کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

14:28 - 15 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: چالاکێکی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیبراهیم قەدیری چالاکی مەزهەبیی کورد لە دادگای ئینقلابی مەهابادە بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و بۆ تێپەڕ کردنی حوکمەکەی بۆ زیندان راگوێزرا.

تۆمەتی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە چالاکیی مەزهەبی و پشتیوانی لە زیندانیانی مەزهەبیی بەندکراو لە زیندانی رەجایی شار راگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە سەرەتای ئەمساڵدا لە شاری مەهاباد لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئیبراهیم قەدیری پێشتریش لە مانگی رەشەممەی ١٣٨٩ی هەتاویدا، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەدوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا و لە زیندانی رەجایی شار حوکمەکەی تێپەڕ کردووە.

لە درێژی پێشێلکاری مافی مرۆڤی کەمایەتییە ئایینی و ئیتنیکییەکان لە ئێران و بە تایبەت چالاکانی مەزهەبیی سوننی کوردستان، حوسێن ئیبراهیمی، ئەندامی مەکتەبی قورئان لە نزییکی گوندی ئاختەتەر سەربە بۆکان، لەلایەن مەئموورانی لیباس شەخسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە کەوتووەتە بەر لێدان و دواتر رفێندراوە.

شۆرای بەڕێوبەری مەکتەبی ئایینی رایگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش گواستنەوە بۆ گرتنگە، دوای ٣ کاتژمێر ئەشکەنجە و لێپێچینەوە بە چاوی داپۆشراو لە شەقامی ئومیدی بۆکان بەردراوە.

چەند رۆژ پێشتریش، فواد شەوکەتییان، وریا خوسرەوی و مەجید رەحمانی سێ ئەندامی مەکتەبی قورئان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و بانە بانگهێشت کراون و لێپێچینەوەیان لێکراوە.
درێژەی شەپۆلی سەرکوت‌کردن و پێشێلکاری مافی مرۆڤی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێران لە حالێکدایە کە یەک ساڵ پێشتر، حەسەن رۆحانی بە بەڵێنی باش بوونی دۆخی مافی مرۆڤی نەتەوە بندەستەکانی ئێران کورسی سەرکۆماری بەدەست هێنا.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرتای ئەمساڵدا، ٨٣٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە بانگهێشت، دەسبەسەر و حوکم دراون.