کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەنووسی ئاشکراکەری مەرگی گوماناویی نیسمان بە هۆی مەترسیی گیانییەوە وڵاتەکەی بەجێهێشت

14:27 - 6 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دامیان پاختێر رۆژنامەنووسی ئارژانتینی کە مەرگی گوماناوی دادوەری دۆسیەی تەقینەوەی ئامیای ئاشکرا کرد، بەهۆی مەترسیی گیانییەوە وڵاتەکەی بەجێهێشت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، دامیان پاختێر رۆژنامەنووسی ئارژانتینی کە رۆژی یەکشەممە‌ی حەفتەی رابردوو هەواڵی کوژرانی دادوەر ئالبێرتۆ نیسمانـی بڵاو کردەوە بە هۆی مەترسیی گیانیـەوە، وڵاتی ئارژانتینی بەجێهێشت.

راپۆرتەکان لە زاری دامیان پاختێرـەوە رایگەیاندووە کە پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەرگی گوماناوی کەسانێك وەدوای دەکەون و تەلەفۆنەکانی شنوود دەکردرا، بۆیە بە ناچاری و لە بەر پاراستنی گیانی خۆی، ئارژانتینی بەجێ هێشتووە و گەییشتووەتە وڵاتی ئۆرۆگۆئە.

دادوەرەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ئامیا ، سەرکۆماری ئارژانتین، کریستیان فێرناندێزی بەوە تاوانبار کردبوو کە لە سەردەمی سەرکۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاد دەستی لە شاردنەوەی رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستی ئامیادا هەبووە بەڵام فێرناندێز رایگەیاندووە کە ئەوە پیلانێکی گەورەیە کە دژی ئەو و دەوڵەتەکەی داڕێژراوە.

ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی ئامیا کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین لە ئەستۆ بوو، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە رێبەرانی رێژیمی ئیسلامیی وەک موحسێن رەزایی، عەلی ئەکبەرهاشمیی رەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و سەردار ئەحمەد وەحیدی لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) کرد بوو.
ئەم دادوەرە، سەرکۆماری ئارژانتین، کریستیان فێرناندێز و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتەی، هێکتور تیمەرمەنی تاوانبار کردبوو کە لە بەرانبەرمامەڵەی نەوتی لەگەڵ رێژیمی ئێران و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم رێژیمە، رێکەوتنی لەگەڵ رێژیمی ئێران کردووە و لە هەوڵی ئەوە دانە کە رۆڵی رێژیمی ئێران لەگەڵ حیزبووڵـڵای لوبنان کە ئەم کردەوە تێرۆریستییەیان ئەنجام داوە، بیشارنەوە.
سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئارژانتین هەروەها لەلایەن دادوەر نیسمان تاوانبار کرابوون کە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە حوکمی دەستبەسەرکردنی ٥ کەس لە کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە دەستیان لەو کردەوەی تێرۆریستیی بۆئنێس ئایرێسدا بووە، هەڵوەشێننەوە.

لەو پەیوەندییەدا ئامریکا دوای کردووە کە سەبارەت بە مەرگی گوماناوی ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری ئارژانتینی کە دەوڵەتی ئارژانتینی بە چاوپۆشی لە رۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی جوولەکەکان لەم وڵاتە تاوانبار کردبوو، لێکۆڵینەوەی تەواو و بێ لایەن بکرێت.
سێناتۆر باب مێنێندێز، جیگری کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوی سێنای ئامریکا داوای کرد کە لێکۆڵینەوەکانی دادوەری ئارژانتینی دەبێ درێژەی پێ بدرێت و پاشان بڵاو بکرێتەوە.

لەو پەیوەندییەدا ئەد رۆیس سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا داوای لە وڵاتی ئامریکا کرد هەتا بۆ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی تەواو و بێ لایەن سەبارەت بە کوژرانی ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری ئارژانتینی گوشار بێنێت و هەروەها خوازیاری لێکۆڵینەوەی ململانێی نێوان رێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئارژانتینی سەبارەت بە چاوپۆشی دۆسیەی تەقینەوەی ١٩٩٤ی زایینی بۆئنێس ئایرێسی کرد.

هەروەها لائۆرا ئالۆنزۆ و فێدریکۆ پیندۆ لە پارلمانتارانی ئارژانتینی لە وتووێژێکدا رایانگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستی ناوەندی جوولەکەکاندا رۆڵی هەبووە و لە نێوان ئارژانتین و رێژیمی ئێراندا رێکەوتن کراوە کە چاوپۆشی لەو کردەوە تێرۆریستییە بکەن.

تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین ئەو کردەوەی تێرۆریستییەیە کە رێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی، کە لەو رووداوەدا ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش ئەم رووداوە تێرۆریستییە، رێژیمی ئێران ٣ جار لەلایەن دەوڵەتی ئارژانتین بە تۆمەتی دەستێوەردان لەو رووداوە مەحکووم کراوە.

پاش ١٣ ساڵ لەم رووداوە تێرۆریستییەی ئامیا، دادوەری گشتی ئارژانتین خوازیاری حوکمی دەستبەسەرکردنی ٩ کەس وەک عەلی‌ئەکبەری هاشمیی رەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لەلایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بڕایەوە و ئینتێرپۆلیش ٦ کەس لەم کەسانەی وەک عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی کاتی رێژیمی ئیسلامی)، موحسێن رەزایی (فەرماندەی کاتی گشتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدرەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، موحسێن رەبانی (راوێژکاری فەرهەنگی پێشووی باڵوێزخانەی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عوماد مەغنییە (بەرپرسی کاتی ستادی ئوپراسیۆنی تایبەتی حیزبۆڵـڵای لوبنان)حوکمی دەستبەسەرکردنی دەرکردن.

گادەر.د