کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکانی بەردەوامی هێزەکانی بەشار ئەسەد و داوای راشکاوانەی یارمەتی لە رێژیمی ئێران

15:42 - 27 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: دوای پاشەکشە و شکانی بەردەوام هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە شەڕەکانی ئەم دواییانەدا، سەرۆک وەزیری رێژیمی بەشار ئەسەد لە رێژیمی ئێران بۆ پێشگیری لەو رەوتە، داوای یارمەتیی ئابووری و نیزامی زیاتری لە رێژیمی ئێران کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی دویچە‌ولە، هێزەکانی رێژیمی بەشارئەسەد جێگیر لە باکووری رۆژئاوای ئەم وڵاتە، لە تێکهەڵچوونەکانی چەند رۆژی رابردوودا، چەند بنکەی گرینگیان لە دەست داوە و١٢٠ کەس لەو هێزانە لە بنکەی ئەرتەشی وادی الزەیف لەلایەن هێزەکانی بەرەی نوسرەت بە دیل گیراون.

هەروەها لەم شەڕانەدا لانیکەم سەد کەس لە هێزەکانی ئەسەد کوژراون و بنکەی ئیستراتیژیکی وادی الزەیفیش کەوتووەتە ژێردەستی گرووپە ئیسلامیە توندرەوەکانی دژی بەشار ئەسەد.

پاش ئەم تێکهەڵچوونانە و پاشەکشە و تێشکانی بەردەوامی هیزەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆک وەزیری رێژیمی بەشار ئەسەد سەردانی تارانی کرد و بۆ مانەوە و سەقامگیر بوونی بەشار ئەسەد، داوای یارمەتیی ئابووری و نیزامی زیاتری لە رێژیمی ئێران کرد.

رووسیە و ئێران وەک دوو پشتیوانی سەرەکیی بەشار ئەسەد لە شەڕەکانی ناو خۆی سووریە لە قەڵەم دەدرێن.