کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە ناوەندی ٣ی کوردستان

16:16 - 4 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بە بەشداریی ئەندامانی ریبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ناوەندی ٣ی کوردستان و میوانان، رێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٦٩ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەرز راگیڕا.

ئەو رێوەڕەسمە بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، مەسعوود تەک، سکرتێری گشتیی پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور، ئەندامانی ناوەندی ٣ی کوردستان، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها میوانان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودێکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن گرووپی هونەریی بەشی پەروەردەی ناوەندی ٣ی کوردستان بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات، لەژێر ناوی بژی هەر کورد و کوردستان پێشکەش کرا.

لە درێژەی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ناوەندی ٣ی کوردستاندا، ژینا موكەڕەم پارچە شێعرێکی لەژێر ناوی چوارچرا خوێندەوە.

دواتر زەکیە سدقی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی کۆمیتەی ئەو یەکیەتییە لە ناوەندی ٣ی کوردستان، پەیامی هاوبەشی یەکیەتیەکانی ژنان و لاوانی پێشکەش کرد.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمەوە رایگەیاند کە لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی بەرز راگرتنی دامەزرانی کۆماری کوردستان، سەرکەوتوانی پیشانگای نەقاشیی ناوەندی نێرگز کە لە ماوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە رێکەوتی ١ و ٢ی رێبەندان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بە ڕێوەچووبوو، رێزیان لێ گیرا.

لە بەشێكێ دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا حیکمەت نەبی زادە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پارچە شێعرێکی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

لە بەشی کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی دایە هەرە جەنگی لەلایەن گرووپی هونەری بەشی پەروەردەی ناوەندی ٣ی کوردستان ئامادە کرابوو کە بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

ئاویەر. ت