کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە واشنگتۆن بەڕیوەچوو

15:16 - 16 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا بە ئامانجی بەرز راگرتنی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جێژنێکی بە شکۆی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشێک لە دانیشتوانی کوردی دەڤەری واشنگتۆن پێکهێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا بە ئامانجی بەرز راگرتنی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جیژنێکی بە شکۆی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشێک لە دانیشتوانی کوردی شاری واشنگتۆن پێکهێنا.

رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان عوسمان پاڵانی چەند شێعرێکی لە بارەی پێشمەرگەوە خوێندەوە.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن بڕوا سەفدەریـەوە پێشکەش کرا کە ئاوڕدانەوەیەک بوو لە خۆشەویستی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی کوردستان و خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی.

هەروەها رەحیم رەشیدی بە نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وتارێکی لەسەر دەور و خەباتی پێشمەرگە و رۆڵی ژنی کورد لەو خەباتەدا بە درێژایی مێژوو پێشکەش کرد و بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ئامریکا پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگەی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا سەیران شەرەفی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی لە ئامریکا خوێندەوە و تێیدا ئەو رۆژە مێژووییەی لە پێشمەرگەکان و حیزبی دێموکرات پیرۆز کرد.

لە لایەکی دیکەوە محەممەد داستان ئەندامی دێرینی حیزب چەند بیرەوەرییەکی لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی حیزب گێرایەوە.

جێژنەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.