کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان سێمینارێک لە شاری ئێسکیلستونای سوید بەڕێوەچوو

16:18 - 25 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ئێسکیلستونای سوێد بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان سێمینارێکی بەڕێوەبرد.

 بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئێسکیلستونای سوید، بۆ ڕێز گرتن لە خەبات وتێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد و کوردستان، لە هۆلی ئا بێ ئفی ئەو شارە، بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری سترێنگنس و ڤێسترۆس و هەروەها بە بەشداریی مەلا موحەممەد جوانڕۆیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شوعی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسیی و ڕۆشنبیر، سێمینارێک بەرێوەچوو.

سەرەتا مەندانە کاکایی بەخێرهاتنی لە میوانان کرد و پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگەی کرد و دواتر  بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان سێمینارەکە دەستی پێکرد.

پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە یەکەم پەیام بوو کە لەلایەن حەبیب بەهرامی بەرپەرسی کۆمیتەی حیزب خوێندرایەوە.

حەبیب بەهرامی لە پەیامەکەیدا وتی: ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، رۆژی رێزگرتن لە خەبات و تێکوشانی رۆلە فیداکارەکانی گەلی کوردە، رۆژی وەبیرهینەرەوەی هەزاران عەمەلیاتی قارەمانانە و فیداکاریی رۆلە نەبەز و پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکانی کوردە کە بە ئازایەتی و نەترسیی خۆیان، پرسی خۆڕاگریی کوردیان گەیاندوەتە هەموو جیهان.

بەهرامی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا رایگەیاند پێشمەرگە ناسنامەی گەلێکی مەزڵووم و ستەم دیدەیە کە بە کەمترین ئیمکانات بە گژ  هێزی جەهلی داگیرکەرانی کوردستاندا چووەتەوە.

پێشمەرگە ئەو مرۆڤە نیشتمانپەروەریە کە لە سەنگەری بەرگری لە خاک و نەتەوەدا، بوێرانە بەرگری دەکات و قارەمانانە  گیانی فیدای ئازادی گەل و نیشتمان دەکات.

دواتر محەممەد جوانڕۆیی ناسراوە بە ئەبوو تارا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شوعی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد. محەممەد جوانڕۆیی لە وتارەکەیدا باسی مێژووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خۆڕاگری و بەخۆردانی گەلەکەمان لە سەرجەم بەشەکان و بەتایبەت رؤژهەڵاتی کوردستان کرد و لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی پرشنگدار و پڕ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تێکۆشانی بێوچانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مێژووی بزافی رزگاری خوازی گەلی کورددا کرد.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا ناوبراو ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دواییانە و هاتنی داعش و یەکڕیزی هێزە کوردیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان کرد و لەو پەیوەندییەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هیوای خواست کە بتوانین هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی کوردستان و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان بدەن.

پاشان ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوە پەیامیان خوێندەوە:

پەیامی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لەلایەن محەممەد ئەحمەدی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە لە وڵاتی سوید.

پەیامی ناوەندی یەکیەتی کوردانی گشتی وڵاتی سوید لەلایەن هێرش بەهرەمەند.

پەیامی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە شاری ئێسکیلستونا
 
بەشی دووهەمی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ لە ستۆکهۆڵم،  ئەحمەدی باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر پێشمەرگە پێشکەش کرد و روڵی پێشمەرگەی وەک هێزێکی پارێزگاریکەر لە خاک و نیشتمان وەسف کرد کە جگە لە پێشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێ ئەو شوێنە بگرێتەوە، پێشمەرگە توانیویەتی گەورەترین بۆشایی پڕ کاتەوە.

هەر لە درێژەی باسەکەدا ناوبراو وتی: ئەمڕۆ پێشمەرگە یەکەم هێزە لە ناوچەکەدا کە توانیویەتی بەرنگاری گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی و سەرسەخت‌ترین دوژمنی مرۆڤایەتی بێتەوە.

ئیدریس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر خەباتی چەکداری گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و باسی گۆڕانکارییەکانی ئێستای کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام داعش کرد و خەتەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و داعشی وەک یەک لە ناوچەکەدا وەسف کرد.