کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ پەنابەرێکی کورد مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی لەسەرە

15:00 - 27 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: چالاکێکی سیاسیی خەڵکی شاری ئورمیەی کوردستانی ئێران، پاش نزیک بە ٦ ساڵ، داوای پەنارییەکەی لە وڵاتی نۆروێژ رەت کرایەوە و هەڕەشەی دیپۆرتی لەسەرە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ساڵ پێش حەمید عەبدیلی‌پوور کوڕی ڕەشید ، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئورمیەوە بە ١٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاست‌بوونەوەی حوکمەکەی بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت و ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە وڵاتی نۆروێژ داوای مافی پەنابەریی کرد.

بە پێی راپۆرتی گەییشتوو، پاش ئەوەی کە حەمید بەناچاری زێدی خۆی بە جێ هێشتووە و رووی لە هەندەران کردوە، دادگا حوکمەکەی لە ١٥ ساڵەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی بەرز کردەوە.

ئەم راپۆرتە باس لەوەدەکات کە بەڵگەی فەرمیی هەردوو حوکمی دادگا رادەستی باڵویزخانەی نۆرێژ لە تاران دراون.

سەرەڕای بوونی ئەو بەڵگە فەرمیانە و پشتیوانیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، حەمید عەبدیلی‌پوور لە وڵامی داواکەیدا بۆ پەنابەرێتی لە وڵاتی نۆروێژ، وڵامی نـەی وەرگرتووە و ئێستاش پۆلیسی نۆروێژ دەیهەوێ بە پێی یاساکانی پەنابەریی ئەو وڵاتە مەجالی مانەوەی زیاتر بە ئەو چالاکە سیاسییە کوردە نەدات.

حەمید عەبدیلی‌پوور لە کوردستانی ئێراندا یەکێک لە ئەندامە چالاک و هەڵسووڕەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، هەروەها لە بنەماڵەکەی ناوبراودا، ٣ پێشمەرگە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا شەهید کراون و گیانی خۆیان بەختی ئازادیی کوردستان کردووە.

ئاویەر.ت