کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست و دووهەمین رۆژی مانگرتن لە خواردن/ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو بەرینتر بوو

20:56 - 20 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا مانگرتن لە درێژەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، ١٦ ناوەندی مەدەنی و مافی مرۆڤ و هەروەها دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی پاڵپشتیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسیی کورد دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٢٢ـەمین رۆژی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە، تێپەڕ دەبێت.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە زیندانی ئورمیە لە بەردەم دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن ١٦ ناوەندی مافی مرۆڤ و مەدەنی دەرکرابوو، لە زیندانیانی سیاسیی کورد پشتیوانی کرا.

فیدرواسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لقی کوردستان، سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان، رێکخراوی پەنابەرانی ئیرانی لە عێراق، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوی ئۆتیزم، دەستەی دۆندرۆم، یەکیەتیی کەمئەندامانی کوردستان، رێکخراوی سی اس ئای، رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی کوردستان، رێکخراوی سی یۆچر، رێکخراوی هاوار، رێکخراوی مرۆڤدۆست، رێکخراوی داکۆکی لە ماف و مافپەروەری، رێکخراوی VOP، گرووپی هانا، فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی لقی سلێمانی و کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان واژاۆکارانی ئەو بەیاننامەیە بوون.

هەر لەم کۆبوونەویەدا، بەرپرسی دەفتەری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی پەیامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کە تیایدا باس لە پشتیوانیی پەرلەمان لە زیندانیانی مانگرتوو کرابوو، پێشکەشکرد.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکار لە پارکی لالەی تاران بەڕێوەچوو چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی دانیشتووی تاران پشتیوانییان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە دەربڕی.

لەو پێوەندییەدا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کاتێکدا کە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە ٢١ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بنەماڵەی ئەو زیندانیانە بەهۆی وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان بە داواکاریی زیندانیان کە لە تەواوی مافی خۆیان بێبەشن، لە بەردەم دادگوستەری رێژیمی ئێران لە ئورمیە کۆبوونەوە.

هەروەها،رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ خوێندکارانی بەشی یاسا لە پەیمانگای تێکنیکیی شاری کۆیە لە کوردستانی باشوور بۆ رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و دژایەتی کردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و هەروەها پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، بە دەستپێشخەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکیان بەڕیوەبرد.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوەتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لانیکەم ٣٠ کەس لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە (دەریا) بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کردار و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.