کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی خوێندکاریی کورد بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرا

20:48 - 28 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد، چالاکێکی خوێندکاری بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئاسۆ عەزیزی خوێندکاری پێشووی لقی خوێندنی علومی سیاسیی زانکۆی پەیامی نووری مەهاباد و چالاکانی خوێندکاری کورد لەلایەن دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامی لە مەهاباد بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو چالاکە خوێندکارییە لەلایەن کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە زاری برای ئاسۆ چالاکیی سیاسی راگەیەندراوە.

هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، رێکەوتی ١٨ سەرماوەزی ئەمساڵ هێرشیان کردووەتەوە سەر شوێنی کاری ئاسۆ عەزیزی و سەرەڕای زەوتکردنی کەرەستەی شەخسی و کامپیۆتێرەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەو چالاکە خوێندکاریە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان، دوای نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی ئازاد کراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ئاسۆ عەزیزی لە چالاکانی بواری ژینگە بووە و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی چالاکی کەمپەینی کۆبانی تەنیا نییە و لەوێدا رۆڵێکی بەرچاوی لە کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ ئاوارەکانی شنگال و کۆبانی هەبووە.

ئاویەر. ت