێکخرابوو لە دوو بەشی سەرەکیی پێشکەشکرانی بابەتەکان لە لایەن ئەحمەد شەهید و هاوڕێکانی کە باسەکانیان تایبەت بوون بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی و هەروەها سرنج و تێبینیی بەشداربوان پێکهاتبوو.

لە سەرەتای ئەم سمینارەدا، ئەحمەدشەهید بە گشتی باسێکی کورتی لە سەر هەلومەرجی ئێران هێنایە بەر باس و لە وتەکانیدا باسی پێشێل کردنی مافی مرۆڤی لە ئێران بە گشتی هێنایە گۆڕێ.

11513.jpg

رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانیی خۆی لە مەڕ خراپ بوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت دوای هاتنە سەرکاری رۆحانی راگەیاند و لە درێژەی وتەکەیدا ئاماژەی بە کەموکۆڕی و نەبوونی ئازادی و دیموکراسی و کێشەی مەزهەبەکانی وەک مەسیحی، سوننە و بەهایی و ... کرد.

ئەحمەد شەهید لە درێژەدا باسی چەکی ناوکیی کرد کە ئەمڕۆ بیروڕای گشتی جیهانی لە تێکۆشاندان کە بەر بە چەکی ناوکی بە هەر شیوەیەک بگرن.

ناوبراو لە درێژەدا رایگەیاند کە ئێران لەگەڵ کورەی باکوری بەراورد ناکرێ، چونکە ئێران وڵاتێکە بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و شیعە حوکم دەکا و هەر جارێک کە باسی بۆ نموونە مافی مرۆڤ و نەتەوەکانیتری لە گەڵ دەکرێ، ئەوان لە لایەکی‌ترەوە شتێکی‌تر قووت دەکەنەوە. بە کورتی لە کێشەیەک بۆ کێشەیەکیتر هەڵدێن و کێشەکان کەمڕەنگ دەکەنەوە.

لە پێوەندی لە گەڵ خوێندن بە زمانی زگماکی نەتەوەکانی ئێران و جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئێران، دوکتۆر ئەحمەد شەهیدوتی: بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی رۆحانی هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو پێوەندیەدا هەڵنەگیراوە.

لە درێژەدا، شوعلە زمینی و دوکتور حوسەین نایب هاشم کە دوو ئەندامی ڕێکخراوی سویدویند لە وڵاتی ئۆتریشن، باسی مافی مرۆڤیان لە ئێران کرد.

شوعلە زمینی باسی توندوتیژی دژ بە ژنانی کرد و رایگەیاند: لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، کچان تاکوو تەمەنی ١٣ ساڵ دەچنە قوتابخانە و پاشان بە پێی شەریعەتی ئیسلام دەبێ شوو بکەن و بچنە ماڵی خۆیان کە ئەمەش دژی یاسای نێونەتەوەییە و پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ و بەتایبەت پێشێل کردنی مافی ژنان و کچانە.
ناوبراو هەروەها وتی: ژنان و کچان گەورەترین قوربانیی ڕژیمی ئاخوندین لە ئێراندا.

پاشان دوکتور نایب هاشم باسی کاری خۆیان و دژکردەوەیان لە بەرانبەر رێژیمی ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە رێکخراوەکەی ئەوان داکۆکی کاری مافی مرۆڤه و لەو بوارەدا بۆ نەهێشتنی تووندوتیژی و دامەزراندنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و.. کار دەکات.

بەشی کۆتایی سمینارەکەش تەرخان کرابوو بۆ را و تێبینیی بەشدارانی سمینارەکە کە زۆرێک لە حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و بیانییەکانیشی تێدا بەشدار بوو.