کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی کوردستان

19:27 - 27 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد، هێزە ئەمنییەتیەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە سنە، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکدا هەواڵی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دۆڵاوی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنەی بڵاو کردەوە.

ئەم سەرچاوەیە، شوناسی ئەم هاووڵاتییە کوردەی کە پاش دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێڕان بۆ شوێنی نادیار گوازراوەتەوە، فەرشید دۆڵابی کوڕی عەبدولخالق، رایگەیاندووە.

دەوترێت کە فەرشید دۆڵابی بە هۆی چالاکی لە بواری مافی مرۆڤ خرابووە ژێر چاوەدێری کە چەند رۆژ لەمەوبەر بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات دەستبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە کوردە و شوێنی راگرتنی وەبەر دەست نەکەوتووە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکان، لە ماوەی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاویدا، لانیکەم ٣٥هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون و لە چارە نووسیان هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.