کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی كوردستان (كاوە بەهرامی)

19:51 - 18 سەرماوەز 2714

٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ رۆژێكی مێژوویی بە گشتی بۆ گەلی كورد و رۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی مەهاباد بوو. لەم رۆژەدا ئاخرین پاشماوەی پۆلیسی رێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهاباد تێكەوە پێچرا.

11600.jpg
كاوە بەهرامی

خەڵكی مەهاباد بە شێوەیەكی خۆبەخشانە چۆنیەتیی پارێزگاری كردن لە سەر و ماڵی خۆیانیان بە دەستەوە گرت، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازی محەممەد بە پێڕەو و پرۆگرامێكی سەردەمیانەی ئەو كات جێگای متمانەی خەڵكی كوردستان بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتی بوو.

هەر بۆیە لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد لەسەر پێشنیاری پێشمەرگەیەك، ناوی پڕ لە نێوەرۆك و هێزی رزگاریخواز و پارێزەری كورد و كوردستان، بە پێشمەرگەی كوردستان دیاری كرا و لەو كاتەوە تا هەنووكە پێشمەرگە وەك سەمبولی ئازادی، رەمزی رزگاریی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان وەك ئاوێنەیەكی بێگەرد ماوەتەوە و ریشەیەكی وەهای داكوتاوە كە پاش ٦٩ ساڵ لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوە نێونەتەوەییەكانی وەك پارێزەری كەرامەتی مرۆڤ و هێزی دژە تیرۆر دەناسرێت‌ و لە هەمان كاتدا رێژیمی سەدە ناوەڕاستی كۆماری دژی گەلی ئیسلامیی ئێرانیش بە ناو بۆتە پاڵپشتی پێشمەرگە و هاوشان لەگەڵ ئەوان بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەجەنگێ‌، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو ناوە پرشنگدارە هەنووكەش وەك ئاوڕێك بۆ جەستەی كۆماری ئیسلامی و دوژمنانی گەلی كورد جێگای مەترسییە و هێمای راستەقینەی پارێزەرانی كوردستانە.

پاش ٦٩ ساڵ بە داخەوە دۆخی پێشمەرگە لەو شوێنە كەلە دایك بووە لاوازە، هۆكاری ئەوش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەكیەتی لە ناو ریزەكانی كورد لە رۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەت حیزبی دێموكرات و دوژمنانی دێموكرات هەموو كاتێك لە جیابوونەوەكان بە قازانجی ئامانجەكانی خۆیان كەڵكیان وەرگرتووە. حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە لە بەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆنگرەی ١٥ی خۆیدا بڕیاری داوە هەوڵ بدرێ بۆ ئەوە هاوڕێیانی پێشوو كە لە كۆنگرەی ١٣دا جیابوونەوە جارێكی دیكە لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێكەوە درێژە بە خەبات بدەن.

هەر بۆیە بۆ هەرچی پتەوتر كردنی ریزەكانی پێشمەرگە و گەڕانەوەی شوناسی راستەقینەی شوێنی لە دایكبوونی پێشمەرگە، یەكیەتی ریزەكانی ئوپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وەك داهێنەری ناوی پێشمەرگە و دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگە و دیاری‌كەری رۆژی پێشمەرگە، قەت ئامادە نەبووە بەرژەوەندی نەتەوەیی، فیدای بەرژەوەندیی حیزبی بكات.
بانگەوازی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئێرانی و هەروەها كوردستانی بەردەوام بووە. تەنانەت لە زۆر بواردا سینگ فراوانی لە خۆی نیشان داوە. هەنووكەش ئاڵا هەڵگری یەكیەتی و پێكەوە بوونی هێزە كوردستانیەكانە.

دۆستایەتیی ئەم حیزبە لەگەڵ دەروجیران هیچ كاتێك لەسەر زەربە لێدان و كەم كردنەوەی بەهای پارچەكانی دیكەی كوردستان نەبووە. بە داخەوە هەندێك حیزب و لایەن لە سۆنگەی كۆماری ئیسلامییەوە چاو لە حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكەن. ئەو بایەخەی كە لەلایەن حیزبەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ پارچەكانی دیكە و بە تایبەتی هەرێمی كوردستان دانراوە بە حیسابی لاوازیی و بێ‌ ئیرادەیی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی سەیری دەكەن. سیاسەتڤانانی كورد دەبێ‌ لە هەلومەرجی هەنووكەییدا بە چاوێكی ئاواڵا سەیری گۆڕانكارییەكان بكەن و نەكەونە ژێر كاریگەری و مودیریەتی كۆماری ئیسلامی كە بۆ پەرە پێدانی سیاسەتەكانی خۆی لە ناوچە لە هەموو تەرفەندەكان بۆ لاوازكردنی كورد كەڵك وەردەگرێ‌.

لە وەها هەلومەرجێكدا بەرچاو گرتنی هاوسۆزی و هەستی نەتەوایەتیی رۆژهەڵات بە حیسابی كۆماری ئیسلامی و دڵسۆزی ئەوان نیشاندەرە.

خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات لە بۆنە و موناسیبەتەكان، یان پشتگیری لە پارچەكانی دیكە لە كاتی بەرزكردنەوەی دروشمەكان پێویستە بە چاوێكی كراوە سەیری هەر چەشنە گۆڕانكاریەك بكەن زۆر جار دەست و پێوەندیەكانی كۆماری ئیسلامی بە ئامانجی تایبەتیی خۆیان لە نێو خۆپیشاندانەكان دروشمی دیاریكراو ئەدەن، بەرز دەكەنەوە رێگەدان بۆ وتنەوەی ئەو دروشمانە دژی هەر لایەنێك لەلایەن كۆماری ئیسلامیەوە مەبەستی تایبەتیی خۆی هەیە، كاتێك بۆ پشتگیری لە كۆبانێ‌ رێگا بە خۆپیشاندان دەدا و داوا دەكەن دژی توركیە دروشم بەرز بكرێتەوە، دەبێ‌ بیر لەوە بكەینەوە كە بەشار ئەسەد بە درێژایی چەندین ساڵ كوردی لە رۆژئاوا ژینۆساید كردووە و هەنووكەش دەست لە دەسەڵات هەڵناگرێ‌. دەبێ‌ لە خۆمان پرسیار بكەین بۆ لەو خۆپیشاندانە هیچ ئاماژەیەك بە بەشار ئەسەد نەكرا؟ پێویستە بیر لەوە بكەینەوە كە ئایا لەو هەل و دەرفەتانە كە دەستمان دەكەون، بێ‌ دەنگ بین، یان دەبێ‌ دروشمی ئێمە بە گشتی دژی داگیركەرانی كوردستان بێ‌.

با هەموومان پێكەوە ساڵڕۆژی لە دایك بوونی پێشمەرگە لە كوردستان بكەین بە دروشمی پراكتیكی بۆ یەكریزیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هەتا هاوسەنگی هێز لەم دەڤەرەی كورستان كاریگەریی لە سەر گۆڕانكارییەكان، كاریگەرتر بێ‌. رێژیمی كۆماری ئیسلامی چیدیكە ژێستی كاراكتەرێكی ئاشتیخواز، كورددۆست نەگرێ‌ و ئێرانیش وەك وڵاتێكی بێ‌ كێشە و ئارام و سەقامگیر لە بیروڕای گشتی پیشان نەدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە