کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارش ساڵح: دامەزراندنی ئێرانێکی فێدراڵ، سێکۆلار و دێموکرات تەنیا رێکار بۆ خەڵکی ئێرانە

14:12 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکا، لەگەڵ یاریدەری رۆبێرت پیتینگەر، ئەندام کۆنگرەی ئامریکا چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٨ی سەماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، لەگەڵ کارۆلاین باربی یاریدەری ئەندام کۆنگرە، رۆبێرت پیتینگەر کۆ بووەوە.

لەم کۆبوونەوەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی: خواستی نەتەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی فێدراڵ، سێکۆلار و دێموکرات تەنیا رێگاێکە کە نە تەنیا خەڵکی ئێران بەڵکوو ناوچە و دنیا دەتوانن سوودی لێوەرگرن؛ لەبەر ئەوەیکە دابەشکردنی دەسەڵات لە ئێراندا تەنیا رێگاێکە کە مێکانیزمی تایبەت لە ناو خودی ئێران دادەمزرێنێت بۆ پێشگرتن بە ئێران بۆ گەیشتنی بە چەکی ناوکی.

هەروەها، لەلایەکی دیکەوە و بە پێچەوانەی رێژیمی ئیسلامی، نەتەوەکانی ئێران خوازیاری ناوچەیەکی سەقامگیر و دێموکراتن لەبەر ئەوەی دێموکراسی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەتوانێت یارمەتی بدات بەو نەتەوانە کە بتوانن لە بواری کەلتووری و ئابووریەوە گەشە بکەن.

ئارش ساڵح هەروەها وتی: نەتەوەکانی ئێران زۆر نیگەرانن لەوەی کە ئێران پۆتانسیێلی گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکۆژی هەبێت، لەبەر ئەوەی مێژوو نیشانی داوە کە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بێ هیچ چەشنە سڵ کردنێک، ئامادەن کە ئەو چەکانە بەرامبەر بە نەتەوە بندەستەکان بەکار بێنن، بۆ وێنە عێراق چەکی شیمیایی لە هەڵەبجە بەکار هێناوە و ئێران ماوەی یەک مانگ لە سەرەتاکانی رێژیمی ئێسلامیدا بە تەواوی هێزیەوە شاری سنەی خستۆتە ژێر بوردومانی قورس و ژن و منداڵ و پیر لاوی لەو شارە بە کوشتن داوە. بۆیە پێش هەرکەسێک ئەوە نەتەوەکانی ئێرانن کە نیگەرانی ئەوەن کە ئێران دەستی بگات بە چەکی ناوەکی یان هەر چەشنە چەکی کۆمەڵ کۆژێکیتر.

لە درێژە دا نوێنەری حیزب ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لەم هەلوومەرجەدا دەنگی جیاواز لە گۆشە و کەناری دنیاوە بە تایبەت لە ئەمریکاوە بۆ پشتیوانی کردنی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانیتری ئێران هەڵبێنێت. هەرچەشنە دەنگ هەڵبڕینێک بۆ پشتیوانی ئەو جوڵانەوەیە و لە مەحکووم کردنی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەتوانێت دڵگەرمیێکی بەهێز بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ لە ئێراندا خەریکن بە هەموو هێزی خۆیانەوە لە بەرامبەر دیکتاتۆرەوە بەرگری دەکەن و لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی تێدەکۆشن.

لە کۆتاییدا کارۆلاین باربی وتی کە ئەندام کۆنگرە، پیتینگەر هەمووکاتێک لە بەرامبەر کێشەکانی ناو ئێران هەستیار بووە و بە وردی بە دوای کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە چووە، هەروەها وتی لە داهاتووشدا زۆرتر گرینگی بە کێشەکانی نەتەوەکانی ئێران دەدرێت بۆیە پێویستە لەو بوارەدا ئەم چەشنە پەیوەندییانە بەردەوام بێت.